دێوەزمەى داعش بەسەر کۆمەڵگەى ئێزدی کۆتایی نەهاتووە
لەدوایین راپۆرتى خۆیدا ریکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى (ئەمنیستى)، هۆشداریی داوە لەبوونى “دوو هەزار منداڵى ئێزدی، پاش رزگار کردنیان لەدەستى گرووپی دەوڵەتى ئیسلامی، رووبەرووى قەیرانێکى تەندروستى جەستەیی و دەروونیی دەبنەوە”.
ئەو رێکخراوە کە لەچوارچێوەى راپۆرتێکدا بەناونیشانى (میراتی تیرۆر: قەیرانى منداڵە ئێزدییەکانى قوربانی دەوڵەتى ئیسلامی)، بڵاوکردۆتەوە، هیماى بەوە کردووە ” نزیکەى ١٩٩٢ منداڵ گەڕاونەتەوە باوەشى خێزانەکانیان پاش ئەوەى ئەو گرووپە رفاندبوونی و، پاش ئەشکەنجەدانیان ناچار کرابوون بەشداریی شەڕەکان بکەن”.
ئاشکراشی کردووە ” بەشێکیان لاقە کراون و، هەندێکى دیکەشیان رووبەرووى پێشێڵکاری دیکەى مەترسیداربوونەتەوە”.
گرووپی داعشى تیرۆریستى لەساڵانى نێوان ٢٠١٤ – ٢٠١٧، چەندین تاوانى جەنگ و، دژ بەمرۆڤایەتى ئەنجامداوەو، بەگووتەى نەتەوە یەکگرتووەکانیش “جینۆسایدی دژى کۆمەڵگەى ئێزدی لەهەرێمى کوردستان و عێراق ئەنجامداوە”.
راپۆرتەکەى ئەمنیستى جەخت لەوەش دەکاتەوە ” هێشتا کابووسی رابردوویان خەریکە لەناودەچێت، ئاستەنگییەکانی بەردەم ئەو منداڵانە کۆتایی نەهاتووە”.
داعش لە ٤ ئابی ٢٠١٤ لەپرێکدا هێرشێکى چەکداری گەورەى بۆ سەر شەنگال و، سەرجەم ئەو ناوچانەى ئێزدییەکانى تێدا نیشتەجێبوو ئەنجامداو، چەندین کەسى کوشت و، بەشێکى زۆریشى لەئافرەتان و کچانى ئەو پێکهاتە ئایینیە وەک کەنیزە دەستگیر کردو، بەسەر چەکدارانى دابەشى کردن.
ئەمنیستى گووتیشى ” لەساڵانى داهاتوو دەبێت ئەو منداڵانە، خزمەتی تەندروستى جەستەیی و دەروونی بکرێن، بۆ ئەوەى بەتەواوەتى لەگەڵ خێزان و کۆمەڵگەکانیان تێکەڵ ببنەوە”.
راپۆرتەکە پشتى بەیەکێک لەو منداڵانە بەستووە کە بەناچار کراوە لەلایەن داعشەوە شەڕی بۆ بکرێت، بەگووتەى خۆیشى ” لەتەمەنى ١٥ ساڵیدا ناچار کراوە، ئەگینا دەکوژرا”.
دەشڵێت ” پاش گەڕانەوەم، بەدواى کەسێک دەگەڕام گرنگیم پێبدات و، پاڵپشتیم بکات، و پێم بڵێت من لەبەر تۆ لێرەم، بەڵام کەسم نەدۆزیەوە”.
سەرەڕاى تێکشکاندنى خەلافەتەکەى داعشى تیرۆریست، کەلەسەر پانتاییەکى جوگرافی فراوان دروستى کردبوو، ژمارەیەکی زۆر کچان و ئافرەتانى ئێزدی بەکۆیلە کراو، چارەنووسیان دیار نیە.
بەشێک لەو کەنیزانەش بەهۆى لاقەى بەردەوامیی چەکدارانى ئەو گرووپە، منداڵیان بووە، بەشێکیان بێبەشکراون لەوەى بگەرێنرێنەوە نێو کۆمەڵگەى ئێزدی، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵاى رووحانی ئێزدی و، چوارچێوەى یاسایی عێراقدا خراونەتەروو، کە دەبێت تۆمار کردنى هەر منداڵێک بەناوی باوکێکى موسڵمان بێت.
بەو هۆیەوەش زۆربەى منداڵانی کەنیزە ئێزدییەکان باوکیان نیەو، هەموویان لەرێگەى لاقە کردنی دایکیانەوە لەدایکبوونە.
جەنان کچێکى تەمەن ٢٢ ساڵییەو، بەئەمنیستى گووت ” نەمویستووە لەو خەڵکە منداڵم بێت، ناچار کراوم کوڕم ببێت، داواش ناکەم کوڕەکەم بەباوکی شاد بێت، بەڵام دەمەوێت لەگەڵ منداڵەکەم بژیم”.
لەلایەن خۆیەوە مات وێڵز، ئەندامی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتیە دووپاتیکردۆتەوە ” ئەو ئافرەتانە رووبەرووی کۆیلایەتى و ئەشکەنجەو، لاقە کردن بوونەتەوە، نابێت رووبەرووى ئەشکەنجەى زیاتر ببنەوە”.
باسى لەوەشکرد ” دەبێت چانسى دووبارە نیشتەجێبوونەوەى نێودەوڵەتیان بۆ ئەنجامبدرێت، یاخود لەگەڵ منداڵەکانیان بەرەو وڵاتێکى دیکە بگوازرێنەوە، چونکە لەعێراق رووبەرووی مەترسییەکى گەورە دەبنەوە”.