پرسی فێمینیزم لە هەرێمی کوردستان

پ
گۆنا سەعید: جۆرەکانی فێمینیزم و جیاوازییەکانیان (بەشی سێ یەم)
جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا و دوای دوو ئایدیۆلۆجی و ئاراستەی فکریی جیاواز کەوتوون، لیبرالیزم کە ئایدۆلۆجی و بونیادی فکریی سەرمایەداری پێک دێنێت و، مارکسیزم کە ڕەخنەی ڕیشەیی هەیە لە پێكهاتەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری.
بەشێک لە فێمینیستەکان لەژێر ناوی فێمینیزمی ماتریالیستی، بە هاوکاری لەگەڵ فێمینیستە مارکسیستەکان، توانیان دەست بگرن بەو ڕەخنەگرتن لە ئەو کۆیانە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەیە لە هەموو جێگایەک، لەوانە: پاتریارکی و سەرمایەداری. ئەوان جەختیان کردەوە کە ژیانی ژنان لە هەموو شوێنێک کەوتۆتە ژێر کاریگەریی سەرمایەداریی جیهانی و پیاوسالارییەوە. ڕایانگەیاند کە لە باری سیاسییەوە کارێکی خۆکوژی دەبێت کە ئەم ڕەخنەی بونیادی لە سەرمایەداری و پاتریارکی، جێگەی بگیرێتەوە بە ڕەخنەی ستراتیجییە سیاسییە لۆکاڵییەکان و ڕوانگەی واقیعی کۆمەڵایەتیی پارچەپارچەکراو. لەم هەوڵانەدا میتۆدی شیکاریی ئینتەسێکشنالیتی سەری دەرهێنا، کە لە یەک کاتدا ڕەخنە لە جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی و ئەتنیکی و هەموو سەرچاوەکانی تری سەرکوت دەگرێت. بەم جۆرە ئەم فێمینیستانە دەورێکی گرنگیان گێڕا لە جارێکی کە پێناسکردنەوەی تێوری فێمینیستی، و لێکدانەوەی پرسەکانی چین، جێندەر و ڕەگەز (race). ئەم جارەیان ئەم فێمینیزمە نەک تەنها بۆ ڕزگاری ژنان، بەڵکوو وەک بزووتنەوەیەک کە باس لە ڕزگاریی کۆمەڵگە دەکات، دژە سەرمایەدارییە و، ڕەخنەی بونیاتی لە سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری و سیاسی نیولیبرالیزم هەیە.
لەدوای ٢٠٠٨وە، واتە دوای قەیرانێکی گەورەی سەرمایەداری و ئابووریی نیۆلیبرالیزم، فۆرمەکانی ئێکۆفێمینیزم، ترانسناشناڵ فێمینیزم، فێمینیزمی ڕەش و ئینتەرسێکشنال بە هێزەوە هاتوونەتەوە و خەریکی خەباتی فێمینیستین. فێمینیزمی ترانسناسیۆنالی یان جیهانی کە لە خۆیدا لە هەوڵی کۆکردنەوەی هەموو فۆرمەکانی فێمینیزمی دژە سەرمایەدارییە، بەتایبەت هاتۆتە مەیدان بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری سەبارەت بەوەی کە چۆن جیهانگیری و سەرمایەداری کاریگەریی لەسەر هەموو خەڵک بەگشتی، بە جیا لە نەتەوە و ڕەگەز و سێکس و چین و جێگای نیشتەجێی خەڵك داناوە. ئەم فۆرمە لە فێمینیزم، فێمینیزمی دژە سەرمایەداری، دژە سیستەمی ئابووریی نیۆلیبرالیزم، بە دەستەوەگرتنی تێوری ئابووریی مارکسیستی و لێکدانەوەی چینایەتی خەریکە جارێکی کە خۆرێکخستننە و، بەرپاکردنی بزووتنەوەی فراوانی جەماوەری و کۆمەڵایەتی کە هەم داوای ماف و چاکسازی دەکات لە بارو دۆخی ژیانی ژنان و چینی کرێکاردا، هەروەها خۆی وەک بەدیلێکی شۆڕشگێڕانە نیشان دەدات کە خەریکە هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی تری وەک، دژە ڕاسیسزم، یەکسانی بۆ هۆمۆسێکسواڵەکان و گروپە کەمایەتییە سەرکەوتکراوەکانی تر لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و پێشەنگی خەباتێكی فراوانی دژە سەرمایەداری دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو ئاسۆیە لەدەست بدات کە سەرچاوەی هەموو نایەکسانییەکان کۆمەڵگەی چینایەتی، سەرمایەدارییە.
