کورد لەنێوان ململانێی ئەمەریکا – ئێران خۆى یەکلایی نەکردۆتەوە

پ

ناکۆکییەکانى ئەم دواییەى نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کۆمارى ئیسلامی ئێران، ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خستۆتە بەرزترین ئامادە باشییەوە، بۆ ئەوەى خۆى بۆ هەموو سیناریۆییەکى خراپ ئامادە بکات.

هاوپەیمانانى هەردوو لایەنى ناکۆکەکە بەدڵەراوکێیەوە دەڕواننە ئەو ململانێیەى نێوان تاران و واشنتۆن، بەتایبەت لەسەروبەندی شکستهێنانى هەموو هەوڵێک بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە.

سەرەڕاى ئەوەى هەردوو پایتەخت ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەنجامدانى دانووستاندن، بەڵام بەشێوەیەکى کارا شتێک نەهاتۆتە دی، وڵاتانى ناوچەکە هەناسەیەک بۆ دوورکەوتنەوەى مەترسییەکانى جەنگ هەڵکێشن.

ئەوەى بەمێشکی ئەو هاوپەیمانانەى هەردوو بەرەى دژ بەیەک دەسوورێتەوە، ئەویش ؛ ئەگەر جەنگ لەنێوان ئەمەریکاو ئێران هەڵگیرسا چۆن مامەڵە بکەن و، لەچ بەرەیەک بوەستن؟

لەنێو ئەو هاوپەیمانانەش کوردەکانن، کە خۆیان بەتێوەگڵاو لەو هەرایە دەبیننەوە، چ بەئارەزووی خۆیان بێت یاخود بەسەریاندا سەپێنراوە، هاوشێوەى ململانێیەکانى دیکە ئاڵۆزییەکە کەوتۆتە بەردەگاى ئەوان.

وەڵامى ئەو پرسیارە تاوەکو ئێستا روونە، یاخود تاڕادەیەک وەڵامدانەوەى دواخراوە، بەتایبەت لەسەروبەندی بەرزبوونەوەى دهۆڵى جەنگ و دابەزینى سەداکەى، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن ” پرسەکە لەفشارخستنە سەر کوردەکان بەهەر جۆرێک بێت کەم نیە”.

لەساڵانى رابردوو ئەمەریکا هاوسۆزییەکى گەورەى بۆ کوردەکان هەبوو، بەجۆرێک گەیشتە رادەی پێشکەش کردنى پاڵپشتى سیاسی و لەهەندێک کاتیشدا سەربازی.

دیلمان عەبدولقادر، توێژەرى کورد لەلێکۆڵینەوەیەکدا کە لەگۆڤاری (ئەنتەرناشیوناڵ ئینتریست) بڵاویکردۆتەوە دەنووسێت “دوابەدواى شەڕى کەنداوی یەکەم، لەرێگەى دروستکردنى ناوچەى دژە فرین بەرامبەر فرۆکە جەنگییەکانى سەددام حوسێن، واشنتۆن ئاسانکاری بۆ دروستبوونى هەرێمى کوردستانى عێراقی کردووە، لەو کاتەوەش کوردەکان و ئەمەریکییەکان هاوبەشییەکى سیاسی و سەربازی تایبەتمەندیان دروستکردووەو، هەردوو لایەنیش سوودمەند بوونە”.

بەڵام ئەو هاوپەیمانیە لەدواى ٢٠١٧ گۆڕانێکى نەرێنى بەخۆیەوە بینی، کاتێک کوردەکان بانگەوازە نێودەوڵەتیەکانیان پشتگوێ خست و، سووربوون لەوەى لە ٢٥ ئەیلوولی ٢٠١٧ ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدەن، هەروەها هیچ بەهایەکیان بەبۆچوونى ئەمەریکا دانەنا.

ناکۆکییەکانى هەولێرو واشنتۆن گەیشتبووە ئاستێک چاوپۆشى لەهێرشەکانى حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى پێشووى حکومەتى عێراق بکات، بۆ ئەوەى دووبارە شارى کەرکوک لەدەستى کوردەکان دەربهێنێتەوە.

لەو هێرشە کەپەنجەمۆری ئێرانییەکان بەروونى دیاربوونن لەرووى پلاندانان و پاڵپشتى و هەماهەنگی، ئەو کات واشنتۆن ئەو پرسە بەخاڵێکى ئەرێنى بۆ ئێران هەژمار کرد.

لەلایەن خۆیەوە رێنارد مەنسوور، پسپۆڕی کاروبارى عێراق لەدامەزراوەى تشاتام هاوسی توێژینەوەیی گووتى ” ئێران هەمیشە بەهەنگاوێک لەپێش ریفراندۆمەکەوە بووە”.

ئاماژەى بەوەشداوە ” ئێرانییەکان دەیانزانى مەسعود بارزانى، هەرگیز ریفراندۆمەکە دواناخات، بۆیە ئێرانییەکان پلانیان دادەڕشت بەڵام ئەمەریکییەکان سەریان لێشواو بوو”.

بۆیە بۆ ئەمەریکا ئەستەمە بتوانێت هەردوو لایەن رازی بکات، بۆ ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دژى ئێران بەکاربهێنن.

دواى ئەو پرسە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات هێوربوویەوە، بەتایبەت لەرۆڵى کوردەکان لەپاڵپشتى کردنى هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى دەوڵەتى ئیسلامی داعش، بەڵام دووبارە زەنگی مەترسیی و دڵەراوکێی لێی دایەوە.

