لەسەر ناکۆکی نێو بزووتنەوەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لەسەر ئەو ناکۆکییەی کە لە نێو جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەنێوان غالب محمد و ئاواتی شێخ جەناب ، یوسف محمد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری ئێستا عێراق ، ڕەخنە لە دەستەبژێرێکی نێو بزووتنەوەکە دەگرێت و بڕیاری مانەوەی ئەوان لەنێو حکومەتی هەرێم ، بە بڕیارێکی چەوت و هەڵە وەسف دەکات و داوا لە دەنگدەران و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکە دەکات لە خەمی داهاتووی بزووتنەوەکە بن کە تا دێت ، لە ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی لادەدات .
یوسف محمد دەڵێت ، ” هەق وایە ئەوانەی دەیانەوێت دۆخی بزووتنەوەکە بەمشێوەیەی ئێستا و بۆ داهاتوو بەردەوام بێت ، خۆیان کاندید بکەن بۆ خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ، تاوەکو قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیان بزانن”
دەقی نووسینەکەی یوسف محمد :
دەستەبژێرێکی بچوکی ناو گۆڕان دەیانەوێ بریارە چەوتەکانی خۆیان بەسەر نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکدا بسەپێنن ،ئەمڕۆ هاوڕێمان دکتۆر غالب نوێنەرایەتیی ئێمە و دەنگدەری گۆڕان و جەماوەری ناڕازی کرد لەبەرامبەر ئەو دەستەبژێرە بچوکەی بۆ یەک جاریش خۆیان لە مەنگەنەی دەنگی هاوڵاتییان نەداوە و بایەخی متمانەی دەنگدەران نازانن و، ئەشیانەوێ بڕیارە چەوتەکانی خۆیان بەسەر نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکدا بسەپێنن.،هەقە دڵسۆزانی گۆڕان بیر لە داهاتوی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە بکەنەوە کە تادێ لەڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی لادەدرێ و، پێویستە ئەوانەشی ئەیانەوێ دۆخی ئێستای گۆڕان چ لە دەسەڵات و چ لەناوخۆی خۆی هەروا بەردەوام بێ هەر لە ئێستاوە ئەو ئاڵنگارییە قەبوڵ بکەن کە خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو تا حەجمی راستەقینەی متمانەیان لای جەماوەری گۆڕانخواز بۆ دەرکەوێ.
د.یوسف محەمەد
٥ ی ئەیلولی ۲٠۲٠