لەگەڵ کۆرۆنا بەرەو کوێ دەچین؟

پ

کۆرۆنا کێشەیەکی تەندروستیە و ھۆکارەکەی ڤایرۆسێکی سروشتیە، بەڵام کێشەی نەتوانینی چارەسەر و روبەڕوبوونەوەکەی سیستمی ئێستای سەرمایەداریی لێی بەرپرسە.

توشبوونی نیو ملیۆن ئینسان و مردنی ٢٤ ھەزار کەس نیشانمان دەدات کە سیستمی بەرگری تەندروستی دنیا بە تەواوەتی وێرانە، ئایا ھۆکاری ئەم مەرگە بە کۆمەڵە چیە و بۆچی ئەم سیستمە ناتوانێت بەری پێ بگرێت؟ بێگومان ئەمە ئەمڕۆ پرسیاری ھەموو کەسێکە کە بە خەمی گیان و تەندروستی ھەزاران و ملێۆنەھا ئینسانەوەیە کە بزانێت کەموکوڕییەکە لە کوێدایە و بۆچی چارەسەر و روبەڕوبوونە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا سست و لاوازە و ناتوانێت کۆمەڵگە لەم مەترسیە ڕزگار بکات؟

من ئەم پرسیارەم لە ڕیکخراوی تەندروستی جیھانی کرد WHO، ئایا ئامار و ستاتیتستیکی جیھانی چیان لەسەر ئەم چارەسەرە لە بەردەستدایە کە نیشانی بدات کەموکوڕی دەزگای تەندروستی، پەرستیار، دکتۆر، خەستەخانە، دەرمان و چەند پارە پێویستە خەرج بکرێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم پەتا کوشندەیەدا؟ بەڕێز کارۆلینا، لە بەشی COVID-١٩ Solidarity Response Fund وەڵامی داومەتەوە و دەڵێ” ھاوکاری تیمەکانی تەکنیکی بۆ ئێران و ئیتالیا نێردراوە و فەندەکانی WHO بۆ پشتیوانی بواری فریاکەوتنی کتوپڕ، خەتەری سەر خەڵک ، دۆزینەوەی کەیس و پێوەری تەندروستی گشتی، چارەسەری نەخۆش، تاقیکردنەوەی تاقیگەکان، کۆنترۆڵی ھەوکردن و پەرژانە سەر ھەموو کۆمەڵگە و ھەموو حکومەتەکان، خەرج کراوە. دەزگای پاراستنی شەخسیمان بۆ ٥٧ وڵات ناردووە، بۆ ٢٨ وڵاتی تریش دەنێردرێت و پێویستیەکانی تاقیگەش بۆ ١٢٠ وڵات نێردراوە.”

سامانی ئەمڕۆی دنیا زیاتر لە ٣٦٠ ترلیۆن دۆلارە، ئەم ٣٦٠ ترلیۆنە نیوەی لەلای کەمتر%١ دەوڵەمەندەکانی دنیا کۆبووەتەوە

ئەم وەڵامەی WHO نیشانی دەدات کە ١٢٠ دەوڵەت کەمی پێداویستیە سەرەتاییەکانی تاقیگەیی بەرەو روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای ھەیە! ٨٥ دەوڵەتیش پێویستی پاراستنی شەخسی ! ئەمە ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی دەزگای تەندروستی جیھانی ئەمڕۆی سەرمایەداری لە زۆربەی زۆری وڵاتدا کەموکورتی جدی ھەیە ئەگەر نەڵێین وێرانەیە ! نمونەی ئیتاڵیا نیشانی دەدا کە یارمەتیەکانی ئەم ڕیکخراوەی WHO ناتوانێت گیانی ھەزارەھا کەس خێرا ڕزگاربکات.

