شیوەن لێرەو ئێسک و پروسک لەبیابان

پ
لەتیف فاتیح:
ئەمساڵیش لەناو یادکردنەوەی گەورەترین جینۆسایدی دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەمداین، جینۆسایدی ئەنفال ، ئەو پرۆسە هەشت قۆناغیەی هەمو سەر زەمینی باشوری کوردستانی گرتەوە لە خانەقینەوە تا زاخۆ ، لەبەردەم ئەو ستەمکاریە گەورەیەدا هێزە سیاسیەکانی ئەو ڕۆژگارەی باشوری کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەمی پێشمەرگەی لێدەرچێت، هەمویان بەسەرۆک و سەرکردەی حزبەکانیشەوە پەنایان بردە بەر ئێران و پشتیان کردە خەڵکەکە.
بە وتەی عوسمانی حاجی مەحمود فەرماندەو پارتیزانی ئەو ڕۆژگارە، زۆربەی گەرمیان ژمارەی پێشمەرگە لەدوای ئەنفال هەرگیز نەگەیشتوەتە سەت پێشمەرگە، لەهەندێ شوێنیش ڕێگری لەدەرچونی خەڵک دەکرا، لەکاتێکا لەقوڵایی گەرمیانەوە مناڵ و ژن بەپێ گەیشتنە کامیاران و ورمەهەنگ.
هەموو ساڵێک لەنێو ئەم یادکردنەوەیەدا لەبری بونیاد نانی پڕۆژەی گەورە، بایەخدان بە مۆننۆمێنت و مۆزەکانی ئەو تاوانە، هێنانەوەی ئەو هەموو ڕوفاتەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابان کە ئێمە لە دووهەزارو سێ چوینەتە سەر زۆربەیان .
لەبری دروستکرنی نەخۆشخانەی تایبەت بۆ کەس و کاری قوربانیەکان، بونیادنانی دادوەری گوێزەرەوە، دادگایکرنی بکەرانی داواکراوی ئەو تاوانە ، لەبری ساڕێژکردنی برین ، برینەکان دەکولێنەوەو بیرمان دەخەنەوە چۆن شیوەن بکەین.
شیوەن دژی ژیاندۆستی نەک شین بۆ لەبیر نەکردنی ئەو تاوانە، ئەنفالزەدەو کەس و کاری قوربانیەکان لەبری بیرخستنەوەی گریان دەیانەوێت ئێسک و پروسکی قوربانیەکان بێننەوە،  فێری گریانمان مەکەن کەس هێندەی ئێمە شارەزای گریان نیە.
گریانی ئێمە دیرۆکیەو جیاوازە لەفرمێسکی درۆزنانەی چەند ساتێکی بەرپرسان، لە بری فرمێسکی درۆ فەرمون خزمەتی دانیشتوانی ئۆردوگا سایگۆنیەکان بکەن، وەرن ئاوو جادەو بان و خزمەتگوزاری دابین بکەن.
خۆمان ئاشنای فرمێسکین ،بەڵام ژیانی ڕاستیمان نەبینیوە، ژیانمان دەوێ.