وەزیری ئاو و ئاوەڕۆی سودان هۆشداری دەدات
یاسر عەباس، وەزیری ئاوو ئاوەڕۆی سودان هۆشداری دەداتە ئەسیبوبیا لەهەنگاوی تاک لایەنەی پڕکردن و بەکارخستنی بەنداوی نەهزەی ئەو وڵاتە، بەبێ ڕێککەوتنی سێ لایەنەی نێوان وڵاتەکەى و، میسرو ئەسیوبیا.
ڕاشیگەیاندووە “هەنگاوی لەم جۆرە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دۆخێکی مەترسیدار، بەتایبەتی لەڕووی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەوە لە هەمانکاتدا بۆ جووتیاران لە ڕۆخی نیلی شین دا”.
گووتەکانی ئەو وەزیرە لەکاتێکدایە گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر ئەو بەنداوە دەکرێت، کە لەژێر چاودێری یەکێتی ئەفریقیاو سەرۆکایەتی باشووری ئەفریقیا بەرێوەدەچن.
عەباس ئەماژەی بەوەشکردووە “کۆمەڵێك ڕاوێژی بەرفراوانی کردووە لەکۆتا گەڕی کۆتایی گفتوگۆکان سەبارەت بەپڕکردن و بەکارخستنی بەنداوی نەهزە و ئەو لێکەوتە خراپانەی کە لە هەر هەنگاوێکی تاکڕەوانەدا لێی دەکەوێتەوە”.
بەنداوی نەهزە کەلەلایەن وڵاتى ئەسیوبیاوە چەندین ساڵە کارى لەسەر دەکرێت، مشتومڕێکى زۆرى لەنێوان میسرو سوودان وەک وڵاتانى پشکدار لەرووباری نیل دروست کردووە، قاهیرەو خەرتووم چەندین جار دژایەتى خۆیان بۆ ئەو پرۆژە زەبەلاحەى دراوسێیە باشوورییەکەیان نیشانداوە.
لەدوایین هەنگاویشدا ئەدیس ئەبابا، لەچەند رۆژى رابردوو تاکلایەنانە دەستى بەپڕکردنەوەى قۆناغی یەکەمی بەنداوەکەى کردووەو، مەترسییەکى گەورەى بۆ جووتیارانى رۆخی نیلی شین دروستکردووە، کەچیتر وەک پێویست ئاوی تەواویان بەردەست ناکەوێت لەتێر کردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان.