مستەفا کازمی بەپەلە خۆی گەیاندە بەسڕا

پ

مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگاتە شاری بەسرا تاوەکو لە نزیکەوە ، ئاگاداری ڕەوشی پارێزگاکە بێت

 

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ، مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق ، دوای چەند کاتژمێرێك لە گەڕانەوەی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا بۆ بەغداد ، بە یاوەری هەریەکە لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی و ژمارەیەك لە وەکیل وەزیر و پارێزگاری شارەکە گەیشتە بەسڕا.
سەردانەکەی کازمی بۆ ئەو پارێزگایە بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان بۆ سزادان و گرتنی ئەو تاوانبارانەیە کە لە چەند رۆژی ڕابردوو دەستیان هەبوو لە کوشتنی ژمارەیەك خۆپیشاندەر و چاڵاکوان .
یاوەری کردنی وەزیرانی بەرگری و ناوەخۆ و سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لەو سەردانەدا ، ئەوە دەگەیەنێت کە سەرۆك وەزیران بەجدی کار دەکات لەسەر گرتن و سزادانی ئەو تاوانبارانەی کە دەستیان لە کوشتنی ژمارەیەك خۆپیشاندەر و چاڵاکوان هەبووە .
رۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو ، لە خۆپیشاندانەکەی بەسڕا ، چاڵاکوانێکی ئافرەت لەلایەن ژمارەیەك چەکداری نەناسراوەوە ، تیرۆرکرا و هەر هەمان ڕۆژ مستەفا کازمی ، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا ، فەرمانی لەکارلادانی ژمارەیەك بەرپرسی ئەمنی پاریزگای بەسڕای دەرکرد ، لەنێویاندا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە ، بە تاوانی کەمتەرخەمی و کوژرانی خۆپیشاندەر و چاڵاکوانان لەو پارێزگایە .