شەپۆلی دووهەمى کۆرۆنا بەهێزترە
پسپۆڕێکى راوێژکاریى نەخۆشییەکانى هەناو لەلەندەنى پایتەختى شانەشینى یەکگرتوو هۆشداری لەشەپۆلێکى بەهێزتری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات و، ڕایدەگەیەنێت ” لەگهڵ ھاتنی زستان و بلابوونەوەی پەتای وەرزی و ئەنفلوێنزا، جیاكردنهوهی ئهو پهتایانه له كۆرۆنا تۆزێک ئاستهنگ دهبێت”.
دکتۆر عارف گۆران، لەپەیامێکدا کەلەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاویکردۆتەوەو، وێنەیەکی دەست (پێشەنگ پرێس) کەوتووە، هاتووە ” بەشی ھەرە زۆری تووشبوانی کۆرۆنا تووشی ھەوکردنی سیەکان نابن ، بۆیە پێویست بە پشکنینی خوێن و تیشک ناکات ، چونکە بە ھیچ شێوەیەک لە چارەسەری نەخۆشیەکە ناگۆڕێت”
ئەو دکتۆرە جەختى لەوە کردۆتەوە ” . بەشێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەوانەی ڤیتامین -D لە لەشیان کەمە لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا دۆخیان خراپتر دەبێت”.
بەپێی دوایین ئامارەکانى تووشبوون بەکۆڤید ١٩، کەناوە زانستیەکەى ئەو پەتا جیهانیە، گەیشتۆتە ٤٧ ملیۆن و ٢١٧ هەزارو ٢٨٢ کەس و، رێژەى گیان لەدەستدراوەکانیش گەیشتۆتە یەک ملیۆن و ٢٠٩ هەزارو ٦٣٦ کەس، لەو نێوەندەشدا ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرزترین رێژەى تووشبوونى تۆمار کردووە کە نۆ ملیۆن و ٥١٩ هەزارو ٩٥٩ کەس دەبن.
بۆ زانیاری زیاتر ئەمەش دەقى پەیامەکەى دکتۆر عارف گۆرانە:
له چاوهڕوانی شەپۆلێکی بههێزتری پەتای کۆرۆنا
كۆڕۆنا لە سەرانسەری جیھان لەھەڵکشاندایه، بۆیە دهمهوێت بەشێک لهو راسپاردهو ئامۆژگاریانەی لە ڕابردوودا پێشكهشمانكردووه، سهرلهنوێ بیخهینهوه بهر دیدی بهڕێزتان:
1- ھەر کاتێک ھەستت بە نیشانەکانی ئەو پەتایە کرد ، پێویستە وەک نەخۆشێک مامەلە بکەیت و خۆت لە ماڵەوە کەرەنتینە بکەیت بۆ ماوەی دوو ھەفتە.
2- نیشانەکانی ئەو پەتایە بریتیە لە لەرزو تا، ئارەقەکردن ، کۆکە ، قوڕگ ئێشان و سووتانەوە، تەنگه نهفهسی، سینگ ئێشان ، پشت ئێشان و ئازاری ماسوولکەکان، سەر ئێشە ، ھەستکردن بە ماندووبوونێکی زۆر ، نەمانی بۆن و تام ، نەمانی حهزی خواردن ، زگچوون و ڕشانەوە.
3- توندو تیژی نیشانەکان لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت، لە زۆربەی کاتەکاندا نەخۆش تەنھا بەشێک لە نیشانەکانی ئەو پەتایەی لێبهدیاردهكهوێت و مەرج نیە ھەر ھەموو نیشانەکانی ھەبێت.
4- لەگهڵ ھاتنی زستان و بلابوونەوەی پەتای وەرزی و ئەنفلوێنزا، جیاكردنهوهی ئهو پهتایانه له كۆرۆنا تۆزێک ئاستهنگ دهبێت، بۆیە باشتر وایە نەخۆش ئەگەر بهشێك لهو نیشانانهی ههبێت، كه باسمان كرد، وەک تووشبووەکی کۆرۆنا مامهڵه لهگهڵ خۆیدا بكات.
5- .بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە دووچاری کۆرۆنا هاتوون، واباشتره پشكنینی PCR ئهنجام بدهن، کە بە شێوەی سامپل لە لووت و قوڕگ وەردەگیرێت، هاوكات پێویسته لهوه تێبگهن ھەندێک پشكنینی خوێن لە کوردستان دەکرێت بە ھیچ شێوەیەک رۆلیان نیە لە دیاریکردنی پەتای کۆڕۆنا، بۆیه لەم دۆخەدا پێویست بە پشکنینش ناکات چونکە دەزانین بەشێکی زۆر لە تووشبوانی کۆرۆنا رهنگ بێت پشكنینهكهیان بە نێگەتیڤ دەربچێت، لە کاتێکدا نیشانەکانی کۆرۆنایان ھەیە و ھەلگری ئەو ڤایرۆسەن.
