ئه‌مه‌ریكا وه‌ك براوه‌ی شه‌ڕ

پ

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج:

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ك زلهێزێكی شه‌ڕ خواز نه‌خشه‌ی  بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ كێشا بوو ، یانی ئه‌وه‌ شه‌ڕی ئه‌مه‌ریكایه‌ ، به‌ڵام به‌ ڕوسیاو ئۆكراین و ته‌واوی ئه‌وروپای ده‌كات ، له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردودا ئه‌مه‌ریكا هه‌ستی به‌ زۆر گۆڕانی گه‌وره‌ی ئابوری و سیاسی كرد، له‌ لایه‌كه‌وه‌ چین تا دێت ده‌ست به‌ سه‌ر بازاڕی دنیادا ده‌گرێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ روسیا له‌ گه‌شه‌و هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی ئابوری، سیاسی گه‌وره‌دا بوو، له‌ ئه‌وروپاش تا ده‌هات فه‌ڕه‌نسا رۆڵی ئه‌مه‌ریكای له‌ ناو ئه‌وروپادا لاواز ده‌كرد.

 هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌مه‌ریكایان خستبووه‌ دۆخێكه‌وه‌ كه‌ هه‌ستی ده‌كرد ئیتر ئه‌و رۆڵگێڕی سه‌ره‌كی نیه‌ ، دنه‌ دانی ئۆكرانیا بۆ راكێشانی بۆ نێو ناتۆ ، به‌ هه‌مان زمان دنه‌دانی روسیا كه‌ خه‌ریكه‌ ده‌كه‌وێته‌ ته‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ ،هه‌موو سیانریۆكه‌ی سیناریسته‌ سیاسیه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان دایانڕشتوه‌ .

ئه‌مه‌ریكا له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا چه‌ند كارێكی كرد ، وه‌ك به‌ ئه‌وروپای وت بێمن ئێوه‌ به‌رگه‌ی شه‌ڕی روسیا ناگرن ، ئه‌مه‌ی له‌ ناو یاریه‌كه‌دا وتوه‌ نه‌ك به‌ زمانی وتن ، توانای سه‌ربازی روسیای تاقیكرده‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایش بێت ئێستا زانیاری ورد تری له‌ باره‌ی توانا سه‌ربازیه‌كانی روسیاوه‌ له‌ به‌ر ده‌سته‌، زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ زۆرێك له‌ سه‌رمایه‌دانی روسیا گه‌یاند.

له‌م شه‌ڕه‌دا ره‌نگه‌ روسیاش قازانجی كاتی بكات، به‌ڵام براوه‌ی سه‌ره‌كی یاریه‌كه‌ جگه‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌سی تر نیه‌، ئێستا كه‌ له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌ ئابوریه‌كه‌داین، نه‌ك شه‌ڕه‌ مه‌یدانیه‌كه‌ كه‌ من بڕوام وایه‌ هێشتا تێیدا نین و ره‌نگیش نیه‌ ڕووبدات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر روسیا هه‌موو ئۆكرانیاش داگیر بكات ، سه‌ره‌تاكانی بردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ركه‌وتون ، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا ئێستا چاوی له‌ بڕیاره‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ باره‌ی روسیاوه‌، ئه‌وه‌ بۆ خۆی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی ئه‌مه‌ریكایه‌ .

له‌ نێو ئه‌و بارو دۆخه‌دا ئه‌ژدیهاكه‌  كه‌ ئه‌ویش له‌ به‌شێكی زۆری یاریه‌كه‌ تێگه‌یشتوه‌، به‌ جۆرێك پشتگیری روسیای كرد، ئه‌مه‌ش شه‌ڕی ئابوریه‌كه‌ زیاتر رونده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام بۆچی ئۆكراین بووبه‌ قوربانی ئه‌و یاریه‌ ناشرینه‌و بۆ نمونه‌ ئێران یان سوریا و شوێنی تر نه‌بوون ، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی ئۆكراین له‌ غازو كانزاو پێویستیه‌كانی ئه‌وروپاوه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌ركێشیه‌كانی ئۆكراین خۆی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناتۆدا جێی خۆی بكاته‌وه‌و شه‌ڕ بێنێته‌ ده‌رگای پێشه‌وه‌ی روسیا، ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م به‌زمه‌ دروست بكات و خۆیشی له‌ دوره‌وه‌ سه‌یر بكات و جار جاره‌ش به‌ وته‌یه‌ك ئاگره‌كه‌ خۆشتر بكات، ده‌رگای هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵگیرسانی كێشه‌كه‌ی دا و سه‌ریشكه‌وت .

ئێستا ده‌ركه‌وت سه‌رمایه‌ داری جیهانی چۆن شه‌ڕه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، هێشتا ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای فیلمه‌كه‌داین ،كوردیش پڕیشكی ئه‌و فه‌رته‌نه‌یه‌ی به‌رده‌كه‌وێت ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بزانین چی ده‌كه‌ین و چۆن، ئێمه‌ش پارویه‌كی بچوكی نێو ئه‌و یاریه‌ین ، هه‌رنا به‌وه‌ی نه‌وت و غازی خۆمان خستوه‌ته‌ نێو كایه‌یه‌كی مه‌ترسیداری جیهانیه‌وه‌ ، مرۆڤ خۆی بكوژی خۆیه‌تی نه‌ك سروشت و كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كان ، ئه‌و كوشت و بڕه‌ش هه‌ر جار به‌ بیانویه‌ك دروست ده‌كرێت ، ئێستا بیانوه‌كه‌ كۆرۆنا نیه‌ ، ئابوری و تاقیكردنه‌وه‌ی هێزه‌.