بیانیەکان ناتوانن عێراقییەکان لەمیلیشیاکان بپارێزن
بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى (جیرۆزالیم پۆست)ـى ئیسرائیلی ” مەترسییەکانى میلیشیاکانى عێراق پاڵپشتی کراو لەلایەن ئێرانەوە، هەڕەشە لەکارمەندانى نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن”.
سیت فرانزمان، ئامادەکارى راپۆرتەکە هیماى بە ” هەڕەشەکانى نەسر شەمەری، گووتەبێژى بەناو میلیشیاکانى بزوتنەوەى نوجەبا کردووە، کە هاوشێوەى چەتە مافیاکانە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە شەمەری لەچەند رۆژى رابردوو لەرێگەى تویتێکەوە هۆشداری دایە جینین هینیس بلاسخارت، نێردەى تایبەتى ئەمینداری گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق و، پێی راگەیاند ” ڕاستگۆ بێت، ئەگینا جێی پێشوازی نابێت لەعێراق”.
بلاسخارت، لەماوەى رابردوو ئیدانەى تیرۆر کردنى هیشام هاشمی، شیکاری سیاسی عێراقی کردەوەو، بەکردەوەیەکی “ترسنوک وپرووپووچ” وەسفکردبوون و، داواشی لەحکومەتى بەغدا کردبوو، بەدواداچوون بکات و، تومەتبارانیش سزا بدات.
٢٧ تەمموزیش بەرپرسەکەى نەتەوە یەکگرتووەکان دڵتەنگی خۆی بۆ کردەوەى تووندوتیژی و بریندارانى خۆپێشاندەران نیشانداوە، کە لەلایەن میلیشیاو هێزە ئەمنییەکانەوە دژى مەدەنییەکان ئەنجامدراوە نیشانداوە.
چەند رۆژێکە بەهۆى پچڕانی تەزووی کارەبا لەزۆربەى شارەکانى باشوورى عێراق، خۆپێشاندان چەندین شارى گرتۆتەوەو، زۆربەى شارەکانى وەک بەسڕا، کەربەلاو، بابل، لەرێگەى سووتاندنى تایەى ئۆتۆمبێل، رێگاى سەرەکییەکانیانى شارەکانیان داخستووە.
پاش ئەو لێدوانەى بلاسخارت، بزوتنەوەى نوجەبا هەڕەشەى لەو نێردە نێودەوڵەتیە کردووەو، تومەتباری کردووە بەوەى راگەینراوێکى لەبەردەم ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لەبارەى ڕەوشى عێراق خوێندۆتەوە.
بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق ڕەتیکردەوە بەرپرسەکەى “راپۆرت یاخود ڕاگەینراوی لەو بارەیەوە پێشکەش کردووە”، بەڵکو دووپاتیکردەوە ” کە لەپشت خۆپێشاندەران دەوەستێت، لەداخوازی کردنى مافە یاساییەکانیان”.
فرانزمان جەخت لەوە دەکاتەوە ” ئەو گرووپانەى لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن، زۆر مڵهورتر بوونەو، بەردەوام هەڕەشە دەکەن، بەجۆرێک کەتیبەکانى حزبوڵلای عێراق و، گرووپەکانى هاوپەیمانی بەشێوەیەکى بەردەوام هێرش دەکەنە سەر هێزەکانى ئەمەریکا، جگە لەوەش رفاندنی چالاکوانی ئەڵمانی، جۆرێکە لەئەنجامدانى فشار بۆ سەر مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق”.
نووسەرى راپۆرتەکەى رۆژنامە ئیسرائیلیەکە دەشڵێت ” ئەو گرووپانە مەترسیدارن، ئەوان ئۆپەراسیۆنى رفاندن و تیرۆر کردن ئەنجامدەدەن، هاوشێوەى تیرۆر کردنى رەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانى پێشووترى لوبنان لەشوباتى ٢٠٠٥، کەحزبوڵلاو، گرووپە نزیکەکانى تومەتبار بوون لەو کردەوەیە”.
بەوەش کۆتایی بەراپۆرتەکەى هێناوە ” عێراقییەکان تکایان لەنەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەى پاڵپشتیان بکەن، بەڵام زۆربەیان نازانن بەوەى بیانیەکان ناتوانن لەمیلیشیاکان بیانپارێزن”.