یۆنان تورکیای ناچاری دانووستاندن کرد

پ

گووتەبێژى حکومەتى یۆنانی لەمیانەى لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە ” وڵاتەکەى بەنیازە دەست بەدانووستاندنەکان لەگەڵ تورکیا دەربارەى ناوچە دەریاییەکان بکاتەوە”، پاش ئەوەى ئەنکەرا کەشتیەکانى خۆى کەبەدواى نەوت و غاز لەناوچە جێناکۆکەکان کشاندەوە، ئەو هەنگاوەش بووە جێی دەستخۆشی ئەسینا.

هەردوو وڵات کەهاوکات ئەندامی هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەنتین (ناتۆ)، چەندین دەیەیە کێشەو ناکۆکیی سیاسی و، ئەمنی لەنێویاندا هەیە، بەتایبەت لەم چەند ساڵەى دواییدا ئەنکەرا تاکلایەنانە بەبێ گەڕانەوەو، رێز گرتن لەسنوورى دراوسێیە ئەورۆپیەکەى دەستى بەگەڕان بەدواى غاز لەرۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاست دەست پێکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو شوێنانەى تورکیا پرۆسەى گەڕانی دەستپێکردووە، سنوورى جوگرافی یۆنانیەو، هیچ مافێکى ئەنکەرای تێدا نیە.

بەڵام ئەو کشانەوەیەى ئەنکەرا ئەنجامیداوەو، ئەسینا دەستخۆشی لێکردووە، بەگووتەى لایەنى یەکەم تەنها بەمەبەستى نۆژەنکردنەوەو، چاککردنەوەى کەموکورتیەکانە.

ستیلیۆس بیتساس، هیمای بەوەشداوە ” ئێمە بەنیازین دووبارە دەست بەگفتوگۆییەکان بکەین، بەڵام دیاریی کردنى وادەیەک بۆ ئەو پرسە لەسەر هەردوو لایەن دەمێنێتەوە”.

لەساڵى ٢٠١٦ لەچوارچێوەى گفتوگۆییەکانى دیاریی کردنى سنووری هاوبەش لەنێوان ئەسیناو ئەنکەرا، گفتوگۆییەکان تووشى شکست هاتن، بۆ ئەمجارەش میدیاکانى یۆنان ئاشکرایان کردووە ” ئەگەری هەیە کۆبوونەوەکان لەم هەفتەیە دەست پێبکەن”.

سەرکردەکانى یەکێتى ئەورۆپا بەنیازن لەنێوان ٢٤ و ٢٥ ئەم مانگە کۆببنەوەو، پرسى سەپاندنى سزای زیاتر بەسەر تورکیا تاوتوێ بکەن، کەهاوکاتە ناکۆکییەکانى ئەندامانى ئەو یەکێتیە لەوەى چۆنیەتى سزایەکان جێبەجێ بکەن”.

بیتساس گووتیشى ” تورکیا لەبەردەم دوو بژاردەیە یاخود شەڕانگێزی ڕاگرێت، یا رووبەرووی سزایەکان ببێتەوە”.

وەک خۆ دەربازکردنێکیش بۆ ئەو فشارانەى رووبەرووی بووەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆمارى تورکیا هیما بەوە دەکات ” ئەوانەى دەیانەوێت وڵاتەکەمان لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست پشتگوێ بخەن و، بەزۆر نەخشەکانیان بەسەرماندا بسەپێنن، ناچاری دانووستاندنی دیپلۆماتى بوونەتەوە”.

بەبێ ئەوەى باس لەشکستى سیاسی و ئابوورییەکانى خۆی بکات، کەبەهاى دراوی لیرە، لەگەڵ هەر هەنگاوێکى ئاڵۆزبوون بەرەو داڕمانى زیاتر هەنگاو دەنێت.