وەزارەتی شارەوانی ڕاگیەندراوێکی بڵاوکردەوە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دووبارە دیزاین کردن و دروست کردنەوەی بازاڕی سیم لە شاری هەولێر ، دوای ئەوەی بە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە ، بازاڕەکە سووتا و زیانێکی و زۆربەی دووکانەکانی بازاڕەکەش سووتان .
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ لە دیوانی پارێزگای هەولێر ، بەئامادەبوونی ساسان عەونی ، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە شوێنی نوێ و دیزاینی بازاڕی سیم ، لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و لە رێگەی داتاشۆوە وردەكاری بازاڕەكە تاوتوێ كرا.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، و هەردوو جێگرانی پارێزگای هەولێر و ژمارەیەك لە ئەندازیاران و نوێنەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی شاری هەولێر ،بەشداری كۆبوونەوەکە بوون كە تایبەت بوو بە دیزاین و پرۆژەی دروستكردنی بازاڕی سیم لە شاری هەولێر.
دوای گفتوگۆکردن لە رێی شاشەوە ، پرۆژەكە نیشاندرا و دواتر بەوردی وردەكاری و چۆنیەتی دروستكردنی بازاڕەكە بەشێوەیەك کە رەچاوی بەرژەوەندی هاووڵاتییان بكرێت خرایە بەر باس.
هەروەها دوای نیشاندانی دیزاینەكە، گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی دووکانەکان و خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و پارك و كارەبا و تەواوی هەنگاوە کردارییەکانیش گفتوگۆیان لەسەر كرا، هەر لە میانەی كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە کە پێویستە ، دروستكردنی بازاڕەكە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندا بێت.
ساسان عەونی ، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش رایگەیاند ، دەبێت بازاڕەكە بەشێوەیەكی سەردەمیانە و لەسەر بنەما و رەهەندەكای شارسازی دروست بكرێت بۆ ئەوەی سیمایەكی جوان بە شاری هەولێر بدات و یەكێكی تر بێت لە بازاڕە مۆدێرنەكانی هەولێر.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار