حکومەتی عێراق پێشوازی لە وەزیری بەرگری تورکیا ناکات

حکومەتی عێراقی رەتی کردەوە پێشوازی لە وەزیری بەرگری تورکیا بکات .
لە بەیاننامەیەکی توند ئامێزدا وەزارەتی دەرەوەی عێراقی رەتی کردەوە پێشوازی لە خەلوسی ئاکار ، وەزیری بەرگری تورکیا بکات کە بڕیاربوو رۆژی پێنج شەممە لە سەردانێکی فەرمیدا بگاتە عێراق ، و لەبری ئەو بەیاننامەی ناڕەزایی دا بە کونسولی گشتی تورکیا لە عێراق ، و رایگەیاند بەزاندن و هێرش کردنە سەر خاکی عێراق لەلایەن تورکیاوە بەتەواوەتی رەت دەکەینەوە ، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە دوورە لە پێوەری ڕێزگرتنی خاك و شکۆی دەوڵەتی عێراقی ، پێویستە دەولەتی تورکیا ڕێز لە سەرەوەری خاکی عێراق بگرێت ، هەروەها لە بەیاننامە توندەکەی حکومەتی عێراقیدا هاتووە ، ئەوەی حکومەتی تورکیا ئەنجامی دەدات لە بۆردومان کردن و بەزاندنی خاک و هاتنە ناوەوەی سوپاکەی لە ناوچە سنووریەکانی عێراق ، پێشێلکارییەکی زەقی سەروەری خاکی عێراقە و قبوڵی ناکەین خاکی عێراق ببێتە مەیدانی شەڕ و یەکلایی کردنەوەی ململانێی وڵاتان ، لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گوێ نەدان بە ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی عێراق لەلایەن تورکیاوە سەبارەت بە پێشێلکردنی خاکەکەی و بۆردومان کردنی سنوورەکانی، پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتن و پەیمانە نێودەوڵەتییانەیە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەبارەت بە ڕێزگرتنی سنووری نێوان وڵاتان پەسندکراوە
ئەمرۆ سێ شەممە لە ئەنجامی بۆردومان کردنی کۆبوونەوەیەکی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق لە ناوچەی (سیدەکان ) لەلایەن فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیاوە ، چەند ئەفسەرێکی کورد بە پلەی ئامر لیوای دووی پاسەوانی سنوور لەگەل ئامر لیوای فەوجی سێی ئەو ناوچەیە و فەرماندەیەکی پەکەکە شەهیدکران و برینداربوونی ئامر فەوجی یەک و ئەفسەرێکی دەزگای سیخوڕی عێراقی ، و چەند سەربازێکی دیکە .
لە بەیاننامە توندەکەی حکومەتی عێراقی دا ئەوەش هاتووە لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە ، حکومەتی عێراقی ناچار دەبێت چاو بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکان دا بخشێنێتەوە. و سنوورێك بۆ ئەو پێشێلکاریانە دابنێت .
لای خۆیەوە ، حەسەن کەعبی ، جێگری یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ، نیگەرانی خۆی لەو هێرشەی ئەمڕۆی فرۆکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق دەربڕی و رایگەیاند ” پێشێلکردنی خاکی عێراق هێڵی سوورە ، و پێچەوانەی پەیماننامەی وڵاتانە سەبارەت بە ڕێزگرتنی سەروەری خاکی وڵاتانی هاوسنوور و بەهەموو شێوەیەک رەتی دەکەینەوە و قبوڵی ناکەین شکۆی دەوڵەتی عێراقی بشکێندرێت
هاوکات هەر ئەمرۆ سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی تورکیایان کردوو و بە ” بەزاندنی سنوور و پێشیلکاری خاکی عێراق ” ناوەزەندیان کرد بە هەموو شێوەیەک رەتیان کردەوە