نووسینی هایکوی سرووشتی سروشت*
سروشت دایکی هایکوە، هایکوەکانی هایکونووسانی دێرێنی ژاپۆن، مەمکی ئەو دایکەیان مژیوە. بۆیە هێندە پاراو و جوان و ناوازە بەرهەمهاتوون.
مامۆستای گەورەی هایکو (ماتسوو باسهۆ ١٦٤٤-١٦٩٤) کە بە باوکی هایکو دادەنرێت، دوای ئەوەی واز لە ژیانی خۆشگوزەرانیی و شارنشینی دێنێ؛ تا مردنی، هەر لە گەشتو گەڕاندا بووە، بەناو سروشتی دڵڕفێنی ژاپۆندا. لەو دەمانەدا لەناو کووخیشدا ژیاوە و هەمیشە تێکەڵ بە سروشت بووە. بەم شێوەیەش زۆرترین و جوانترین هایکوەکانی نووسیوون. چەندان جاریش ئەم جۆرە گەشتانەی لەگەڵ خوێندکارەکانیدا ئەنجامداوە. لە گەشتەکانیاندا هەرشتێکیان بینیبێت، ڕەشنووسی دیمەنەکەیان نووسیووە و دواتر جوانتریان کردووە. (هایکوی بۆق)ەیشی نموونەیەکی جوانی ئەزموونەکەیەتی. هایکونووسانی تریشیان هەروەها بەهەمان دۆخ و ژیان و ئەزمووادا تێپەڕیوون.
من ئەم زنجیرە هایکویەم، لە گەشتێکی شاخەوانییدا هاتوونەتە بەرهەمو نووسراون، کە تێیدا هەشت کاتژمێر بەپێڕۆشتنی “بە قەدپاڵی شاخ و بەناو ئاو و چەمو دۆڵ و باخ”ی تێدا بووە. گەشتەکە لە ڕۆژێ هەینی (١٤ی ئاب) لە گوندی “هاواری تازە”وە بۆ “هاواری کۆن” لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەنجامدراوە.
بە مەبەستی سەردانکردنی ئەشکەوتی “کونە جن” و “تاڤگەی هاوار” و ئەو دەوروبەرە؛ لەلایەن (گروپی شاخەوانی گەرمیان)ەوە، بە بەشداریی ٤٥ کەس لەهەردوو ڕەگەز؛ ڕێکخرابوو.
ئەم هایکووانە، باسهۆئاسا بە بەرکەوتن لەگەڵ سروشت و ئاوێتەبوونی جەستەیی و ڕۆحیم؛ بەوپەڕی چێژو خۆشییوەرگرتنمەوە، بەشێوەی زیندوو، ڕاستەوخۆ لە هەناوی سروشتەوە وەک تابلۆی شێوەکاریی کێشراون -نووسراون-، یان بڵێین بەتایبەتیی ڕەشنووسکراونو بەهاوکاریی هەندێ خەیاڵی شیعریی و مەعریفە، دواتر لە ماڵەوە بە شێنەیی؛ بێ گۆڕینی بابەتەکان هەندێ دەستکاریی تر کراون. هەموویان بە بینینی دیمەنەکان و جووڵەکانی منی هایکونووس بەناویاندا؛ ئەزموون کراون.
ئەم ئەزموونی (هایکوی گەشـت)ە بۆ هایکونووسانی کوردیش (ئەوانەی هایکوی سروشت دەنووسن) زۆر گرنگ و پێویستە ئەزموون بکرێن. ئەگەریش بەشێوەی گرووپی هایکونووسان “لە چەند کەسێک” بێت؛ زۆر باشترە. هەروەکوو هونەرمەندانی ڕێبازی (کاریگەریخوازەکان-ئینیباعییەکان-ئیمپرشیۆنیزم) کە ڕاستەوخۆ دەچوونە ناو سروشت بۆ نیگارکێشانو درووستکردنی تابلۆکانیان. منیش ئای چەند پێمخۆش بوو؛ لەو سروشتە جوان و دڵڕفێنەدا؛ فرێم و فڵچە و بۆیەم پێ بوایە و وێنەم بکێشایە. بەڵام، لەجیاتی تابلۆ، بوون بە هایکو.