پریشکی ئەم هەستانەوەیە لە ساڵی ٢٠١٧ لە خۆپێشاندانی سەدان هەزار ژن و پیاوی یەکسانیخواز بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە لە ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر نمایشی خۆی کرد. دواتریش مانیفێستی خۆی لە نامیلکەی فێمینیزم بۆ ٪٩٩ی خەڵك ڕاگەیاند کە تیایدا نیازی خۆی بۆ دژە سەرمایەداری بوون، ئیکۆ بوون، ئینتەرسێکشنال، پارێزەری مافی هەموو کەمایەتییەکان و ئێل جیبیتی… هتد ڕاگەیاندووە.
پێویستە باس لە جۆرێکی تری ترسناک لە “فێمینیزم” بکەین کە لە هەندێک ئەدەبیاتدا بە ناوی “فێمینیزمی نیولیبراڵ” باس کراوە. نموونەیەکی ئەم جۆرە لە فێمینیزم، شێریل ساندبێرگ دایهێنا لەژێر ناوی ‘لین ئین’، کە تیۆرییەکەی لەسەر ئەوە بونیاد ناوە کە بازاڕی ئازادیی سەرمایەداری چارەسەری نایەکسانی ڕەگەزیی بەرامبەر بە ژنان پێیە. ئەو بانگەوازی ژنان دەکات کە سەر دانەوێنن و هەوڵ بدەن و شەڕی تاکەکەسی بکەن لە بازاڕدا.
نموونەی تری ئەم فێمینیزمە، ئەو هەڵمەتەیە کە بۆ بەكاڵاکردنی جەستەی ژنان و، پارچەکانی جەستەی ژنان، قبوڵکردنی سێکسیزم وەک ڕاستییە نەگۆرەکان، پراکتیسی فێمینیستی کردۆتە ئەم بیرۆکە تاکپەرستانەیە کە بە ژنان دەڵێت بچۆ لە ڕێگەی ئیستحقاقەوە دەستکەوتەکانت بە “هەر ڕێگایەک” بێت بەدەست بێنە. نموونەی بڵاوبونەوەی دەیان جۆری پیشەی مۆدێل، کۆسمەتیک، مەیکئەپ ئارتیست، کاری لاپ دانس و مەساج، ..هتد؛ لەبری ئەوەی ئەمانە وەک ئارەزوو و هەڵبژاردەی بەشێکی کەم لە کچان و ژنان وەک مافێکی ئازادیی هەڵبژاردن ..پارێزراو بێت، کەچی بوونەتە پیشەسازی گەورە و بەدیلێکی پیشە و کار و ڕێگای نان پەیداکردن و گەشتن بە ئامانجی و ئاواتی “دەوڵەمەندبوون” و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ ژنان
٤-کێشەی لیبراڵ فێمینیزم
جۆرە جیاوازەکانی فێمینیزم بەگشتی دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا و دوای دوو ئایدیۆلۆجی و ئاراستەی فکریی جیاواز کەوتوون، لیبرالیزم کە ئایدۆلۆجی و بونیادی فکریی سەرمایەداری پێک دێنێت و، مارکسیزم کە ڕەخنەی ڕیشەیی هەیە لە پێكهاتەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری. ئەم دوو بیرکردنەوەیە لەنێو خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و یەکسانی جگە لەوەی درێژترین تەمەنیان هەیە، هەروەها گەورەترین هۆکاری دابەشبوونی جۆرەکانی فێمینیزمن لە بواری تێوری و پراتیکدا .
لیبراڵ فێمینیزم، خاسیەتی تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ژنانی چینی باڵادەست بچن لەم سیستەمە نایەکسان و پڕ لە نەهامەتییەی سەرمایەداری بەشدار بن لە دەسەڵاتدا
لیبراڵ فێمینیزم، کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا بە فێمینیزمی ژنانی بورژوازی ناسراوە، هەمیشە پاڵپشت و هاوکاری دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری چینی دەسەڵاتداری سەرمایەدارییە لە هەموو جیهاندا. فۆرمی دەسەڵات هەرچی بووبێت، دیکتاتۆری، دیموکراسی، سەرمایەداریی دەوڵەتی، ئەم جۆرە فێمینیزمە لە نێویدا جێگەی بووەتەوە. لە سەردەمی ئێستادا، بە هۆی کۆتای سیاسی بۆ ژنان لە زۆربەی زۆری وڵاتانی دنیا، ئەم فێمینیزمە دەسەڵاتی پەیدا کردووە و خۆی کردۆتە نوێنەری هەموو ژنان لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکاندا و، هەموو سەرچاوە ماددییەکان دەبات بۆ خۆی وەک بەشی ئیلیتی ژنان.
