تورکیا لەرێکەوتنى نەوتى کوردو ئەمەریکا هار بووە

پ

پاش ئەوەى لەلایەن سیناتۆرێکى کۆمارییەکانى ئەمەریکاوە، ئەنجامدانى گرێبەستێکى پەرەپێدانى نەوتى لەناوچەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا (رۆژئاوا) لەنێوان هێزەکانى سووریاى دیموکرات و، کۆمپانیایەکى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاشکرا بوون، حکومەتى تورکیا ئیدانەى ئەو رێکەوتننامە نەوتیەى نێوان کوردەکان و ئەمەریکا کردووە.

ئەنکەرا ئاماژەى بەوەداوە ” ئەو رێکەوتنە پشکدار دەبێت لەپاڵپشتى کردنى تیرۆر”.

لەبەرامبەریشدا ئیدارەى سەربەخۆیی کوردەکان و، هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە)، کە لەلایەن کوشکی سپیەوە پاڵپشتى دەکرێن، هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەى تورکیاو حکومەتى دیمەشق ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانى واشنتۆن باسیان لەوە کردووە ” رێکەوتننامەکە لەچوارچێوەى پەرەپێدانى کێڵگە نەوتیەکانە” بەبێ ئەوەى ناوی کۆمپانیاکە یاخود زانیاری زیاتر بدرکێنن.

بەڵام ناوى کۆمپانیاکە لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى ئەنکەرا بڵاوکراوەتەوە، کەرێکەوتنەکەى کوردەکان لەگەڵ کۆمپانیاى (دەلتا کرێسنت ئێنەرجی) ئەمەریکی بووە.

ئاماژەى بەوەشداوە ” خەمبارین لەپاڵپشتیەکانى ئەمەریکا بۆ ئەو جۆرە کارانە، کەیاساى نێودەوڵەتى پشتگوێ خستووەو، دەچێتە خانەى پاڵپشتى کردنى تیرۆر”.

ئەو وەزارەتە پێی وایە ” ئەو رێکەوتنە جێی پەسەند کردن نیە”.

ئەم هەڵوێستەى ئەنکەرا لەکاتێکدایە سوپاى وڵاتەکەى لەگەڵ میلیشیا یاخیبووەکانى رژێمى سووریا لەدواى ٢٠١٦ ـەوە، هێرشێکى چڕ دەکەنە سەر رۆژئاواو، تاوەکو ئێستاش چەندین ناوچەى کوردنشینیان داگیر کردووەو، لەساڵى ٢٠١٨ـەوە شارى عەفرینیان داگیر کردووەو، بوونەتە هۆکاری ئاوارە بوونى سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی.

تورکیا کەتومەتبارە بەپاڵپشتى کردنى گرووپی تیرۆریستى داعش، کە لەلایەن هێزەکانى هەسەدەوە تێکشکێنرا، ئەو هێزە کوردییە بە “تیرۆریست” تومەتبار دەکات و، پێی وایە درێژکراوەى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)یە، کەلەهەشتایەکانەوە بۆ بەدەستهێنانى مافى گەلى کورد لەگەڵ ئەنکەرا لەباکووری کوردستان لەجەنگدایە.

” ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتى ئەو رێکەوتننامەیە دەکات”.

بەڵام نە ئەمەریکاو، نەرووسیاش کەهاوپەیمانى سەرسەختى رژێمەکەى دیمەشق و، تورکیایە، هێزەکانى هەسەدەو، پێکهاتەکانیشى بەتیرۆریست لەقەڵەم نەداوەو، بەڵکو بەنوێنەرى ڕاستەقینەى کورد لەباکوورى رۆژهەڵاتى سووریا دادەنێن.

هاوکات دیمەشقیش لەبارەى رێکەوتننامەکە پێی وابووە ” ئەوە دزینى و پێشێڵکردنى سەروەرى سووریایە”.

لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکانى ئەمەریکا، کەپەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ سەرکردە کوردەکانى سووریا هەیە، لەبەردەم دانیشتنێکى کۆنگرێس پێنجشەممەى رابردوو باسى لەگرێبەستەکەى کردووە، کەلەنێوان کۆمپانیا ئەمەریکییەکەو، مەزلووم عەبدی، فەرماندەى گشتى هەسەدە ئەنجامدراوە.

گراهام گووتیشى ” پێدەچێت ئەوان گرێبەستەکەیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکە بۆ پەرەپێدانى کێڵگەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا واژۆ کردووە”.

لەبارەى هەڵوێستى وەزارەتى دەرەوەى کوشکی سپی لەو گرێبەستە، مایک پۆمپیۆ، دووپاتیکردەوە ” ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتى ئەو رێکەوتننامەیە دەکات”.

وەزیرى دەرەوەش هیماى بەوە کرد ” رێکەوتننەکە کاتێکى زیاتر پێچوو لەوەى چاوەڕوانی بووین، ئێستا لەقۆناغی جێبەجێکردنە”، جەختى لەوەشکردەوە ” ڕەنگە زۆر بەهێزتر بێت”.

پێش سەرهەڵدانى شۆڕشی سووریا لە ٢٠١١ ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى ئەو وڵاتە رۆژانە لەسنوورى ٤٠٠ هەزار بەرمیل بوون، بەڵام بەهۆى سەختى شەڕەکان و لەدەستدانى چەندین ناوچەى ستراتیژی، ئاستەکە دابەزین.

لەئایاری رابردووش عەلى غانم، وەزیرى نەوتى دیمەشق باسى لەوە کرد ” وڵاتەکەى رۆژانە پێویستى بە ١٤٦ هەزار بەرمیل هەیە، بۆ ئەوەى پێداویستى خۆى دابین بکات، ئەوەى ئێستاش بەرهەم دێت، لەسنوورى ٢٤ هەزار بەرمیلە، واتا پانتایی کورتهێنانەکەشیان ١٢٢ هەزار بەرمیلە”.

بەڵام زۆربەى کێڵەگە نەوتیەکانى ئەو وڵاتەش لەژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکانى رۆژئاوایە، بەتایبەت هێزەکانى هەسەدە.

لەم دوو ساڵەى کۆتاییشدا دیمەشق رووبەرووى کەمبوونەوەیەکى گەورەى سەرچاوەکانى ووزە بووە، بەتایبەت بەنزین و غازی شلى ماڵان، بەو هۆیەوەش حکومەت ناچار بوو، پەنا بۆ کەمکردنەوەى بەکارهێنانى ئەو دوو سووتەمەنیە بکات، تاوەکو کۆنترۆڵى قەیرانەکان بکات.

زۆربەى چاودێرانیش پێیان وایە ” جموجۆڵە سەربازییەکانى تورکیا چ لەسووریا، یاخود عێراق، لیبیا یا هەر ناوچەیەکى دیکە، ئامانجی سەرەکیی دەستگرتنە سەر سەرچاوە سروشتیەکان بەتایبەت نەوتی ئەو وڵاتانەیە”.

سەرسوورمانیش نین لەوەى ئەنکەرا لەبەرامبەر رێکەوتنەکانى کوردەکانى سووریا لەگەڵ ئەمەریکییەکان توڕەیە، چونکە پرۆسەکە لەدەستگرتنى تورکیا بەدوور دەکەوێت.