عەبدولقادر هیمای بەوە کردووە ” واشنتۆن تۆمارێکى پڕی لەچەندین بۆنە هەیە کە پشتى لەکوردەکان کردووە، بەتایبەت ئەو کاتەى پێویستیان بەهاریکارییەکانى دەبێت، بۆیە دەکرێت بەئاشکرا هەرێمى کوردستان یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژى ئێران بکات؟”.

بەشێک لەچاودێران و شرۆڤەکاران بەدوورى دەزانن کوردەکان خۆیان لەو جەنگە بقورتێنن.

لەلایەن خۆیەوە مارک بیری پێی وایە کوردەکان ” لەبنەڕەتدا کوردەکان شەڕ ناکەن، نە لەگەڵ ئێران و نە لەگەڵ ئەمەریکا”.

بەڵام سەردار دەروێش، چالاکوانى کورد دەڵێت ” لەم ساڵانەى دواییدا ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانیەکى باشى لەگەڵ کوردەکان دروستکردووە، بەجۆرێک سەلماندیان کە هێزێکى گورز وەشێنن بۆ چەسپاندنى سەقامگیرى و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر”.

دووپاتیدەکاتەوە ” بەرژەوەندی کورد ئەوەیە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان بمێننەوە”.

لەبەرامبەریشدا عەبدولقادر جەخت لەوە دەکاتەوە ” ئەگەر شەڕى راستەوخۆ لەنێوان ئەمەریکاو ئێران هەڵگیرسا، ئەگەری ئەوە هەیە کوردەکان خۆیان لەشەڕەکە بەدوور بگرن، لەکاتێکدا ئەگەر واشنتۆن گەرەنتەیەکى ئاسمانى و زەمینى تەواو بۆ هەرێمەکەیان نەرەخسێنێت، کە چەندین دەیەى داهاتوو مسۆگەر بکات، ئەمەش پێناچێت بەدی بێت”.

هەرێمى کوردستان ئامادە نیە سەقامگیرى خۆى بخاتە مەترسییەوەو، کوردەکانیش نایانەوێت هاوشێوەى براکانیان لەسووریا بچنە قۆناغێکى نادیارەوە، کە رووبەرووى مەترسیی کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەهەر سات و ئانێکدا دەکرێت.

بۆیە شەڕى ئەمەریکاو ئێران گەر هەڵگیرسا ئەوا درێژخایەن و تێچووى بەرز دەبێت.

کوردەکان ئەو ئەگەر بەدڵەراوکێیەکى بەرزەوە تاوتوێ دەکەن، پێدەچێت واشنتۆن داوا لەهەولێر بکات، فشارەکانى بۆ سەر ناوچە چیاییەکان تووند بکات، تاوەکو ئاسمان بەرامبەر فرۆکەکانى کراوە بن.

یەکێکی دیکەش لەو داوایانە کردنەوەى سنوورەکانى هەرێمى کوردستان و کوردەکانى ئێرانە، بۆ ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگەی حکومەتى هەرێم و پێشمەرگەکانى دیکە چاودێرى ناوچەکە بکەن، ئەمەش ئاسانکاری بۆ گەیشتن بەنێو ئێران دروستدەکات کە لەژێر کۆنترۆڵى کوردەکانە.

لەبارەى ئەو ئەگەرانەوەش توێژەرە کوردەکە دەڵێت ” گووتن ئاسانترە لەکردەوەکان”، بەجۆرێک ئێران ریشەیەکى قووڵى لەنێو حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرجەم پارتە سیاسییەکان هەیە، بەتایبەت لەنێو پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، کە لەرێگەى هەردوو بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانیەوە ئەنجامدەدرێن.

بۆیە بۆ ئەمەریکا ئەستەمە بتوانێت هەردوو لایەن رازی بکات، بۆ ئەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دژى ئێران بەکاربهێنن.

لەدەرەوەى سنوورى هەرێمى کوردستانیش بەغدا هاوشێوەى هەولێر لەقەیرانێکى ئاڵۆزدایە، لەلایەک پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، بەبێ ئەوەى کاریگەرى لەسەر پەیوەندییە تووندوتۆڵەکانى ئێران بکات.

ئەوەى جێی گومانەو ناتوانرێت بپارێزرێت بێلایەنى عێراقە لەنێو ئەو ژینگە ئاڵۆزەى تێدایەو، لەبەردەم راگەیاندنى هەڵوێستێکە لایەنگری لایەنێک دژى ئەویتر بکات.

ئەگەر بەدەست کوردەکان بێت ئەوا بەرەى ئەمەریکا هەڵدەبژێرن.

عەبدولقادر باس لەوە دەکات ” ئەگەر شەڕ هەڵگیرسا یاخود نا، ئەوا ململانێیەکانى ئێران و ئەمەریکا دەیسەلمێنێت کە پێویستە هاوپەیمانانیان بەتایبەت کوردەکان پارێزگارییان لێبکەن و، نابێت لەداهاتوو دەستبەردارى بن، بەجۆرێک کوردەکان پشت بەهێزەکانى ئەمەریکا دەبەستێت لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

بۆیە کوردەکان چیتر کەمینەیەکى بچووک نیە بتوانرێت پشتگوێ بخرێت.