کەواتە دەبێ چی بکرێ؟ سەرەتا دەبێ خۆمان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە بۆچی سیستمی تەندروستی لە دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا بێ توانا و بێ دەسەڵاتە بەرامبەر بە چارەسەر یان زاڵ بوون بەسەر ئەم پەتای کۆرۆنایەدا؟ وە کێشەی ئەم سیستمە تەندروستیە کە بناغەی ژیان و مانەوەی ئینسانی سەر ئەم گۆی زەویەیە چیە؟ پێویستە سەیری سامانی دنیا و بەشی کەرتی تەندروستی لەم سامانە بکەین تا بزانین ئەم کێشەیەی سیستمی تەندروستیە جیھانیە لە کوێدایە کە بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا ئاوا بێ دەسەڵاتە؟

سامانی ئەمڕۆی دنیا زیاتر لە ٣٦٠ ترلیۆن دۆلارە، ئەم ٣٦٠ ترلیۆنە نیوەی لەلای کەمتر%١ دەوڵەمەندەکانی دنیا کۆبووەتەوە، کە ژمارەی دەوڵەمەندەکانی چین لە ڕیزی یەکەمدان و دوای ئەو ئەمریکایە. واتە ٤٦.٨ ملیۆن لە ملیۆنەرەکانی دنیا ١٥٨.٣ ترلیۆن دۆلاریان ھەیە. کۆی ٧ملیار و٧٠٠ملیۆنی دانیشتوانەکەی زەویش ٢٠٠ ترلیۆنیان ھەیە، بەڵام تەنیا ٩٪بۆ کەرتی تەندروستی سەرفکراوە و ٦٠٪ بەشی دەوڵەتە لەم کەرتەدا و ٤٠٪ کەرتی تایبەت خاوەنی سیستمی تەندروستی جیھانیە. ئەگەر ئەوە لە بەرچاوبگرین کە ئەو ڕێژەی ٩٪ ی بودجەیە بۆ ١٥ دەوڵەتی دەوڵەمەندی جیھان کە خاوەنی ٨٤.٣٪ ی سامانی دنیان، لەوانەیە سەرمایەیەکی گەورە بێت بۆ کەرتی تەندروستی، بەڵام ڕێژەی ٥٪ بودجەی دەوڵەتە کە بەشێکی زۆری خۆڕاییە، کەواتە ئەو ٤٪ ەی کەرتی تایبەت لە تەندروستیدا خەرجی دەکا خۆڕایی نیە و وەک سامان و قازانج دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی ١٪ی سەرمایەدارانی جیھان. ھەربۆیە دەتوانین بڵێین کە بودجەی دەوڵەت بۆ تەندروستی ٥٪ ی سامانی گشتی جیھانە کە ٣٦٠ ترلیۆنە، بەڵام ١٨٠ دەوڵەتی تری جیھان تەنیا خاوەنی ١٥،٧٪ ئەم سامانەن. کەواتە ئەگەر لەم بەشەی تری جیھانی سەرمایەداریدا ٩٪ بودجەش تەرخانی کەرتی تەندروستی بکرێ ھێشتا سەرمایەیەکی زۆر ناچیزە و ئەمەش ھۆکاری ئەو کەموکورتیە گەورەیەیە کە لە خزمەتگوزاریە تەندروستیەکانی لەم بەشەی “جیھانی ھەژاردا” دەیبینین و WHO دەبێ لەم قەیرانی کۆرۆنایەدا فریایان بکەوێ، ئەگەر نا ئەوا لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا ئیتاڵیایەکی چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر تەقینەوەی کۆرۆنا ڕویان تێ بکات.

پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی لە سەرمایەداریدا سیستمی تەندروستی لاوەکیە و ھێندەی بودجەی سەربازی بۆ سەرف ناکرێت؟ بێگومان وەک مارکس وەڵاممان دەداتەوە ئەوە پرۆسەی شێتانەی چڕبوونەوەی کەڵەکەی سەرمایەیە لە دەستی ١٪ سەرمایەدارانی جیھاندا کە دیاری دەکات چی پێویستە نەک ژیانی ٩٩٪ خەڵکی سەرزەوی، ئەم دابەشبوونەی سامان نیشانی دەدا کە تەندروستی ئەگەر جێگای قازانج نەبێت ئەوا سەرمایەی تێدا خەرج نەکراوە، بە پێچەوانەوە پرۆسەی چڕبوونەوەی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە دەستی ١٪ جیھاندا وایکردووە کە تەندروستی ئینسانیش وەک ھەر کاڵایەکی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەو بە پێیەش کە تەندروستی بەپێی ڕادەی قازانج کردن تیایدا سەرمایە خراوەتە بازاڕ و توانای کڕینی خەڵکی کرێکار و کەم دەرامەتیش دیاریکراوە، ھەربۆیە وەک مەیدانێکی سەرەکی سەرمایە پارە خەرج نەکراوە بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی خەستەخانە و دەرمان و ئامڕازەکانی پزیشکی و پێگەیاندنی کارمەندانی ئەم بوارە و بگرە پارەی گەڕان و پشکنینەکان و گەشەپێدانی زانستی تەندروستیان بڕی لەم دوو دەیەی ڕابردوودا. ئەگەر ئەمریکا و چین و ئەوروپا بەو سەرمایەوە کە ٩٪ بۆ تەندروستی دانراوە ڕیژەی مردن تیایدا گە شتووەتە ٢٥ ھەزار، دەبێ وڵاتانی ھەژارنشینی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین چ مەرگێکی بە کۆمەڵ چاوەڕێیان بکا و ڕێگا چارە چیە؟ بێگومان گۆڕینی سیستمی تەندروستیە.

