“دواهەمین وەسێت” خەڵاتی پلەی سێیەم دەباتەوە
هەفتەی ڕابردوو، لە کۆتایی مانگی تەمووز، کورتە فلیمی دواهەمین وەسێت The last will لەدەرهێنانی مەحەمەد دەربەندیخانی، لە ڤیستیڤاڵى کۆڤید ١٩ بۆ کورتە فیلم خەڵاتی پلەی سێیەمی وەرگرت، کە لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیری عێراقەوە بەشێوەى ئۆنلاین رێکخرابوون.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لەعێراق بە سەرپەرشتی عەدنان دەرجال، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتى بەغدا بەڕێوەچوو، بەناونیشانی (ڤیستیڤاڵی کۆڤید 19 بۆ کورتە فیلم) کە تێیدا ١٢ فیلم لە وڵاتانی جیاوازەوە گەیشتن بە فینالی فیستیڤاڵ.
کورتەفیلمی (دواهەمین وەسێت) کە ماوەکەی ١١ خولەکە بووە، بەشێوەیەکی جوان کاری وێنەگرتنی لەلایەن سوڵتان فاتمی بۆ کراوەو، بە گرتەی خێرا و پچڕپچڕ، لە چەندان شوێنی جیاواز فرێمەکانی دروستکراون و بە مونتاژێکی ڕێکوپێک لەگەڵ کەشی ڕووداوەکاندا پێکهێنراوە.
تێیدا بەشێوەکی فەلسەفی و ناوازە کار لەسەر نامە “وەسێت”ـەکەی گابرێل گارسیا مارکیز، رۆماننووسی کۆلۆمبیی جیهانى کراوە.
مارکیز، یەکێکە لەبراوەکانى خەڵاتى نۆبڵی ساڵى ١٩٨٢، خاوەنى چەندین رۆمانە لەهەمووی گرنگترینیان “سەد ساڵ تەنیایی”یە، کە لەوێدا وەسیەتێک دەنووسێت و، داواى دەرفەتێکی دیکەى ژیان دەکات، ئەگەر تەمەن بگەرێتەوە.
لەو کورتە فیلمەدا، چەند کەسێک ڕۆڵ دەبینن، منداڵێک بەشێوەیەکی زۆر جوان ڕۆڵ دەگێڕێت و، بە ڕێکەوت ڕێی دەکەوێتە شوێنێک و کەسێک کە دەبێت، هیچی پێ نییە بیدات بە مناڵەکە، تەنها وێنەیەکی مارکیزی پێدەدات، کە چەند دێڕێ لە وەسێتەکەی لە پشتی وێنەکە نووسراوە.
لێرەوە، ئەم منداڵە، بەرپرسیارێتیی سەختیی ژیان دەخاتە سەرشاخی خۆی، ژیان بە فرسەتێک دەزانێت بۆ خۆدۆزینەوە و گەیشتن بە باشترین.
کورتە فیلمەکە، بەشێوەیەکی فەلسەفی، پێمان دەڵێت “چۆن لەژیان بڕوانینو هەوڵدەین چۆن چۆنی بژینو لەدوای خۆمان چی جیبهێڵین؟”، کۆمەڵێک کاری هێمایی (سیمبولی – ڕەمزیی) جوانیشی تێدا کراوە، کە زۆر واتای تریش بە بینەر دەدەن.
منداڵێک، کە ڕوو دەکاتە لای پێندۆزێک پارەی پێنییەو، داوا دەکات پێڵاوەکانی بۆ چاک بکاتەوە، کابرایش پێیدەڵێت “ئەی پارەت پێنییە چۆن دەبێ!” کەچی دواتر ئەم منداڵە، بەو هەژارییەیەوە، لەتە نانەکەی دەستی؛ لەگەڵ تووتکە سەگێکدا بەش دەکات!
کورتە فیلمی دواهەمین وەسێت پەیامی زۆر جوان و گرنگی تێدایە، کەسێک کە هەست دەکات مەرازەکانی بەدی نایەن، لە ژیان دەردەچێت، بەڵام دەبێتە پەیژەیەک بۆ سەرخستنی کەسێکی تر نەوەیەکی تر تا ژیانێکی باشتر بژی…
دەربەندیخانیی دەرهێنە، لەگەڵ ستافێکی چەند کەسییدا بە ئیمکانیاتێکی زۆر کەم و لەسەر گیرفانی خۆیان، بە چەند ئامێرێکی سادە، کە دروستکراوی دەستی خۆیانە، ئەم فیلمەیان دروستکردووە.
ئەم گەنجانە کە دەکەونە دەرەوەی سەنتەری شارەکانەوە وەک پەراوێزخراو سەیر دەکرێن، جێی ڕێزلێگرتنو دەستخۆشی زۆرن. پێویستە لەلایەن ڕۆشبیرییەوە هاوکاریی بکرێن، بۆ بەردەوامبوون بۆ کاری باشتر و گەورەتر. یان متمانەیان پێبکرێت و سپۆنسەر بکرێن.
جێی ئاماژەیە، کورتە فیلمی (دواهەمین وەسێت) بۆ بەشداریکردن لە چەند فیستیڤاڵێکی تر بۆ وڵاتان نێردراوە. هەروەها ئەم ستافە؛ لە پلاندان بۆ دروستکردنی کورتەفیلمێکی تریش، بەناونیشانی (نۆبڵ ڕاگرن stop nobel) بەم زوانە دەستدەکەن بە کارکردن تێیدا.