ڕەێککەوتنێکی شاراوە

کاوێزمەلا پەروێز
کورد و ئێران لە کەرکووک ئەگەر هەیانبێ یەک دوژمنی هاوبەشیان هەیە کە ئەجیندەکانی تورکیایە، وەک چۆن ئەو خیلافە لە شنگالیش بە روونی دەبینرێ.
رێککەوتنێکی شاراوە وەرقەی تورکیای لە کەرکووک بە هێز کردووە. هیواخوازم هیچ لایەنێکی کورد بەشێکی شاراوەی ئەو رێککەوتنە نەبێ. بۆیە بەرەی تورکمانی بەو میلیشیا چەکدارییەی بۆی دروست کراوە دەم لە شتی گەورە ئەکوتێ و لە رەفتاردا خۆی بە خاوەنی زانینی شار و بریاردان لەسەر ئەوەی کێ مافی هەیە و کێ نیەتی دەرئەکەوێ
بێدەنگیی بەرەی تورکمانی و قبوڵکردنی پارێزگەرێکی عەرەب بۆ کەرکووک سەرەداوی ئەو رێککەوتنەیە کە هێشتنەوەی دۆخی ئەو شارەیە وەک ئێستای و شکستپێهێنانی هەموو هەوڵەکان بۆ دانانی پارێزگەرێکی کورد رۆڵ و کاریگەریی تورکیا دەرئەخات. بایکۆتی ئێمە و پەکخستنی ئەنجوومەنی پارێزگەکەش خزمەتێکی خۆڕایی ئێمە بوو بە تورکیا!
.هێزە سووننییە عەرەبییەکان کەرەستەیەکی دیکەن بۆ هەڵسوڕاندنی ئەجیندەی تورکیا، لەمەدا ناکۆکی نێوان کورد و هێزە شیعییەکان کۆڵەکەی هێشتنەوەی ئەو دۆخەی کەرکووکە نەک ئێران
هەستیاریی تورکیا بەرامبەر کەرکووک و نەینەوا هەستیارییەکی مێژوویی درێژن، هی ئەم چەند ساڵەی رابردوو نین، سەدان بەڵگەی بەرجەستە هەن کە تورکیا سەد ساڵە وەک ستراتیژ لەو دوو شارە ئەڕوانێت. تورکیا ئەجیندەی قبووڵنەکردنی کورد لەو شارانە بەڕێوە ئەبات و لە ئاستی باڵای دەوڵەتەوە مشووری بۆ ئەخوات. ئێمە لێکەوتەی مێژوویی وامان لەگەڵ ئێران نییە، بەڵکو پێچەوانەکەی دەبینین، هەر لە لێدانی بیرە نەوتییەکانەوە تا ئەو گفتەی قاسمی سلێمانی کە لە زمانی کاکە حەمەوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ئێران ئامادە بووە جوگرافیای بەڕێوەبردنی کورد تا حەمرین فراوان و درێژ بکاتەوە.
کاتێک لەسەر دەستی ئەمەریکییەکان پارێزگەرێکی کورد لە دوای کەوتنی بەعس بۆ کەرکووک دانرا ئەوە تورکیا بوو وەک سەگی هار کەوتە پەلاماردان و هەوڵی کوشتن و نانەوەی پشێوی و گەورەکردنی ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان، هەر وەک ئێستا لە رێی دامەزراوەکانی ئیدارەی کەرکووک و هەواڵگری، جێپەنجەی دیارە بە تایبەت لە پەراوێزخستنی کورد لەو شارە.
وەک چۆن تورکیا ترسی هەبووە کەرکووک بکەوێتە ژێر دەستی کورد، بەوەی بڕوای وایە؛ کورد بە داهاتی نەوتی کەرکووک مەترسیی بۆ یەکپارچەیی تورکیا دروست ئەکات و ناوچەکەش بە ئاڕاستیەک دەچێ کە تورکیا به بەرژەوەندیی خۆی نازانێ. بۆ ئێرانیش هەمان روانگە پێچەوانەکەی راستە، ئەگەر کەرکووک بکەوێتە ژێر دەستی عەرەبی سووننە هاوسەنگیی بەڕێوەبردن هەم لە ئێراق هەم لە ناوچەکە بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی ئێران و، بە قازانجی تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی دروست ئەبێت. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا رۆڵی ناحەزانەی بەریتانیا و بەرژەوەندییەکانی لە کەرکووک ئەبێ وردتر بخوێنرێتەوە!
کەرکووک چایخانەی مام یاسین



