تەقینەوەیەکی بەهێز لە سەرێ کانی کەوتەوە
تەقینەوەیەک لە سەرێ کانی لە پارێزگای حەسەکە ، کوژرانی حەوت کەسی لێدەکەوێتەوە کە لەنێویان دوو منداڵ هەیە .
بەپێی هەواڵی ڕاگەیاندنە لۆکاڵییەکانی سوریا ، ئەمڕۆ شەممە ، ٢٧ی ئەیلول ، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لە سەرێ کانی باکوری رۆژئاوایی پارێزگای حەسەکە ، حەوت کەس دەکوژرێن و لەنێو کوژراوەکان ، دوو منداڵی تێدایە لەگەڵ برینداربوونی ١٥ی دیکە ،
سەرچاوەیەکی پزیشکی نێو سەرێ کانی بۆ میدیایەکی رۆژئاوایی ڕایگەیاند ، بەهۆی تەقینەوەکەوە زۆربەی بریندارەکان ، ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەرێ کانی نیشتیمانی و ژمارەیەکی دیکە لە بریندارانی دیکە ، ڕەوانەی نوڕینگە پزیشکییەکان کراون .
ئەو سەرچاوە پزیشکییە ، پێشبینی زیاتری ژمارەی بریندارەکان دەکات ، چونکە بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکەوە ، ژمارەیەک خانوو ڕووخاون ، هەندێک لە خانووەکانی دیکەش بەشێکیان وێران بووە، بەهۆی بەهێزی تەقینەوەکە.
دانیشتوانی نزیك بە ڕووداوەکە ئاماژە بەوە دەکەن تەقینەوەکە ، یەکێکە لەو تەقینەوە بەهێزانەی تاکو ئێستا لەو ناوچە ڕوویدابێت و سەرەڕای وێران بوونی خانووەکانی نزیک تەقینەوەکە ، ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیش سووتاون .