خۆم بەخۆشحاڵدەزانم کە منیش ئەم ئەزموونەم تاقیکردەوە. چونکە پێشتر هەموومان هەرچی هایکوی سروشتیشمان نووسیووە، یان بە بیرکردنەوە و هێنانە بەرچاومان یان بەخەیاڵ یان بە بینینی “وێنەیەک و فۆتۆیەک و تابلۆیەک یانیش ڤیدۆیەک” نووسیوومانن. مەگەر چۆنها بەشێوەی زیندوو لە شوێنێکدا؛ کەسێکمان بەر دیمەنێکی ڕاستەوخۆی سروشت کەوتبێتین، نەک بەرهەمی گەشتو گەڕان بن.
(هایکوی گەشتی هاوینە)
-١-
هاوینە گەشت؛
لە خەیاڵی گوێزەکاندام-
نەهاتنە دەستم!
-٢-
چنارەکانی “گوندی هاوار”،
خۆیان دەپێون بە-
باڵای دڵخۆشییم!
-٣-
دانیشتنی بن کەڵۆز،
تێکەڵبوونی پرچی کچەکان-
لەگەڵ بەڕەزا.
-٤-
حەیف تەمەنکورتن،
لە پێشوازیماندا-
سەمای پەپوولەکان.
-٥-
ئاوێزان لەگەڵ سروشت،
تێکەڵبوونو
ئاڵوگۆڕی هەناسە.
-٦-
خوێنی دارەبەنی بریندار؛
شۆڕدەبنەوە ناو-
کۆچەڵەکان٭.
-٧-
شۆڕبوونەوەی-
دەستی بەخشندەیی دارەبەن،
بەخشینی بۆڵە قەزوان.
-٨-
دار هەنجیرێ شیریدام،
هەنجیرەکانی-
مارەیان لێم نایەت!
-٩-
ڕەنگە کچۆڵەیێ-
باخەوانی بێ،
باخێ هەنار و هەنجیری نەگەیوو.
-١٠-
خلیسکام لە شاخڕەوی،
برالەی٭٭ دارگوێزێ-
دەستی گرتمەوە!
-١١-
لەسەر پردی “هاوارە کۆن”
هەرچەند پێم شۆڕدەکەمەوە؛
ناگاتە ئاوەکە.
-١٢-
هەڵلەرزین لە هاویندا،
خووسان لە ژێر-
تاڤگەی “هاوارە کۆن”.
-١٣-
هاژە و خوڕەخوڕ؛
تێکەڵبوون بە گفتوگۆ،
لاپرەسەنیی٭٭٭ ئاو!
-١٤-
نزیک ئەشکەوتی “کونە جن”؛
لە شوێنپێی منداڵی ساوا-
بینینی سنگە سوچەڕ!٭٭٭٭
-١٥-
ڕۆشتن بەناو ئاودا،
لە ئابدا بیرمان چوو-
فەرموودەکەی “سوهراب”!٭٭٭٭٭
٭ کۆچەڵە: لە شێوەی هێلانەی پەڕەسێلکەیە؛ بە قووڕ دروستدەکرێت، دەلکێنرێت بە قەدی دارە بەنەوە، بۆئەوەی بنێشتی کوردییەکە لەناویدا کۆببێتەوە.
٭٭برالە: دارێکی بچوکتر، لە بنی قەدی دارێکی گەورو بەتەمەنەوە دەردەچێت.
٭٭٭لاپرەسەنی: فزوولییەت، خۆتێهەڵقورتان، خۆتێهەڵقوڵتان.
٭٭٭٭سوچەڕ: سیخوڕ، وەک ژیژک وایە، بەڵام گەورەترە، گیانی بە سنگێکی وەکو تیر داپۆشراوە. لەکاتی تەنگانەدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە بەکاری دێنێ بۆ تیربارانکردنی دوژمنەکەی.
٭٭٭٭٭سوهرابی سپهری لە شیعرێکیدا دەڵێ:
با ئاوەکە لێڵ نەکەین
ئاخر ڕەنگە تۆزێک لە خوارترەوە
کۆترێک لێی بخواتەوە
یان دەروێشێک نانێکی پێ تەڕ بکات
یان لە ئاوەدانییەک
کیژێک گۆزەیەکی لێ پڕ بکات.)
* هایکوی گەشت؛ ئەزموونی خۆم لە (١٥) هایکودا