6- بەشی ھەرەزۆری تووشبوانی کۆرۆنا تووشی ھەوکردنی سیەکان نابن ، بۆیە پێویست بە پشکنینی خوێن و تیشک ناکات ، چونکە بە ھیچ شێوەیەک لە چارەسەری نەخۆشیەکە ناگۆڕێت . جگە لە پاراسیتامۆل بۆ ئازار و تاو ئازاری لەش نەخۆش پێویست بە ھیچی تر ناکات . ڤیتامین -D و زینک و ڤیتامین -C ئەگەر بەکاربھێنرێت ئەگەری ھەیە سوودی ههبێت ، بە شێوەیەکی گشتی ڤیتامینەکان ئەگەر بە بڕێکی زۆر بەکارنەھێنرێت زیانیان نیەو تا رادەیەکیش لهرووی نرخهوه ھەرزانە و باری نهخۆش گران ناكات . بەشێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن ئەوانەی ڤیتامین -D لە لەشیان کەمە لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا دۆخیان خراپتر دەبێت لەو کەسانەی کێشەی کەمی ڤیتامینیان نیە.
7- زۆرگرنگه ئهو ئامێرهی لهرێگای پهنجهوه ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێن دیاری دەکات (Pulse Oximetry) له مالهوه ههبێت، چونكه ھەموو تووشبووێكی پەتای کۆرۆنا بۆ دڵنیابوون لهرێژهی ئۆكسجین لهناوخوێنیاندا پێویستە ڕۆژانە بۆ چەند جارێک بەکاری بھێنین ، بە تایبەتی لە کۆتایی ھەفتەی یەکەم، چونکە دەزانین لەو کاتانەدا ئەگەری ھەوکردنی سیهکان و دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین زیاتره.
8- کاتێک نهخۆش ھەست بە تەنگە نەفەسی دەکات و ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێن دادەبەزێت، پێویستە بە زووترین کات سەردانی دکتۆر بکات، ئەو نەخۆشانەی ھەست بە ئازارێکی زۆری سیەکان دەکەن ، یان تووشی گێژبوون دەبن دەبێت بهزووتریین كات سەردانی دکتۆر بکەن.
9- ئەو نەخۆشانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان دهبن و ڕێژەی ئۆکسجینیان دابەزێت، وا باشترە لە نەخۆشخانە چارەسەر وەربگرن ، چونگە جگە لە کۆمەلێک دەرمان، کە لە ڕێژەی مردن کەمدەکاتەوە، پێویستیان بە ئۆکسجین دهبێت و رهنگ بێت بهشێكیان پێویستیان بە ئامێری سی پاپ دەبێت، كه زیاتر له نهخۆشخانهكاندا بهردهسته، ئەگەر لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت ئەو نەخۆشانەی تووشی دابەزینی ئۆکسجین بووینه نەیانەوێت بچن بۆ نەخۆشخانە ، دەبێت لە مالەوە لە ژێر چاودێری راستەوخۆی دکتۆرێک ئەو چارهسهریانه وەرگرن و رۆژانە چاودێری بکرێن .
10-دەرمانی دێکسامیسازۆن و دژەخوێن مەین و ئانتی بایۆتیک، كه بەشێکی گرنگن له چارەسەری بۆ ئەو کەسانەی تووشی ھەوکردنی سیەکان و دابەزینی ڕێژەی ئۆکسجین دهبن، بە ھیچ شێوەیەک پێویست نیە بۆ ئەو کەسانە بهكاربهێنرێت، کە بە سووکی تووشی ئەو پەتایە دهبن و لەوانەیە بهكارهێنانی ئهو دهرمانانه زیانیان زیاتر بێت لە سوودهكانیان ئەگەر لە کاتی پێویست و بەشێوەیەکی تەندرووست نەدرێت بە نەخۆش.
11- ھێشتا خەلکانێکی زۆر ماوە تووشی ئەو پەتایە نەبووینە ، بۆیە پێویستە ھەموو کەسێک خۆپارێزی بکات . پێویسته ئهوه بهههند وهربگرین، كه ئهگهری ئهوه ههیه ههر تووشبووێكی ئهو پهتایه له پڕێكدا دۆخیكی تێبكبچێت و نارهحهت بێت، بۆیه بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بۆچونەدا نیم، کە دەڵێت دەبێت ههموومان تووشی ئەو پەتایە بین بۆ ئەوەی بهیهكجاری دەربازمان بێت لێی، ئهو جۆرە بیرکردنەوەیه دەبێتە ھۆکاری زیادبوونی ژمارەی تووشبووان و تهنانهت ژمارەی مردنیش.
12- تا ئێستا باشترین ھۆکارەکانی خۆپاراستن بریتیه لە بەکارھێنانی ماسک ، دوورکەوتنەوە لە قەلەبالغی، کەمکردنەوەی بەرکەوتن .
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن