مووچەخۆران دەپارێزین لە قەیرانی دارایی

مستەفا کازمی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا ڕایگەیاند ، ئەم حکومەتەی ئەمڕۆ دەرئەنجانی نەهامەتی و ویستی گەل هاتووەتەوە ئاراوە
کازمی دەشڵێت ، لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونمانەوە تۆمەتیان بۆ دروست کردین و دەیانویست ئێمەش ، هەڵەی ئەوان لە ڕابردوو دووبارە بکەینەوە و ئەگەر واشمان بکردایە ، ئێستا پشتگیریان دەکردین .
لەبارەی دۆخی ئابووری عێراق ، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەکرد ، عێراق هەرگیز مایەپووچ نابێت چونکە ، خێروبێری زۆرە بەڵام ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات ، دەرئەنجامی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بوو لە ڕابردوو و ئێمەش شەو و ڕۆژ کاردەکەین تاوەکو مووچەخۆرانی عێراق دووربخەینەوە لەو کریزە داراییەی تێی کەوتووە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ، ٦٥٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی ناوی قوربانیان بە ” جۆکەر ” دەبەن ، لە بەرژەوەندی خۆیان دەترسێن لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان دژ بەو گەندەڵانەبوونە .
لەبارەی بۆردومانکردنی کونسولخانەی ئەمەریکاوە کازمی ووتی ، ” ئێمە نیگەرانی ئەمەریکامان بەدەست گەیشتووە لەبارەی بۆردومانکردنی کونسولخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەمەریکییەکان ناوی داخستنی باڵێۆزخانەی خۆیان لە بەغداد پێ ڕانەگەیاندووین “.
لەبارەی پەیوەندی و نزیکایەتی خۆی لە موقتەدا سەدر ، کازمی ڕوونی کردەوە ، ” پەیوەندیم لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان ، یەکسانە و من پشتگیری هەڵوێست و هەستی عێراقییانەی جەنابی موقتەدا دەکەم و پاڵپشتی و پارێزگاری و بەرگری لە هەڵوێستە نیشتیمانییەکانی دەکەم “.