خەزعەلی هۆشداری دایە تورکیا

قەیس خەزعەلی ، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەقی عێراقی ، بە توندی ئیدانەی هێرشی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکەی تورکیا بۆ سەر کۆبوونەوەی نێوان پەکەکە و پاسەوانی سنووری عێراقی کرد.
دوێنێ سێ شەممە فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیا ، کۆبوونەوەیەکی نێوان پەکەکە و سوپای پاسەوانی سنووری عێراقیان کردە ئامانج ، لەو بۆردومانەدا دوو ئەفسەری پلە باڵای پاسەوانی سنووری عێراق شەهیدبوون کە هەردووکیان کورد بوون ،
دوای بۆردومانەکە ، حکومەتی عێراق بەیاننامەیەکی توند و زبری ناڕەزایی ئاراستەی کونسولی گشتی تورکیا لە عێراق کرد،
بڕیاربوو سبەی پێنج شەممە ، خەلۆسی ئاکار ، وەزیری بەرگری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە عێراق ، بەلام وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتی کردەوە پێشوازی لە وەزیری بەرگری تورکیا بکات .
هەر دوای بۆردومانەکەی دوێنێ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئیدانەی هێرشەکانیان کرد ، و بە پێشێلکاری خاکی عێراق و لێدان لە شکۆی عێراق وەسفیان کرد
ئەمرۆ چوارشەممە ، قەیس خەزعەلی ، ئەمینداری بزووتنەوەی عەسایب ئەهلی حەقی عێراقی، بە توندی ئیدانەی پێشێلکردنی خاکی عێراق و بە ئامانج گرتنی سوپای پاسەوانی سنووری کرد و رایگەیاند ” ئەگەر ڕێگا چارەی ئاشتیانە لەگەڵ توركیا سودی نەبوو بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان دەبێت ئیمەش هێرشەكان ببەینە قوڵای خاكی توركیا”