تەعریبێکى نوێ روو لەکەرکوک دەکات
لەبارەى پرسی کەرکوک بەرپرسێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان هۆشداری پەرەسەندنى ناکۆکییە ئەنتنیەکانى نێوان عەرەب و کورد لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان داوە.
لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵى دەنگی ئەمەریکا (VOA)، بەبێ بڵاوکردنەوەى ناوەکەى ڕایگەیاندووە ” ئەو ناکۆکییانە چانسێک بەگرووپی داعش دەدات بەئارەزووی خۆی هێرش ئەنجامبدات”.
شارى کەرکوک، یەکێکە لەو ناوچانەى بەپێی ماددەى ١٤٠ دەستووری عێراق، ڕەوشێکى تایبەتى هەیەو، پێویستە بەسێ قۆناغ دۆخەکەى ئاسایی بکرێتەوەو، پرۆسەى تەعریبی تێدا رابگیرێت و، دانیشتووانە ڕەسەنەکەشى کەپێشتر لەلایەن رژێمەکانى پێشووى بەغداوە دەرکراون بگەرێنرێنەوە.
بەڵام لەدواى ئەنجامدانى ریفراندۆم و، رووداوەکانى ١٦ تشرینى یەکەمى ٢٠١٧ و کاردانەوەکان، دووبارە شارەکە کە لە ٢٠٠٣ ـەوە لەژێر دەسەڵاتى کوردەکان بوون، وەرگیردرایەوەو، کەوتەوە ژێر دەسەڵاتى بەغدا.
بەرپرسەکەى حکومەتى هەرێم بەو کەناڵەى گووتبوو ” ناکۆکیی ئەتنینە نوێبووەکان مانای داڕمانى دانووستاندنە هاوبەشەکانى نێوان حکومەتى هەولێرو بەغدا نایەت”، هۆکارەکەشی بۆ پرسە هاوبەشەکان وەک بوودجە، هەوڵە سەربازییەکانى بەڕەنگاربوونەوەى داعش گەڕاندۆتەوە.
حکومەتی هەولێر دووپاتیدەکاتەوە ” ئەو خێزانە کوردانەى بەزۆرەملێ لەلایەن دانیشتووانە عەرەبەکان دەردەکرێن، هەڕەشە لە ئاشتى و سەقامگیری ناوچەکە دەکات”، بەگووتەى پسپۆڕانیش ئەو ململانێیانە ” زەمینەیەکى باشە ” بۆ ئەوەى داعش لەرێگەى شانە نووستووەکانیەوە دەست بەهێرشکردن بکاتەوە.
لەسەر حیسابی هاوڵاتیە ڕەسەنەکان دەستیان بەسەر پشتى ئەو عەرەبانە هێنایەوە
پرۆسەى تەعریبکردنەوەى کەرکوک لەساڵى ١٩٩١ دواى جەنگی کەنداوی دووهەم بەچڕی دەستپێکردەوە، کەئەو شارەش یەکێک بوو لەشارە ڕاپەریوەکانى دژى رژێمەکەى بەعس و، زۆربەى خێزانە کوردەکانیش بەرەو شارەکانى سلێمانى و هەولێر دەرکران و، زەوییەکانیانیش بەخۆڕایی بەسەر بنەماڵە عەرەبە هاوردەکراوەکان دابەشکرانەوە.
سەرەڕاى ئەوەى ژمارەیەکى زۆرى عەرەبەکان لەدواى رووخاندنى رژێمەکەى سەددام حوسێن، بەرەو ناوچەکانى خۆیان هەڵاتن، بەڵام سیاسەتە هەڵەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و، یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، کەدوو هێزى دەسەڵاتداری هەرێم بوون، لەسەر حیسابی هاوڵاتیە ڕەسەنەکان دەستیان بەسەر پشتى ئەو عەرەبانە هێنایەوەو، گەڕانەوە ناوچە داگیرکراوەکانیان و، دیسان هاوشێوەى پێش پرۆسەى ئازادی کوردەکانیان دەرکردەوە.
بەقسەى حکومەتى هەولێر ” عەرەبەکان دووبارە ئەو زەوییانە دەکەن، کە سەرۆکى پێشووتری عێراق پێش ٢٠٠٣ بەسەریدا دابەشیکردوون، بەڵام کوردەکان ئامادەى چۆڵکردنى زەوییەکانیان نین، بۆیە لەلایەن کەسانى نەناسراوەو سەرجەم دەغڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکان وەک زیان گەیاندن بەجووتیارە کوردەکان دەسووتێنرێت”.
وەک کاردانەوەیەک بۆ هێمنکردنەوەى هەڵوێستى کورد، وەزارەتى دادی عێراق سەرجەم گرێبەستە واژۆکراوەکانى سەردەمى بەعس لەناوچەکانى ماددەى ١٤٠ هەڵوەشاندەوەو، بەپووچەڵی وەسفیکردووە.
یەکێک لەو کێشانەى رووبەرووى جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ بوویەوە، کەدەبوایە تاکۆتاییەکانى ٢٠٠٧ تەواوی رێکارەکان جێبەجێ بکرایە، خوودی سیاسەتەکانى هەولێر بووە، کەلەپێناو پۆستى باڵاو پارەو بوودجەى عێراقی بەلایانەوە گرنگ نەبووە، دۆخی ئەو شارە بەچ ئاراستەیەک دەچێت.
تەنانەت لەکاتى خۆیشیدا حەمید مەجید موسا، سەرۆکى پێشووتری لێژنەى ماددەى ١٤٠ لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردبوو ” چەندین جار داواى لەمەسعود بارزانی، سەرۆکى هەرێمى پێشوو و، جەلال تاڵەبانی، سەرۆککۆمارى پێشووتری عێراق، یارمەتی بدەن بۆ جێبەجێکردنى ماددەکە، بەڵام ئەوان کارەکانی ئەو ماددەیان پشتگوێ دەخست”.
تەنانەت باسى لەوەشکردبوو ” ئەوان پرۆسەى تەعریبیان لەپێناو ئەجێندای سیاسی خۆیان زیاتر هانداوە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو کەسایەتیە، سوور بووە لەجێبەجێکردنى ماددەکە لەوادەى یاسایی خۆیدا، بەڵام هێزە سیاسییەکانى هەرێم، پرۆسەکەیان بەهەند وەرنەگرت.