عێراق دەخرێتە لیستى ڕەشی ئەورۆپا

پ

وەزیرى دەرەوەى حکومەتى عێراق “بێئومیدی وڵاتەکەى” لەبڕیارێکى یەکێتى ئەورۆپا لەبارەى تۆمار کردنى عێراق لەلیستى ڕەشی سپیکردنەوەى پارەو پارەدارکردنى تیرۆر نیشانداوە.

کۆمیسیۆنى ئەورۆپا لەپاڵ عێراق، هەریەک لەئەفغانستان، پاکستان، سووریا، یەمەن و، ئێران و کۆریاى باکووریشى لەنێو لیستەکە ڕاگەیاندووە کەبەگووتەى خۆى ” مەترسیی داراییان لەسەر یەکێتى ئەورۆپا هەیەو، کەمتەرخەمن لەبەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارەو پارەدارکردنى تیرۆر”.

راشیانگەیاندووە ” ئەو وڵاتانە مەترسییەکى گەورە لەسەر سیستەمى دارایی یەکێتیەکە دروست دەکات”.

تۆمارکردنەوەى بەغدا لەنێو لیستە ئەورۆپیەکە ئەگەرى ئەوە دەخاتەروو، کە کۆمەڵێک کۆت بخرێتە سەر گواستنەوەى پارە لەنێوان ئەو وڵاتە، جگە لەوەش قەیرانێکى گەورە بۆ وەبەرهێنەرە عێراقیی و ئەورۆپیەکان دروست دەبێت، کەخۆى لەبنەڕەتدا لەنێو ئاڵۆزییەکى دارایی دایە، کار بکەن.

فوئاد حوسێن، بیانووەکانى ئەو لێژنەیەى بڕیارەکەى لەبارەى عێراق داوە ڕەتکردۆتەوەو، هیماى بەوە کردووە ” دەسەڵاتدارە تایبەتمەندییەکانى عێراق لەماوەى دوو ساڵى رابردوو لەنزیکەوە کاریان لەسەر دابینکردنى زانیاری پێویست و، پەیوەندیدار داوە، بۆ ئەوەى خواستەکانى یەکێتى ئەورۆپا لەبەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەى پارەو پارەدارکردنى تیرۆر جێبەجێ بکات”.

ئەو وەزیرە ئاشکراشی کردووە ” زۆربەى زانیارییەکان لەرێگەى کەناڵە فەرمییەکانەوە پیشکەش کراون”.

ئەو کۆمپانیانەى دەیانەوێت وەبەرهێنان لەهەر وڵاتێکدا بکەن، زانیارییە دارایی و ئەمنییەکان لەحکومەتەکانیان وەردەگرن

هاوکات لەلایەن خۆیەوە سەلام روبەیعی، پسپۆڕی ئابوورى هیما بەوە دەکات ” لیستەکەى ئەورۆپا سزا نین، بەڵکو سەپاندنى کۆتە”، دەشڵێت ” بابەتى سپیکردنەوەى پارەو پارەدارکردنى تیرۆر، بابەتێکى هەستیارە بۆ سیستەمى جیهانى دارایی”.

گووتیشى ” کۆتە نوێیەکان واتا هەر حەواڵەکردنى دارایی بۆ عێراق و لەوێوەش بۆ دەرەوە، بەکۆمەڵێک زنجیرەى ووردو داواکردنى بەڵگەى شەرعیەتى ئەو پارەیە تێپەردەبێت، کەئەمەش پرۆسەى ڕەوانە کردنى پارەى پێویست بۆ پەرەپێدانى پرۆژە وەبەرهێنانیەکانی عێراق پەکدەخات”.

هەروەها مەزهەر ساڵح، راوێژکاری ئابوورى سەرۆک وەزیران و، گووتەبێژى بانکى ناوەندی عێراق ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک و هەڵوێستێک لەبارەى ئەو بابەتەوە بدرکێنن.

بەگووتەى حەسەن ئەسەدی، پسپۆڕی ئابوورى ” لەمەودوا حەواڵە کردنى پارە بۆ عێراق، دەچێتە ژێر بارى مەرجە زۆر قورس و بیروکراسییە زۆر تووندەکان، بەو هۆیەوەش تێچووى حەواڵەکردن و دڵنیایی بەرزتر دەکاتەوە”.

دووپاتیدەکاتەوە ” ئەو کۆمپانیانەى دەیانەوێت وەبەرهێنان لەهەر وڵاتێکدا بکەن، زانیارییە دارایی و ئەمنییەکان لەحکومەتەکانیان وەردەگرن، بەو پێیەش وەبەرهێنان لەعێراق ئەستەم دەبێت، ڕەنگە هەر نەکرێت، گەر هاتوو حکومەتەکانى یەکێتى ئەورۆپا رێنمایی کۆمپانیاکانى بکات”.

بەبۆچوونى ئەسەدی ” بابەتى بەرزکردنەوەى دراوی بانکى ناوەندی، یەکێک بێت لەهۆکارەکەى ریزبەندییەکەى ئەورۆپا، چونکە ئەو بانکانەى لەپرۆسەکە بەشدارن و، پارەیەکى زۆر حەواڵەى دەرەوەى عێراق دەکەن، کەئەمەش دەروازەیەکى گەورەى بابەتى سپیکردنەوەى پارەیە، بەتایبەت هەندێک لەبانکەکان هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش بەهاوڵاتیانى عێراقی ناکات، تەنها چالاکییەکانى لەقازانجی حەواڵەکردنە چڕ کردۆتەوە”.

رۆژانەش بانکى ناوەندی لەبەغدا بەبەهاى ملیۆنان دۆلاری ئەمەریکى، بەرزکردنەوەى ئاشکرا ئەنجامدەدات، تاوەکو لەو رێگەیەوە سەقامگیری بەهاى دۆلار بەرامبەر دراوی دیناری عێراق رابگرێت، نرخی فرۆشتنى دۆلاریش لەو بانکە بەبەراورد لەگەل نرخى بازاڕەکان جیاوازییەکى کەمیان هەیە.

بەردەوامیش ڕەخنە لەهەنگاوەکانى ئەو بانکە گیراوە، بەوەش تومەتبار کراوە کە ” درێژە بەنەهێشتنى یەدەگی دراوی بیانی دەدات، بۆ چوونە دەرەوەیان، هەروەها هانی پرۆسەى هاوردە کردن لەسەر حیسابی بەرهەمى ناوخۆیی دەدات”.

ئەسەدی ڕەخنەشی لەوەزیرى دەرەوە گرتووە، بەوەى سەری سوورماوەو، بەبیری هێنایەوە کە ” ملیارەها دۆلاری پارەى نەوتى عێراق لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لەبانکەکانى لوبنان دایەو، حکومەتى بەغدا هیچ زانیارییەکى لەسەر ئەو پرۆسەیە نیە، کەلەکاتێکدا بووە خوودی فوئاد حوسێن، ئەوکات وەزیرى دارایی بوون”.

عەلی عەلاوی، وەزیرى دارایی حکومەتەکەى مستەفا کازمی، سەرەڕاى کۆبوونەوەى لەگەڵ باڵیۆزانى یەکێتى ئەورۆپا، کە بەئەرێنى وەسفکردبوو، بڕیاریداوە لەسێ مانگی داهاتوو پلانێکى دارایی بۆ “چاکسازی ئابوورى گشتى عێراق” دەخەنەروو.