میلیشیاکان کاروانێکى مرۆیی دەکەنە ئامانج

پ

لەهەفتەیەک کەمتر بۆ دووهەمجار میلیشیایەکى عێراقی نزیک لەرژێمى ئێران، بەئامانجکردنى کاروانێکى لۆجیستی سوپای ئەمەریکا لەعێراق راگەیاندو، کۆمەڵێک وێنەی سووتاندنى ئۆتۆمبێلی کاروانەکەى بڵاوکردۆتەوە، بەبێ ئەوەى هیچ زانیارییەک لەلایەن وەزارەتى ناوخۆ یاخود بەرگرى حکومەتى بەغدا لەسەر ئەو رووداوە بڵاوبکرێنەوە.

هاوکات وەزارەتى بەرگرى ویلایەتە یەکگرتووەکان (پێنتاگۆن)ـیش بێئاگایی خۆى لەبەئامانجکردنى هیچ بەرژوەندییەکى لەعێراق نیشانداوە، گوایە لەلایەن میلیشیاکانەوە لەنزیک شاروچکەیەکى دیوانیە لەباشوورى عێراق کرابێتە ئامانج.

بەگووتەى میلیشیاکانى (ئەهل کەهف)، کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتى دەکرێت و، بەشێکە لەمیلیشیاکانى کەتیبەکانى حزبوڵلای عێراقی و، وەک پەردەیەک بۆ خۆدزینەوە لەبەرامبەر حکومەتى بەغدا لەسزادانیان دروستکراوە، هیمایان بەوە کردووە کاروانێکى لۆجیستی بۆ سوپای ئەمەریکا لەناوچەى سەڵاحەددین لەناوەڕاستى عێراق کردۆتە ئامانج.

لەراگەینراوێکى خۆیاندا ئاماژەیان بەوەشداوە ” کاروانێکى پاڵپشتى لۆجیستی گەورە، بەپاسەوانەکانیانەوە لەناوچەى مکێشیفەی پارێزگاى سەڵاحەددین تێکشکێنراون”، بەڵام لەوە زیاتر هیچ زانیارییەکى نەدرکاندووە.

بەڵام لایەنە فەرمی ونافەرمییەکانى بەغداو واشنتۆن ئەو رووداوەیان دووپات نەکردۆتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە شەممەى رابردوو هەمان گرووپ باسى لەوە دەکرد ” رێگرى لەژمارەیەک بارهەڵگری کەرستەى پاڵپشتى کردنی سوپای ئەمەریکا لەنێوان بەسڕاو دیوانیە لەباشوورى عێراق کردووەو، شۆفێرەکانیان دابەزاندووەو، کاروانەکانیان سووتاندووە”.

لەلایەن خۆیەوە گووتەبێژى پێنتاگۆن لەلایەن لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا جەختى لەوە کردەوە ” وەزارەتەکەیان هیچ زانیارییەکى لا نیە لەئەنجامدانى هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لەعێراق، بەتایبەت لەناوچەى دەوروبەرى دیوانیە”.

لەو نێوەندەشدا بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى ناوخۆی عێراق ئاشکراى کردووە ” هەر ئۆپەراسێۆنێکى گواستنەوەى کەرستەو، لۆجیستی هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەڕەزامەندی سوپاى عێراق دەبێت، گەر هاتوو رێگەى زەمینى بەکارهێناو، ئەمەش چەندین ساڵە پەیڕەو دەکرێت”.

بەگووتەى خۆى ” یەکەیەکى تایبەتى پاسەوانى سەرپەرشتى جموجۆڵى هێزە بیانیەکانى دەرەوەى سەربازگەکان دەکات، لەنێویاندا کۆمپانیا تایبەتیەکانى ئاسایش و، هیچ هێزێکیش بەبێ ئاگادارى عێراق ناجوڵێنەوە”.

دەشڵێت ” سەرجەم هێزە بیانیەکان بەهەموو ناسنامەکانیانەوە لەعێراق رێگەى زەمینى بەکارناهێنن، چونکە ڕەزامەندیی گواستنەوەى ئاسمانیان هەیە، هەر کەرستەیەکیان پێویست بێت چ لەوڵاتانى کەنداوەوە، یاخود تورکیا یانیش ئەردەن لەرێگەى فرۆکەى تایبەتیەوە دەبێت و، ئەوەى میلیشیاکانیش باسیان لێوە کردووە دوورە لەڕاستیەوە”.

سووریشە لەسەر ئەوەى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەهێرشەکەى مکێشیفیە و دیوانیە دەکەن، ئەوەى باشوورى عێراق دەرکەوتووە بارهەڵگرى کۆمپانیایەکى عێراقی بووەو، هیچ پەیوەندیی بەهێزە بیانیەکانەوە نەبووەو، ئەوەى سەڵاحەددینیش هاریکاریی مرۆیی بووە بۆ ئاوارەکانى رزگاربووی دەستى داعش”.

بڕیاریشە بەمنزیکانە راپۆرتێکى گشتگیر لەلایەن وەزارەتى ناوخۆیەوە دەربارەى هەردوو هێرشەکە بڵاوبکرێتەوە.