شەش پەرلەمانتاری عێراق لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێك بڵاودەکەنەوە

پ

شەش ئەندامی ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەڕاگەینراوێکیاندا بۆ نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق (یونامی)، باس لەپێشێڵکارییەکانى مافی مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارانە لەڕاگەینراوەکەیاندا کەوێنەیەکى دەست (پێشەنگ پرێس) کەوتووە هاتووە ” سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەکانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و رۆژانی دوایی کە تیایدا هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارهێنانی چەک وبە فیشەک روبەروی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بونەوە”.

ئاشکراشی دەکات ” و زیاتر لە ۱٠ کەس بە سەختی بە فیشەک بریندارکراون”.

ئەو ڕاگەینراوە لەکاتێکدایە، ماوەیەکە لەشارەکانى هەرێمى کوردستان خۆپێشاندانى سەرتاسەرى دژى پێنەدانى مووچەو، پەرەسەندنى گەندەڵى ونەبوونى چاکسازی بەرێوەدەچێت، هێزەکانى ئاسایشى زۆنى زەرد، کەپارتى تێدا باڵادەستە بەتووندترین شێوە بەرپەرچیان دەدەنەوە.

بەجۆرێک رێکخەرانى ئەو خۆپێشاندانانە بەتومەتى جۆراجۆر دەستگیر دەکرێن و، تاوەکو ئێستاش ژمارەیەک مامۆستاى دهۆک و زاخۆ پاش دەستگیر کردنیان ئازاد نەکراون.

ئەو پەرلەمانتارانە هیمایان بەوە کردووە ” زاخۆ، کە ناوەندێکی بازرگانی مەزنە، گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و کاتێکیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەکرێن”.

داواشیان لە یونامی کردووە ” لە ئاست ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم”.

ئەمەش دەقى ڕاگەینراوەکەیە :

بەرێز نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق

بابەت: پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان

بەرێز خاتوو جەنین بەلاخارست، نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغداد، ئێمە وەک ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەین سەبارەت بە زیادبونی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارە حزبییەکانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.

بە دیاریکراوی سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەکانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و رۆژانی دوایی کە تیایدا هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارهێنانی چەک وبە فیشەک روبەروی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بونەوە و زیاتر لە ۱٠ کەس بە سەختی بە فیشەک بریندارکراون.

ئێوە ئاگادارن کە هەرێمی کورستان بە دۆخێکی ئابووری سەخت دا تێدەپەرێ و بێ کارییەکی زۆر رووی لە هاوڵاتیانی هەرێم کردووە بەجۆرێک شارێکی گرنگی وەک زاخۆ، کە ناوەندێکی بازرگانی مەزنە، گەنجەکانی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و کاتێکیش دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن بە توندترین شێوە وەڵام ئەدرێنەوە و زیندانی ئەکرێن و بێ هیچ پارێزەرێک ناچار دەکرێن واژوو لەسەر بەڵگەنامەیەک بکەن کە چیتر خۆپیشاندان نەکەن.

ئێمە داواتان لێدەکەین، بە حوکمی رۆڵتان لە عێراق لە پرۆسەی سیاسی و نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن لە عێراق، لە ئاست ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و فشاربخەنەسەر بەرپرسانی هەرێم کە دوربکەونەوە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران کە بۆ داواکردنی مافەکانیان و دژ بە گەندەڵی رژاونەتە سەرشەقامەکان.

لە گەڵ رێزمان،

ئەحمەد حاجی رەشید

سەرکەوت شەمسەدین

د.رێبوار کەریم مەحموود

غالب محەمەد عەلی

رابون مەعروف

د. موسەنا ئەمین