تۆمارێکى دەنگی هۆکارى تەقینەوەکەى بەیروت ئاشکرا دەکات

لەرێگەى تۆمارێکى دەنگییەوە بەرپرسێکى لوبنانى ئاشکراى دەکات ” تەقینەوەکەى ئێوارەى سێشەممە لەبەندەرى بەیروتى وڵاتەکەى، بەهۆى هێرشێکى مووشەکی ئیسرائیلی بووە”.
بەشى عەرەبی ماڵپەرى تۆڕی هەواڵى (ئاڤا تودەى) کەتۆمارە دەنگییەکەى بڵاوکردۆتەوە لەسەر زاری جۆرج توینی، بەرێوەبەرى کۆگاى ژمارە ١٢ ـى بەندەرى بڵاوکراوەتەوە کە ” چەند شەوە میلیشیاکانى حزبوڵلای لوبنانى سەرقاڵى گواستنەوەى چەک و مووشەک و تەقەمەنین بۆ ئەو کۆگایە”.
بەگووتەى ئەو بەرپرسەش ” ئەو کۆگایە هیچ سووتەمەنى یاخود نەوتى تێدا عەمبار کرابێت، یاخود هەر شتێک ببێتە هۆی تەقینەوەی بەم شێوەیەى ئەمرۆ”.
ئێوارەى سێشەممە تەقینەوەیەکى گەورە لەبەندەرى بەیروت روویداوەو، بووە هۆى کوژرانى دەیان کەس و، سەرووى ٣٠٠٠ کەسیش برینداربوون، جگە لەزیانی ماڵى بەناوچەکە کەوتووە.
توینی، جەخت لەوە دەکاتەوە ” دواى ئەوەى میلیشیاکانى حزبوڵلا چەک و مووشەکەکانى بۆ نێو ئەو کۆگایە گواستۆتەوەو، ئیسرائیل پێی زانیوەو، فرۆکە جەنگییەکانى جوڵاندۆتەوەو، هێرشی کردۆتە سەر بەندەرەکە”.
دووپاتیدەکاتەوە کە خۆى فرۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل لەگەڵ هاوکارەکانى لەئاسمانى بەیروت بینیوەو، باس لەوەش دەکات ” ئەو تەقینەوەیە نیشانى دەدات، کەشتێکى ئاسایی نیە، بەڵکو تەقاندنەوەى مووشەک و چەک و تەقەمەنیە”.
بۆ گوێبیستى تەواوى تۆمارە دەنگییەکەى بەرێوەبەری کۆگای ١٢ ـى بەندەرى بەیروت بن، سەردانى ئەم لینکەى بەشى عەرەبی ئاڤا تودەى بکەن، کەبڵاوکراوەتەوە.
ئاگری تەقینەوەکەش کەلەرێگەى تۆمار ڤیدیۆییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، نیشانداوە کەلەدیمەشقی پایتەختى سووریاو، نیقۆسیا، پایتەختى قوبرس بینراوەو، تەنها دوورگەى یۆنانی و قوبرسی هەستیان بەتەقینەوەکەى بەیروت کرد.