پارێزگاری پێشووی موسڵ دەستگیرکرا
پارێزگاری پێشووی موسڵ دەستگیرکرا
دەسەڵاتدارانی عێراق دوێنێ دووشەممە ،١٩ی تشرینی یەکەم ، ڕایانگەیاند ، نەوفەل عاکوب ، پارێزگاری پێشووی موسڵ لە شاری موسڵ ، دەستگیرکرا .
نەوفەل عاکوب ، پارێزگاری پێشووی موسڵ کە لە ساڵی ٢٠١٩ ، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێكەوە لە ڕۆژی دایکدا و لەو ڕووداوە زیاد لە ١٥٠ هاوڵاتی خنکان ، لەلایەن عادل عەبدولمەهدی ، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات ، لەکارلادرا
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەستپاکی عێراقی ڕایگەیاند ، دوێنێ دووشەممە ، پاریزگاری پێشوو بۆ یەکلاکردنەوەی تۆمەتێک لە دژی لە دادگایەکی موسڵ ئامادەبووە ، بەڵام دەستەی دەستپاکی بە تۆمەتی دیکەی کەیسی گەورەی گەندەڵی دەستگیرکرا.
نەوفەل عاکوب ، پارێزگاری پێشووی موسڵ ، لەلایەن دەستەی دەستپاکی عێراقەوە ، بە هاوکاری بەرپرسانی دیکەی گەندەڵی لە عێراق ، تۆمەتبارە بە ، دزینی ٦٤ ملیۆن دۆلار ، کە هاوکاری دارایی بۆ ئاوەدانکردنەوەی موسڵ و ئاوارەکان بووە.
هەروەها ناوبراو تۆمەتبارە بە دزینی ١١ ملیۆن دۆلاری هاوکاری وڵاتان بۆ ئاوارەکان
دوای ئەوەی وەکو پارێزگاری موسڵ لەکاردوورخرایەوە ، نەوفەل عاکوب ، لە شاری هەولێر دادەنیشت