هاشمی پێش تیرۆر کردنى باسى لەکێشەکانى میلیشیاکان کردووە
دوایین توێژینەوەى شارەزا ئەمنییە عێراقییەکەى کەئێوارەى دووشەممە لەبەردەم ماڵەکەى خۆی تیرۆر کرا، چەندین زانیاریی گرنگی لەبارەى کێشەو ناکۆکییە ناوخۆییەکانى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لەخۆ گرتووە، هاوکات ئاماژەى بەهەڵسوکەوتى بەشێک لەو گرووپە چەکدارانەش کردووە، کە لەلایەن رژێمى ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن.
هیشام هاشمی، توێژەرو پسپۆڕی کاروبارى ئەمنى و گرووپە چەکدارەکان، دواى ئەوەى لەبەرنامەیەکى کەناڵێکى ئاسمانى دەگەرێتەوە لەنزیک ماڵەکەى خۆى لەناوچەى زەیونە لەرۆژهەڵاتى بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەدەمانچەى بێدەنگ دەکورژێت.
لەدوایین توێژینەوەکەى خۆیشیدا هاشمی تیشکی خستۆتە سەر کێشەى دوو ڕەوتى نێو حەشدی شەعبی کەلەرووى فیقهیەوە جیاوازن، کەیەکەمیان بەسەرۆکایەتى ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆکى کەتائیبی حزبوڵلای عێراقی، کەسەرەتاى ئەمساڵ لەنزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپای قودس کوژران، رابەریان عەلى خامەنەئی، رابەرى باڵاى ئێرانە.
ئەویتریش سەرجەم ئەو گرووپانەیە کە لەلایەن گەورە مەرجەعی شیعەکانى عێراق عەلى سیستانی لەشارى نەجەف رابەرایەتى دەکرێن.
توێژینەوەکەى ئەو توێژەرە تیرۆر کراوەش بەناونیشانى ” کێشە ناوخۆییەکانى دەستەى حەشدی شەعبی” بووەو، لەلایەن ناوەندی دروستکردنى توێژینەوەى نێودەوڵەتى و ستراتیژی لە ١ تەمموزی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
لەبەشێکى توێژینەوەکەدا هاتووە ” ململانێیەک رۆژ لەدواى رۆژ لەنێوان (گرووپەى جەنگی عەباس)، کەسەر بەمەزارگەی عەباسییەو، سیستانى مەرجەعیەتى و، لەنێوان دەستەى سەرەکی بەتایبەت فەرماندە لایەنگرەکانى نێو حەشد گەورەتر دەبێت”.
باسى لەوەشکردووە ” لەشوباتى ٢٠١٨ کێشەى نێوان هەردوو لایەن گەورەتر بووە، تا گەیشتە ئەوەى موهەندیس، جێگرى ئەوکاتەى سەرۆکى حەشد، زنجیرەیەک بڕیارى تووند بۆ بەرتەسک کردنى سەرچاوەى دارایی و کارگێری دژى گرووپەکانى نزیک لەنەجەف دەردەکات”.
پاش تیرۆر کردنى هاشمی، دەستبەجێ پەنجەى تومەت ئاراستەى کەتیبەکانی حزبوڵلای عێراقی کراوە، بەگووتەى یەکێک لەهاوڕێ نزیکەکانى ئەو توێژەرە، نامە ئاڵوگۆراوەکانى دەستبەجێ ئاشکرا کردووە، کە پێش چەند رۆژێک هەڕەشەى تیرۆر کردنیان لێکردبوو.
هاشمی، لەتوێژینەوەکەى پشتى بەچەند فەرماندەیەکى گرووپە نزیکەکانى سیستانى بەستووە، کە گومانیان لەپارەدار کردنى “جەنگاوەرە گەڕاوەکانى سووریا” هەبووە، وەک هێزەکانى “نوجەبا، کەتائیبی حزبوڵلا، بەدری خوراسانى”، کەچەندین ساڵە بەپاڵپشتى ئێران لەچەند ناوچەیەکى سووریا پاڵپشتى رژێمەکەى بەشار ئەسەد دەکەن و، سوود لەبوودجەى حەشدی شەعبی و خەزێنەى عێراق وەردەگرن.
دووپاتیکردۆتەوە ” ئەو گرووپانە هیمایەکە بۆ پاوانخوازییە سەربازییەکانى ئێران لەعێراق”.
پێشبینى ئەوەشى کردووە ” ئەو کێشەو ململانێی و بەرژەوەندییە جیاوازەکان و، زیادبوونى پۆستەکانى لایەنگرانى ئێران لەنێو حەشد، ئەو دەستەیە ئیفلیج بکات”.
دەشڵێت ” ئەبو فدک عەبدولعەزیز مەحمەداوی، فەرماندەى کەتائیبی حزبوڵلای عێراقی، رێگرە لەبەردەم یەکلایی کردنەوەى کێشەکانى نێو حەشد”.
هەرچەندە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بەڵێنى سزادانى تومەتباران داوە، بەڵام پێناچێت حکومەتى بەغدا هیچ توانایەکى بەرەنگاربوونەوەى هێزەکانى چەکی بێدەنگ هەبێت، بەتایبەت ئەوانەى لەلایەن تارانەوە راستەوخۆ پاڵپشتى و یارمەتی دەدرێن.