ڕاگەیاندراوی پێکهێنانی بەرەی گەل
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان!
ساڵێک زیاترە، بەمەبەستی دروستکردنی بەرەیەکی بەرفراوان کە بتوانێ زۆرترین کەسایەتی، ڕێکخراو و هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی دەستەڵات، کۆبکاتەوە، هەوڵەکان چڕ کراونەتەوە، لەپێناو پێکهێنانی ئەو بەرەیەدا، کۆششکراو و باجێکی زۆر درا، بەڵام بەداخەوە هەتا ئەمڕۆکە نەتوانراوە تێکڕای هێز و ڕێکخراوەکانی دەرەوەی دەستەڵات و گروپەکانی گوشار و خەڵکی ناڕازیی کۆبکرێنەوە.
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!
قەیران و تەنگژەکانی ئێستای کوردستان هێندە گەورەن کە چارەسەرکردنیان بە زەحمەت کەوتووە، مخابن ئێستا باشووری کوردستان وەک گەورەترین موڵگەی گەندەڵی و تاڵانی خۆی دەنوێنێ؛ حزبە دەستەڵاتدارەکان لەسەر دابەشکردنی داهات لە نێو خۆیاندا ڕێککەوتوون، بەهۆی ئەو داهاتەیشەوە توانیویانە یاری بە دەنگی ناڕازی بکەن و ڕەوشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان درێژە پێبدەن.
هەموومان دەزانین کە خەڵکی کوردستان خەون و هیواکانیان لە سەر ڕاپەڕین و ڕزگاربوون لە داگیرکاریی هەڵچنی بوو، هیواخوازبوون کە دەستەڵاتی خۆماڵی لەپێناو بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری، ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانی، باشکردنی بژێوی دانیشتوانەکەی لێبڕاوانە و شێلگیرانە تێبکۆشێ و ماندوونەناسانە کاربکات، بەڵام مخابن هەموو خەون و هیواکانیان لە گۆڕنا، خەڵکی تینووی ئازادییان هەناسە سارد کرد، گوندەکانیان ئاوەدان نەکردەوە، بایەخیان بە بژێوی بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان نەدا، کەچی بۆ بەتاڵانبردن و بەفیڕۆدانی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کورستان و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ داگیرکاران، کێبەرکێیان کرد و گەورەترین کارەساتیان بەسەر گەلی کوردستان هێنا؛ ئێستا باشووری کوردستان لە دۆخێکی یەکجار خراپدایە و لەنێو قەیران و تەنگژەکاندا نغرۆبووە، بەوهۆیەوە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەران لەبەردەم خواستێکی ڕەوای مێژوویی و ڕەوشتی دان و ڕەوشەکە وا دەخوازێ کە هەموو هێز و تواناکان یەکبخرێن و سەنگەری دەنگی ناڕازی بەهێزتر بکرێ. بۆ دەستپێکی ئەم هەنگاوەش ‘بەرەی گەل’ خۆی ڕادەگەیەنێ و داوا لە نیشتمانپەروەران و ستەملێکراون دەکات کە دڵسۆزانە پشتیوانی لێبکەن، تا بتوانین بە هێزێکی نوێوە بەگژ گەندەڵی، بێدادی، ستەمکاری و خراپەکاریدا بچنەوە.
جەماوەری خۆراگر و ستەمدیدەی کوردستان!
بەرەی گەل، بەرەی ئێوەیە، بەرەی هەموو ئەوانەیە کە لە دۆخی ئێستا و سیاسەتی بەڕێوەبردن ناڕازین، بەوهۆیەوە بەرەی گەل دەرگەی کراوە دەبێ و پێشوازی لەهەموو کەس و لایەنێکی نیشتمانپەروەری ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن دەکات.
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان!
ئێمە دڵسۆزانە داواتان لێدەکەین کە بەرەی گەل بە ماڵی سەرەکی و راستەقینەی خۆتان بزانن، ئاوەدانتری بکەن، هێز و توانای دیکەی پێببەخشن، چونکە بەهێزی لەبننەهاتووی جەماوەر دەتواندرێ سیاسەتی برسیکردن و ستەمکاری بنبڕبکرێ و خەڵکی کوردستان لە نەهامەتی و نەداری ڕزگار بکرێ. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە مرۆڤەکان خاوەندارێتی لە خۆیان و لە مافەکانیان بکەن، گەل کە خۆی سەرچاوەی بڕیارە، باوەڕ و متمانەی خۆی لە گەندەڵکار و وڵاتفرۆشان بستێنتەوە و بۆخۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.
٣٠-٤-٢٠٢١
رێکار ئەحمەد
وتەبێژی بەرەی گەل
بۆ پەیوەندی کردن: تەلەفۆن 0046736341272، واتسئاپ 0046760862008
تێبینی: بەرەی گەل لەلایەن ژمارەیەک لایەنی سیاسی و کەسایەتی وڵاتپارێز پێکهێنراوە.