تەندروستی هەرێم ئامارێکی نوێی پەتای کۆرۆنا بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئامارێکی نوێی پەتای کۆرۆنای بڵاوکاتەوە و لە ئامارەکەدا پارێزگای دهۆك ، لە دوێنێ تاوەکو ئەمڕۆ ، هیچ هاوڵاتییەک چاک نەبووەتەوە و زۆرترین پشکنینیش لەو پارێزگایە ئەنجام دراوە.
لە ڕاگەیەندراوی ژمارە ٢٠٤ی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم دا هاتووە ، لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ ، ژمارەی ئەو کەسانەی تووشی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە ، ٦٨٠ هاوڵاتین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان .
وەزارەتی تەندروستی ، لە ڕاگەیەندراوەکەی دا ، ئاماری تووشبوانی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگاکانی هەرێم بەجیا بڵاودەکاتەوە و تیایدا هاتووە :
لە پارێزگای هەولێر ٢٠٦ تووشبووی نوێ تۆمارکراوە و لە پارێزگای سلێمانی ،١١٤هاوڵاتی و ئیدارەی گەرمیان ٣٥ و ئیدارەی ڕاپەرین هیچ تووشبوویەکی تۆمارنەکردووە و لە پارێزگای دهۆک ، بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی ، زۆرترین ڕێژەی تووشبوون لەو پارێزگایە تۆمارکراوە و بە پلەی یەکەم دێت بە ٣٠٥ هاوڵاتی تووشبوو و لەپارێزگای هەڵەبجەش ٣٠ هاوڵاتی.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ئاماری چاکبوانیش لە دوێنێوە تاوەکو ئەمڕۆ دەخاتە ڕوو کە ٢٧٠ هاوڵاتی ، ڤایرۆسەکەیان تێپەڕاندووە و بەپێی دابەشبوونی چاکبووان بەسەر پارێزگاکانی هەرێم ، پارێزگای هەولێر لە پلەی یەکەم دا دێت بە ، ٢١٣ چاکبوو و دوای هەولێر ، پارێزگای هەڵەبجە دێت کە ٢٣ چاکبووی تۆمارکردووە و پاشان پارێزگای سلێمانی بە ١٢ چاکبوو و گەرمیانیش بە ٢٢ چاکبوو و پارێزگای دهۆک ، هیچ چاکبوویەکی لە دوێنێ تاوەکو ئەمڕۆ تۆمارنەکردووە
ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی بە پەتاکە لە دوێنێوە گیانیان لەدەستداوە بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە سەرتاسەری هەرێم ، ژمارەیان ٢٩ هاوڵاتییە و بەپێی دابەشبوونی بەسەر پارێزگاکانی هەرێم ، پارێزگای دهۆک پلەی یەکەمە و ١٢ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە بە پەتاکە و دوای دهۆک بە پلەی دووەم ، پارێزگای سلێمانی دێت کە ، ٧ هاوڵاتییە و گەرمیان ٢ هاوڵاتی و ئیدارەی ڕاپەرینیش ٢هاوڵاتی
وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بەوەش دەکات کە تێکڕای ئەو پشکنینانەی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردووەوە کراوە و ٦٨٠هاوڵاتی تیایدا تۆمارکراوە ، ژمارەیان ٦٣٢١ پشکنینی نوێیە و ١٦٦٩ لەهەولێر و ٧٧٨ لە سلێمانی و ١٤٢ لە گەرمیان و ٣٦٥٢ــیش کە زۆرترینیانە لە دهۆک و هەڵەبجەش ٥٠ پشکنین.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، سوپاسی پزیشکان دەکات کە لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتاکەن و داوا لە هاوڵاتیان دەکات ، پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن و بەهەموو شێوەیەک ، خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ بە دووربگرن و بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراویش ، پەیوەندی بە هێلی گەرمی ژمارە ١٢٢ بکەن .