وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێك دەردەکات

پ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند ، ”كەرتی پیشەسازی پەلەوەر كەرتێكی گرنگە، بۆیە ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەرمان دامەزراندووە تاوەكو كێشە و گرفتەكانی ئەم كەرتە چارەسەر بكەین.”

ئەمڕۆ دووشەممە٢٨ی ئەیلول ، بێگەرد تاڵەبانی ، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم لە هەژماری خۆیەوە ڕایگەیاند ،لەگەڵ کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەریان ئەنجام دا، كە پێكهاتبوون لە نوێنەری سەرجەم خاوەن كێڵگە پەلەوەریەكان، سەربڕخانەکان، كارگەكانی ئالیك، هەڵێنەرەكان و كۆمەڵە پەلەوەریەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتیە پەیوەندارەکانی وەزارەت

وەزیری کشتوکاڵ ئامانجی کۆبوونەوەکەی ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند ، بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بە كۆی دەنگ چەند بڕیارێكماندا.

یەکەم / بەردەوامیدان بە باجی گومرگی لەسەر هێلكەی تروكاندن، هەروەها تەنها خاوەن هەڵێنەرەكان دەتوانن هێلكە تروكاندن هاوردە بكەن بە پێی توانای خۆیان.

دووەم / دامەزراندنی سندوقی پاڵپشتی كەرتی پەلەوەری، زیادكردنی باج لەسەر پارچەكانی مریشك، ئاسانكاری كرێی كارەبا و سۆیە دەكرێت بۆ كارگەكانی ئالیك، لە بەرامبەردا پێویستە ئەوانیش نرخی ئالیك دابەزێنن بۆ ئەوەی نرخی مریشك لەسەر هاوڵاتی كەم بێتەوە.

سێیەم / لیژنەیەك چاودێری هەڵێنەرەكان دەكات بۆ چارەسەركردنی هەناردەی بەرهەمی مریشک بۆ خوارو ناوەڕاستی عێراق.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری کشتوکاڵ ئەوەش دەخاتە ڕوو کە پڕۆژە یاسایەكیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ پێداچوونەوە بەكاری سەرپەرشتی پڕۆژە كشتوكاڵی و ڤێتێرنەریەكان لەگەڵ قەرزە كەڵەكە بووەكانی سەر پڕۆژەكان، تا بكرێتە قەرزی درێژخایەن.