لیبراڵ فێمینیزم، خاسیەتی تایبەتی ئەوەیە کە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات کە ژنانی چینی باڵادەست بچن لەم سیستەمە نایەکسان و پڕ لە نەهامەتییەی سەرمایەداری بەشدار بن لە دەسەڵاتدا . ئیتر گرنگ نییە کە بە هۆی ئەم دەسەڵاتەوە ملیۆنان ژن بێکار دەبن، نانبڕاو دەبن، خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزاری تریان نابێت. کەم نین ئەو فێمینیستە لیبراڵانەی کە بە شان و باڵی ژنانی وەک مارگرێت تاتشەر، هیلاری کلینتۆن و مادلین ئۆبرایت هەڵ دەدەن و وەک پێشەنگی دەستکەوتەکانی فێمینیزم باسیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە بڕیار و سیاسەتەکانی ئەم ژنە سەرکردانە، هەمیشە هۆکاری نەهامەتی گەورە و هەژاری و بێکاری و ستەمی زیاتر بوون لەسەر ژنان. مێژووی فێمینیزم پڕیەتی لەم جۆرە کە خۆی کردۆتە خاوەنی هەموو دەستکەوتەکانی ژنان لە ئەوروپا و تەنانەت لە جیهانیشدا. ئەم دەستکەوتانەش بە ملیۆنان ژن دەفرۆشنەوە، گوایا ئەمانە بە قازانجی هەموو ژنانن. ئەم جۆرە فێمینیزمە دەتوانیت چاوپۆشی لە هەموو نایەکسانییەکانی تری زۆرینەی ژنان بکات و تەنها چاوی لەوەبێت کە ژمارەی لە ژنانی نێو چینی دەسەڵاتدار بخاتە نێو ناوەندەکانی بریاردان و سەرۆکی کۆمپانیاکان.
خەباتی ژنان و فێمینیزم، نە تەنها گوتارێكی میدیایی ڕادیکاڵی دژە پیاو ە و، نە تەنها هی ئەوانەیە بە دوای بەدەستهێنانی جێگای سەرکردە و بڕیاردانی ژنانن لەنێو پارتە سیاسییەکان و کۆمپانیا و دەسەڵاتدا.
لە سەردەمی ئێستادا زۆربەی ئەو “پێشکەوتنە”انەی کە بە هۆی “جیاکاریی ئەرێنی”ەوە، بەدەست هاتوون، بوونەتە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتنی ژنانی نێو چینی دەسەلاتدار . ئەم چینە دەسەڵاتدارە هەرچۆنێک بێت توانیویەتی سامان و جێگایەکی زیاتر بۆ ژنە پەرلەمانتارەکان، ژنە بەڕیوەبەرەکان، دادوەرەکان، بانکدارەکان، خاوەن کۆمپانیاکان دروست بکات. بەڵام کاتێک ئەم ژنانە کێشەی خۆیان لە نێو ڕیزەکانی دەسەڵاتدا چارەسەر دەبێت، ٪٩٩ ەکەی تری ژنان لە بیر دەکەن کە بە ترسناکترین جۆری ستەم و چەوسانەوەدا دەڕۆن. هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە کە دیاردەیەکی هاوشێوە لەگەڵ چینی ناوەڕاستی ڕەشپێستی ئەمریکا و ئەروروپادا ڕوویدا، کاتێك بە هۆی بزووتنەوەی دژە ڕاسیزمەوە هەندێکیان خۆیان گەیاندە پلە و پۆستی باڵا، ئەمەشیان وەک دەستکەوتی گەورەی هەموو ڕەشپێستەکان نیشان دا. لەهەر دوو نموونەکەدا زۆربەی کات ئەو دەستکەوتانە بەناوی هەموو خەڵکەوە وەردەگیرێت، لە کاتێکدا بەرهەمەکەی ناچیتەوە لای جەماوەرە نایەکسانەکە، هەر بۆیە هیچ کات نە کۆتای ژنان و نە جیاکاریی ئەرێنی نابێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی جیاکاری، بەڵکوو زیاتر هەڵاواردن و پشتبەستن بە تۆکنیزم زیاد دەکات.
لەگەل هەموو ئەمانەشدا، خەباتی ژنان و فێمینیزم، نە تەنها گوتارێكی میدیایی ڕادیکاڵی دژە پیاو ە و، نە تەنها هی ئەوانەیە بە دوای بەدەستهێنانی جێگای سەرکردە و بڕیاردانی ژنانن لەنێو پارتە سیاسییەکان و کۆمپانیا و دەسەڵاتدا. بزووتنەوەی ژنان و خەباتی ژنان هەروەها ..خاوەنی ژنانی چالاک و نووسەر و ئەکادیمی و گەنجانی تینوو بە ئازادی و یەکسانین. بۆیە دەبێت جۆرەکانی فێمینیزم بناسینەوە، لەیەکیان جیا بکەینەوە و، بەوردی هاوخەباتەکانی خۆمان دیاری بکەین.