ڕووسیا هەزاران ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەرهەم دەهێنێت

پ

حکومەتى رووسیا دووپاتیدەکاتەوە ” بەمنزیکانە  مانگانە دەتوانێت سەدان هەزار ڤاکسینى دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەم بهێنێت، لەگەڵ هاتنى ساڵى نوێش دەیگەیەنێتە ملیۆنەها ڤاکسین”.

دینیس مانتۆرۆڤ، وەزیرى بازرگانى حکومەتى مۆسکۆ رایگەیاند ” سێ کۆمپانیاى پزیشکی کارا، لەئەیلوولی داهاتوو دەتوانن ڤاکسینى پەرەپێدراوى ناوەندی نیکۆلای گامالیا بۆ زانستى ڤایرۆسی و زیندەوەرزانی مایکرۆسۆپی دابین بکەن”.

مانتۆرۆڤ بەئاژانسى تاسی رووسی گووت ” بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان لەمساڵەدا تواناى دابینکردنى سەدان هەزار ڤاکسینمان دەبێت، لەسەرەتاى ساڵى داهاتووش بۆ ملیۆنەها بەرز دەبنەوە”.

مۆسکۆ هاوشێوەى وڵاتانى دیکەى جیهان، کار لەسەر پەرەپێدانى چەندین ڤاکسینى تاقیکراوی دژە پەتاى کۆڤید ١٩ دەکات و، بەهەماهەنگی وەزارەتى بەرگرى ڤاکسینى گامالیا بەرهەمهێنراوە.

ڤاکسینى دووهەمیش لەلایەن ناوەندی ڤیکتۆریا بۆ توێژینەوە لەسیبیریا پەرەى پێدەدرێت و، چاوەڕوانیش دەکرێت ، یەکەم تاقیکردنەوەشى لەتشرینى یەکەمى ٢٠٢٠ ئەنجامبدرێت.

رووسیا دەبێتە چوار وڵات لەرووی بەرزبوونەوەى ژمارەى تووشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا، کەلەدواى ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەرازیل و، هیندستان هاتووە، ئارەزووی ئەوەشى هەیە، ببێتە یەکەم وڵاتى بەرهەمهێنەرى دژە ڤایرۆسەکە، بەبێ ئەوەشى ناوەرۆکە زانستیەکەى ئاشکرا بکات لەرووى سەلامەتى و کاراییەکەى.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەنوێترین ئامارى تووشبووان بەکۆڤید ١٩، لەماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٥ هەزارو ٣٩٤ کەسى نوێ تووشی ڤایرۆسەکە بوون و، ژمارەى گشتى تووشبووانیش گەیشتۆتە ٨٥٦ هەزارو ٢٦٤ کەس.

ناوەندی بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەش رایگەیاند ” لەو ژمارەیە لەماوەى ٢٤ کاتژمێردا ٧٩ کەس گیانیان لەدەستداوەو، ژمارەى مردووانی گشتیش بۆ ١٤ هەزارو ٢٠٧ کەس بەرزبووەتەوە”، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ژمارەى دانیشتووانى ئەو وڵاتە لەسنوورى ١٤٥ هەزار کەسە.