بەتومەتى خۆپێشاندەران کازمی پەیامێکى بڵاوکردەوە

پ

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڵێنى داوە لێکۆڵینەوەیەکى گشتگیر لەکەیسى کوشتنى خۆپێشاندەران بکات، کە لەچەند رۆژى رابردوو بەدەستى هێزە ئەمنییەکان و، میلیشیا نزیکەکانى رژێمى ئێرانەوە کوژران.

لێدوانەکەى کازمی لەدواى ڕاگەینراوەکەى عوسمان غانمی، وەزیرى ناوخۆی حکومەتى بەغدا دێت، کەئاماژەى بە دەستگیر کردنى ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کردبوو و، تومەتى تەقە کردن لەهاوڵاتیان خرایە پاڵپان.

سەرۆک وەزیران لەپەیامێکدا کە لەهەژمارى تایبەتى خۆی لەتویتەر بڵاویکردەوە ڕایگەیاند ” بەڵێنمانداكەلەماوەی 72 كاتژمێردا ڕاستییەكانی ڕوداوەكەی گۆڕەپانی تەحریرئاشكرابكەین وكردمان”.

هیماى بەوەشداوە ” ئێمە سورین لەلێكۆڵینەوە لەو كەسانەی كە تێوەگلاون لەرشتنی خوێنی عێراقییەكان دوای راگەیاندنی لیستی شەهیدان”

کازمی لەبەشى دووهەمى تویتەکەى دووپاتیدەکاتەوە کە ” سەرپێچیكاران نوێنەرایەتی دامودەزگا ئەمنییەكان ناكات”.

غانمی لەلایەن خۆیەوە جەختى لەوەکردۆتەوە ” لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە هەردوو کوژراوەکە بەچەکی راوکردن پێکراون، دوو ئەفسەرو کارمەندێک بەشێوەیەکى شەخسی چەکی راوکردنى چەکی راوکردن دژى هاوڵاتیان بەکارهێناون”.

دووپاتیکردەوە ” تومەتەکان بەشێوەیەکى فەرمیی ئاراستەى هەرسێ کارمەندەکەى ئاسایش کراون و، ئێستاش لەبەردەم دادوەرى لێکۆڵینەوەن”.

وەزیرى ناوخۆ داواشى لەخۆپێشاندەران کردووە ” ئاشتەوایی ناڕەزاییەکان بپارێزن ، کەداواى چاکسازی و باشتر کردنى بژێویان دەکەن”.

لەچەند رۆژى رابردوو بەتایبەت لەرۆژانی شەممە بەدواوە، زۆربەى شارەکانى عێراق بەتایبەت بەغداو باشوور، بەهۆى نەبوونى تەزووی کارەباو، خراپی خزمەتگوزارییەکان خۆپێشاندان بەخۆیەوە دەبینێت.

لەشەوی یەکشەممەوە دووبارە گۆڕەپانى تەحریر لەناوەڕاستى بەغدا بووە گۆڕەپانى پێکدادانى تووند لەنێوان خۆپێشاندەران و، هێزەکانى بەڕەنگاربوونەوەى تووندوتیژی عێراقی، کەبەیەکەم پێکهەڵرژان لەنێوان ئەو دوو لایەنە لەدواى دەستبەکاربوونى کازمی لەپۆستەکەى دادەنرێت.

کوژرانى خۆپێشاندەرانیش هەمان رووداوەکانى چەند مانگی رابردوو بەتایبەت دواى رووداوەکانى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردووی بەبیر خەڵک هێنایەوە، کەتاوەکو ئێستا سەرووى ٧٠٠ کەس کوژران و، سەرووى ٣٠ هەزاریش لەخۆپێشاندەران بریندار بوون.

کازمی بەڵێنی ئەوەشداوە لێکۆڵینەوەیەکى گشتگیر لەکوشتن و زیندانی کردنى سەدان خۆپێشاندەری ماوەى رابردوو بکات، کەحکومەتى پێشووی ناچار کرد دەست لەکارکێشانەوە پێشکەش بکەن.

لەو بارەیەوەش هیشام داوود، راوێژکارى سەرۆک وەزیران ئاشکراى کرد ” حکومەت لەگەڵ سەرجەم کوژراوانى خۆپێشاندەران کەسیفەتى شەهیدیان پێبەخشراوەو، ژمارەیان ٥٦٠ کەسن و، خێزانەکانیان قەرەبوویەکى ١٠ ملیۆن دیناری (یەکسانە بە ٨٣٨٠ دۆلاری ئەمەریکی) دەکرێنەوە”.