هەڵوەرینى کادیران روو لەحزبەکان دەکاتەوە

پ

ئەندامێکى دامەزرێنەری پێشووى هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ئاشکراى دەکات ” ئەو هاودیدانەى گەڕانەوە نێو یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، بەچاوێکى کەم سەیریان دەکرێت”.

سەرکەوت حوسێن، کە یەکێک بووە لەدامەزرینەرانى هاوپەیمانى بۆ دیموکراسی و دادپەروەرى لە ئەڵمانیا، کە کانوونى دووهەمى ٢٠١٨ لەهەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى بەرهەم ساڵح دروستبوون، روونیدەکاتەوە ” ئەو هاودیدانەى گەڕانەوە ناو یەکێتى هەندێکیان فەرمانى دەست بەکاربوونیان بۆ دەرچووە، بەڵام کارى تەواویان پێنەدراوە”.

حوسێن لەلێدوانێکى تایبەتیدا بە (پێشەنگ پرێس) لەبارەى ئەو کادیرانەشەوە دووپاتیدەکاتەوە ” ئەو کەسانە کادیری بە تواناو لێهاتوون لە ئاستی سەرکردایەتین هیچیان کەم تر نیە لە سەرکردایەتی حزبەکانی تر”.

” بەشێك لەو هاودیدانە گەڕانەوە نێو یەکێتی و، بەشێكی زۆریشیان لەماڵەوە دانیشتوون بەبێ ئەوەى کەس لێیان بپرسێتەوە”.

هاوپەیمانى بۆ دیموکراسی و دادپەروەرى، لەمانگی ئابی هەمان ساڵ تووشى شڵەژانێکى سیاسی گەورە بوویەوە، بەتایبەت دواى دەست لەکارکشانەوەى سەرۆک و دامەزرێنەرەکەى و، گەڕانەوەى بۆ نێو یەکێتى، کەدواتر کاندید کرا بۆ پۆستى سەرۆککۆماری عێراق.

دواتر لەکۆنگرەیەکى نائاساییدا، ئەو هاوپەیمانیە بڕیاریدا ناوەکەى بۆ هاوپەیمانى نیشتیمانى بگۆرێت و، ئارام قادر، یەکێک لەئەندامە دامەزرێنەرەکانى ببێتە سەرۆک.

لەبارەى ئەگەرى گەڕانەوەى ئەندامە پێشووەکانى هاوپەیمانى دووبارە بۆ ریزەکانیان گووتى ” لە رابردوو هاوپەیمانی نیشتیمانی  ئامادەیی دەڕبری بۆ پێشوازی کردنەوەى لەو هاودیدانەی کەچوونەتە نێو یەکێتى ئەگەر بیانەوێت بگەرێنەوە”، بەڵام وەک خۆى جەختى لێوە دەکاتەوە ” پێی وانیە ئەوە رووبدات”.

ئەندامە پێشووەکەى هاوپەیمانى هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە کە “پەیوەندی بە بەرهەم ساڵحەوە هەیە، کە لەگەڵیدا چوونەتە دەرەوە”، کە خۆیشی یەکێک بووە لەو کەسانەى هاوپەیمانیان بەجێهێشت.

حوسێن هیماشی بەوە کردووە ” بەشێك لە هاودیدانە گەڕانەوە نێو یەکێتی و، بەشێكی زۆریشیان لەماڵەوە دانیشتوون بەبێ ئەوەى کەس لێیان بپرسێتەوە”.

هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، پێش دەست لەکارکشانەوەى بەرهەم ساڵح، بەشداریی لەهەڵبژاردنەکانى ئایاری ٢٠١٨ ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقی کرد، توانى دوو کورسى بەدەست بهێنێت، بەڵام دوای گۆرینى ناوەکەى بۆ هاوپەیمانى نیشتیمانى هەردوو پەرلەمانتارەکە وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ خۆیان ناساندو، زیاتر لەسەرۆککۆمارەوە خۆیان نزیک کرد.

وەک ڕەخنەیەکیش لەو هاودیدانەى گەڕانەوە نێو یەکێتى حوسێن لەهەژمارى تایبەتى خۆى لەتۆڕی کۆمەڵایەتى فەیسبوک پەیامێکى نووسی و، لەبارەى پەیامەکەشى دەڵێت ” مەبەستم ئەوە بوو بەبیری ئەو هاودیدانەی بهێنمەوە کە ئەوان کەسانی بە ئەزموون بە توانان، هیچ کات خۆیان بەکەم نەزانن لە بەرانبەر ئەو لایەنانەی کە پێشوازی گەرمیان لێنەکردن، ئەکرێت خۆیان کۆبکەنەوە بۆ داهاتوو”.

لەبارەى ئەو کۆکردنەوەو ئەگەرەکان راشیگەیاند ” ئەوەی ئێستادا هەستی پێدەکرێت ژانی لە دایک بوونی شتێكی نوێیە جا لە چوارچێوەی حزبی سیاسی بێت یان رێكخراوێك کە بتوانێت هەموو ئەو دەنگانە کۆ بکاتەوە”.

ئەو قسانەش لەکاتێکدایە، ئەمرۆ سێ ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتیمانى دەستیان لە کار کێشاندەوە، ئەگەری زۆر هەیە لەداهاتوو لەنێو حزبەکانی تریش ئەوە رووبداتەوە.

هەرێمى کوردستان لەدواى راپەرینەکەى ١٩٩١ ـەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لەلایەن دوو لایەنى سەرەکیی کەخۆى لەیەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەرێوەدەبردرێن، لەساڵى ٢٠٠٩ ـەوە، بزوتنەوەى گۆڕان دروستبوون، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر ئەو پاوانخوازییەى هەردوو حزبەکە بەڵام ئێستا ئەوانیش بوونەتە بەشێک لەو سیستەمەى لەهەرێمدا پەیڕەو دەکرێت لەدابەشبوونى دەسەڵاتەکان.

پێشبینى دەکرێت لەقۆناغی داهاتوو بۆ جوڵاندنى ئەو چەقبەستووەى لەهەرێمدا هەیە، بزوتنەوەیەکى سیاسی نوێ بێتە ئاراوەو، ئەگەری زۆریش هەیە، زۆربەى ئەو کادیرانەى لەنێو ئەو حزبانەدا بوون لەوێ کۆببنەوەو، پرۆژەو پلانەکانیان بۆ کۆمەڵگەى کوردستان بخەنەروو.