ئێستا شەڕ دژی سیستمی کاپیتالیستی تەندروستی شەڕی پاراستنی ژیانی ملیارەھا ئینسانی کرێکار و کەم دەرامەت و پیر و پەکەوتەیە. ئەمە شەڕی چینایەتی ٩٩٪ کۆمەڵگەی ئینسانیە دژ بە ١٪ سەرمایەداران. ناڕەزایەتی زانا و دکتۆرەکانی بەریتانیا فشاری لەسەر حکومەتی پارێزگارانی بەریتانیا دانا کە ئەو سیاسەتانەی کە دەیەوێ خەڵک بکاتە قوربانی نەوەستانی بازاڕی سەرمایە بگۆڕێ. مانگرتنی کرێکارانی ئیتالیا و نەچوونە سەرکار، لەو بوارانەی کە پێداویستی سەرەکی ژیان دابین ناکەن لە ژێر دروشمی “ژیانمان بەھای لە قازانەکانی سەرمایەداران زیاترە”. فشاری یەکێتیە کرێکاریەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی ترەمپ بۆ ڕاوەستانی کار، کە دەیەوێت لە زەلکاوی کۆرۆناشدا بڵێ “دەبێ بازاڕی سەرمایەی ئەمریکا ھەر یەکەم بێ”. ئەمانە نمونەی ئەو ھەنگاوانەن کە ئیرادەی زۆربەی کۆمەڵگە دەھێنێتە مەیدان بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بگۆڕین.

دەبێ سیستمی تەندروستی ئێستای پێ بگۆڕدرێت، دەبێ بە خێرایی ھەموو پێداویستیەکانی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و چارەسەرکردنی لەو ٣٦٠ ترلیۆن دۆلارەی سامانی ھەموو کۆمەڵگەی ئینسانیە و نیوەی لە ژێر دەستی ١٪ سەرمایەدارە گەورەکاندایە دابین بکرێت. ھەرچی سیاسەتی گرتنەوەیە لە کرێی کرێکار و پەرستیار و پزیشکەکانە، وە ھەرچی بڕینی فەندی لێکۆڵینەوە و دابینکردنی تاقیگە و نەخۆشخانە و ئامڕازەکانی تەندروستیە لاببرێت و لەم ٣٦٠ ترلیۆنە ئەو پێداویستیانە دابینبکرێت، مەسەلەیەک کە ئەمڕۆ سەرمایەداری دەوڵەتی چین وەک بەشێک لە بورژوازی جیھانی و چارەکێکی سەرمایەی جیھانی لە ژێر دەستدایە، بەشان و باڵیدا ھەڵدەدا سیاسەتی دیسپلینی دەوڵەتە بۆ کەرەنتینە کردنی خەڵک لە پێناو بەرگرتن بە بڵاونەبوونەوەی ئەم پەتایەدا، ئەمە چەواشەکاریەکی تەواوە کە پێمان وابێت سیستمی تەندروستی چین تەنیا بە کەرەنتینە کردنی خەڵک توانیویەتی کە دۆخی ئەم پەتایە بگۆڕێت و بەم پێیە جیاوازی بنەڕەتی لە سیستمی تەندروستی کاپیتالیستی باقی دنیادا ھەیە.

