حەسەن نەسڕوڵا بەشار ئەسەدی بەتەنیا هێشتەوە

چەند سەرچاوەیەک فەرمی ئاماژە بەوە دەکەن کە حیزبوڵای لوبنانی پشتی لە بەشار ئەسەد ، سەرۆکی سوریا کردووە و ئەو هێزانەی کە بۆ پاڵپشتی ئەسەد لەناوچەی بیقاعی سنووری نێوان سوریا و لوبنانە و ژمارەیان ٢٥٠٠ چەکدارە ، هەمووی کشاندووەتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەش ڕووندەکاتەوە ، وەکو ئەتەکێتی سەربازی حیزبوڵای لوبنانی ، لە نێوان هەر ٢٠ رۆژێکدا هەندێ لە سەربازانی خۆی لەو ناوچەیە دەکشاندەوە و هێزی دیکەی دەنارد و ئاڵوگۆڕی پێدەکردن بەڵام بۆ ئەم جارە ، ئەو هێزانەی کە لەو نــاوچە سنورییە هەبوو ، کشاندوونیەتییەوە بێ ئەوەی هێزی دیکە لە شوێنیان ڕەوانە بکات و ئاڵوگۆڕیان پێ بکات .
کشاندنەوەی ئەو هێزەی حیزبوڵا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فشارە نێودەوڵەتییە سیاسی و ئابوریەی کە حیزبوڵای ، لاواز و شپرزە کردووە و لە سەرووی ئەمانەشەوە ، ئەو فشارە جاوەرییەی کە تەنگی پێ هەڵچنیوە دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت لە تەمووزی ڕابردوو کە بەهۆیەوە ، لانی کەم ١٩٠ کەس گیانی لەدەستدا و هەزاران برینداری لێکەوتەوە و جگە لەو زیانە ئابووریەی کە بەر بەندەرەکە و ماڵی خەڵک کەوتووە لە بەیروت.
کەناڵی عەرەبیەی قەتەڕی پشتراستی دەکاتەوە کە حیزبوڵا بەشێوەیەکی ڕێکخراو ، لە سەنگەرەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەو ناوچانەی تیایدا سەنگەری پتەوکردبوو ، دەستی بە کشاندنەوەی هێزەکەی کردووە کە زیاد لە ٢٥٠٠ سەرباز و پسپۆڕی جەنگی جۆراجۆرە لە بواری سەربازی و شەڕدا .
لە ئێستادا لوبنان ، جوڵەیەکی سیاسی دیپلۆماسی نێوەدەوڵەتی لەسەر ئاستی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت ، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی حەسان دیاب دەرئەنجامی تەقینەوە بەهێزەکەی بەیروت و ڕاسپاردنی ئەدیب مستەفا ، بە پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ
لەکاتی سەردانی کردنی ئیمانوێل ماکرۆن ، سەرۆکی فەرەنسا بۆ لوبنان لە چەند رۆژی ڕابردوودا ، رۆژنامەنووسێك ، ماکرۆنی تووڕەکرد بەوەی کە ناوبراو لەگەڵ محمد ڕەعد ، ئەندام پەرلەمانی حیزبوڵا دا کۆبووەتەوە و ماکرۆن ، رۆژنامەنووسەکەی سەرزەنشت کرد و ڕەتی کردەوە کە هیچ کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردە یان پەرلەمانتاری حیزبوڵای لوبنانی دا کــردبێت بەپێی ئەوەی لە رۆژنامەی لو فیگارۆ ، لەلایەن ، جۆرج ماڵبرونووتی رۆژنامەنووس ، ووردەکاری کۆبوونەوەی ماکرۆن و ڕەعدی بڵاکردبووەوە .
جۆرج ماڵبروونووت ، هەواڵەکەی وا بڵاکردبووەوە گوایە ماکرۆن بە محمد ڕەعدی ووتبێت ، ” من دەمەوێت لەگەڵ ئێوە کاربکەم ، ئایا ئێوە بەڕاستی لوبنانین یان خزمەتی ئەجیندای ئێران دەکەن ؟”
مالبروونووت لە درێژەی هەواڵەکەی دا دەڵێت ، ماکرۆن ئەوەشی پێ گوتوون ” برۆنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆتان و سوریا و لوبنان بەجێ بهێڵن و ئەوەی لەپێناو لوبنان دەکرێت ، جێ بەجێی بکەن چونکە لوبنان، ئاسایش و ئارامی بۆ دەگەڕێتەوە و ئەمەش لەپێناوی خێزانەکانتان و سەلامەتی ئەوانە !”
جۆرج مالبرونووت ، بە توندی ڕەخنە لە ماکرۆن دەگرێت بەوەی ، فشار لە هێزە سیاسییە لوبنانییەکان دەکات بۆ ئەوەی حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن .