پاڵپشتى لەکۆبانی دەکرێت

پ

لەرۆژى جیهانى کۆبانیدا، کۆمیتەى دیموکراتى کوردستان لەفەرەنسا ڕاگەینراوێک بڵاودەکاتەوەو، ڕایدەگەیەنێت ” لەگەڵ دەستپێکردنى بەرەنگارییە پاڵەوانەکان دژى داگیرکاری داعش لەپاییزی ٢٠١٤، کۆبانی بووە سیمبولی خەبات لەپێناو جیهانێکى ئازاد”.

ئەو کۆمیتەیە ئاماژەى بەوەشداوە ” ئەو شارە بچووکەى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریاو، هاوسنوور لەگەڵ تورکیا، شۆڕشێکى لەرۆژئاوا دژی جیهادییە تاریکپەرستەکان بەرپا کرد”.

لەبەشێکى دیکەى ئەو ڕاگەینراوە کەوێنەیەکى بۆ (پێشەنگ پرێس) نێردراوە هاتووە ” لەدواى ئەو پرۆسەیەش نمونەى دەسەڵاتی خودبەرێوەبردنە دیموکراتیەى رۆژئاوا لەناوچەیەکى فراوانى باکوورى سووریا پەیڕەو کران و، بوونە سیستەمێکى نوێی دەسەڵاتدارێتى و، دیموکراتى ڕاستەوخۆى خەڵک”.

ئاشکراشی دەکات “سەرەڕاى شکستهێنانى داعش لەباکوورى سووریا، بەڵام ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر شۆڕشی رۆژئاوا لەبەردەم مەترسیدایە”، هۆکارەکەشی بۆ ئایدەلۆژییە فاشیزمەکەى ژێر دەسەڵاتى داگیرکارییەکانى ئەنکەرا گەڕاندۆتەوە”.

گووتیشى ” گرووپە میلیشیا جیهادییەکانى نزیک لەتورکیا، بەشێوەیەکى چڕ بەرەو عەفرین و سەریکانی و گرێسپی داگیرکراو هەنگاو دەنێن و، درێژە بەتۆقاندن و دەکردن و تیرۆرکردنى خەڵک دەدەن”.

سووریشە لەوەی کە بەشێوەیەکى رۆژانەو بەردەوام تاوان دژى خەڵکى سڤیل ئەنجامدەدرێت و، هەموو بڕیارەکانیش لەلایەن ئەنکەراوە دەردەچێت.

ئەو کۆمیتە کوردەى فەرەنسا کەبارەگاى سەرەکیی لەپاریسى ئەو وڵاتەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە ” ئەردۆگان، لەپاڵ داگیرکردنى بەشێکى رۆژئاوا، لەچەندین ناوچەى جیهان هەنگاوی دوژمنکارانەى لەباشوورى کوردستانی عێراق ئەنجامداوە، جگە لەوێش لە لیبیا، ناگۆرنۆ کارەباخیش دەستى تێوەگڵاوە”.

زۆربەى راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان ئاشکرایان کردووە ” ئەنکەرا هەزاران چەکداری سووری نزیک لەرژێمەکەى بەرەو لیبیاو ناگۆرۆ کارەباخ ڕەوانە کردووە، بۆ ئەوەى بەرگرى لەرژێمە نزیکەکانى خۆی بکەن”.

هەروەها لەم چەند رۆژەى رابردوو، دیسان هێرشی سەربازی دژى ناوچەکانى رۆژئاوا لەسووریا دەستى پێکردووەو، میلیشیاکان بەپاڵپشتى سوپاى تورکیا هێرشیان بۆ شاروچکەى عێن عیسا لەباشوورى رۆژهەڵاتى کۆبانی بردووەو، تاوەکو ئێستاش لەلایەن شەڕڤانانەوە بەرپەرچ دەدرێنەوە.

بەو هۆیەوەش مەترسییەکى گەورە هەیە، بۆ ئەوەى تورکیا دیسان هێرشێکى گەورەتر بکات و، خەڵکی مەدەنى بکەنەوە قوربانی پیلانەکانى خۆی.

هاوکات لە ١ تشرینى دووهەمى ٢٠١٤ بۆ پاڵپشتى کردن لەبەرەنگارییەکانى کۆبانی دژى داعش، لەسەرتاسەرى جیهان گردبوونەوەى جەماوەری و سیاسی پاڵپشتی بۆ ئەو شارە دەستى پێکردو، ساڵانەش بۆ زیندوو ڕاگرتنى ئەو شۆرش و بەرخودانیە لەسەرتاسەرى جیهان کوردەکان یادی دەکەنەوە.

بەڵام لەسەر ئاستى فەرەنسا بەهۆى قەدەغەکردنى هاتووچۆ و، تووندکردنى رێنماییە تەندروستیەکان، ئەو کۆمیتەیە سەرجەم چالاکییەکانى رۆژى جیهانى کۆبانی هەڵپەساردووەو، داواشی لەسەرجەم کوردانی تاراوگەو کوردستان کردووە، بەهاشتاگی  #WorldKobaneDay لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو یادە بەرز رابگرن.

لەکۆتاییشدا دەڵێت ” رۆژئاوا بەرگرى لەجیهان کرد، تاریک نەبێت، ئێستاش نۆرەى ئێمەیە بەرگرى لێبکەین دژى هێرشەکانى ئەردۆگان”.