ژمارەی قوربانیەکانی چین نیشانمان دەدا کە ئەم سیستمی تەندروستی ئەم دەوڵەتە چەند کەمتەر خەم بوو لە سەرەتادا لە وەڵامدانەوە بەو کێشەیە کە بەرەو ڕووی خەڵکی چین و جیھان بووەوە، بەڵام ئێستاش بەھۆی بودجەی تەرخانکراوی چین بۆ پاراستنی تەندروستی خەڵکی ئەم وڵاتە و کۆنترۆڵی کاتی کەرتی تایبەتی تەندروستی لەلایەن دەوڵەتەوە و گەیاندنی ھاوکاری بە وڵاتانی زیانلێکەوتوو، توانیویەتی گۆڕانکارییەک لە کەمبوونەوەی خێرای قوربانیەکانی چین و جیھاندا بکات، ئەم سیاسەتە بۆ دەوڵەتی سەرمایەداری چین کاتیە و ئەمە دەبێ بکرێت بە سیاسەتی ھەمیشەیی ئەم دەوڵەتانە و سیستمێکی جیھانی لە کەرتی تەندروستیدا.

لە کوردستان سەرۆکی حکومەتی ھەرێم خەریکی کەمپینی پیتاک کۆکردنەوەیە بۆ چارەسەری دۆخێک کە ئەمە گاڵتە پێکردنە بە خەڵک نەک چارەسەربێت، ئەم حکومەتە گەندەڵە نەک تەنیا دەبێ پارەی نەوتی ئێستا، بە ڵکو پارەی دزراوی ١٥ساڵی ڕابردووی نەوتیش بخاتە ڕوو تاکو خەرجی ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە و دابینکردنی ژیانی کەرەنتینە کراوی خەڵکی پێ دابین بکات. ھاوکات ھەموو ئەو بڕیارانەی حکومەت کە کەرتی تەندروستی تایبەت کردووە و کردویەتی موڵکی کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان دەبێ بکرێتەوە موڵکی حکومەت و ھەموو پێداویستیەکی تەندروستی دابین بکا بە خۆڕایی، ئەم پەتایە فێری کردوین کە بۆ پارێزگاری لە تەندروستی خۆمان دەبێ سیستمی تەندروستی کاپیتالیستی بگۆڕین.

پێویستە لە ھەموو شوێنێک پێکەوە کرێکاران و خەڵکی زیان لێکەوتوی ئەم پەتایە و ھەموو ھاوڵاتیان کار بۆ ئەم گۆڕانکاریانە لە سیستمی تەندروستیدا بکەین. ھەروەک فشاری زۆربەی یەکێتیە کرێکاری و حزبە چەپ و سۆشیالیستەکان و ناڕەزایەتیە بەرفراوانەکانی سۆشیال میدیا و کۆکردنەوەی دەنگ و واژۆیە توانیویەتی بڕێک لە بیمەی بێکاری و دابینکردنی موچە و کرێی خانوو و بودجە بۆ ئەم قەیرانە دابین بکا، پێویستە ئەم مافانە ھەموو خەڵکی کرێکار و بێکار و کەم دەرامەتی دنیا بگرێتەوە کە توشی ئەم دۆخە بوون و لەو سامانەی کۆمەڵگەی بەشەری کە ئێستا ٣٦٠ ترلیۆنە سەرف بکرێ.

ئەم پارە سپیەی کەڵەکەی سەرمایە بۆ ڕۆژی ڕەشی کۆرۆنا سەرف بکرێ. فەشەل و شکستی ئەم سیستمە تەندروستیەی ئەمڕۆی دنیای سەرمایەداران سەپاندویانە ھەڕەشەیەکە بۆ سەر کۆمەڵگەی ئینسانی ئەگەر ئێمە لەم قەیرانەدا ئەو گۆڕانکاریانە بەسەر ئەم سیستمەدا نەسەپێنین بێگومان مەرگی ٢٥ ھەزار کەسی ئێستا بەرەو سەر ھەڵدەکشێ و لە دوای ئەم ئەزمەی کۆرۆنایەش لەسایەی ئەم سیستمەدا پارێزراو نابین، ھەربۆیە ھەر ھەنگاوێک ئەمڕۆ بۆ بەخۆڕاییکردن و دابینکردنی تەندروستی خۆمان دەیکەین نیشاندانی نمونەی ئەو کۆمۆنیزمەیە، کە ئێستا ڕۆشنبیرانی وەک ژیژک و کرێکارانی ئیاڵیا و جیھانی بەخەبەر ھاتوو باسی دەکەن، خەباتی ئەمڕۆمان بۆ پاراستنی تەندروستی خۆمان ئەو چرای ئومێدەیە کە دەتوانێ ڕۆژگاری ڕەشی کۆرۆنا بە کۆتایی بسپێرێ