لەبارەی ڕووداوەکانی کەرکوکەوە
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت و پیشاندەدرێت لە “کەرکووک” و دەورووبەری درێژکراوەی تراژیدیایەکی گەورەی سیاسی و جیۆسیاسی نێو دەوڵەتی عیراقە.
بەشێکی زۆری رووداوەکان، کردەکان، وێنە و جوڵەکان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە عیراق وەک دەوڵەت لەبڕی ئەوەی بکرێت بە فۆڕمێک بۆ پێکەوەبوون کراوە بە فۆڕمێک بۆ لەیەکتر دوورکەوتنەوە. عیراق ئەمڕۆ لەبڕی ئەوەی ماڵێکی سیاسی و نیشتیمانی گەورەبێت بۆ هەمووان کراوە بە مالێکی نەتەوەیی-مەزهەبی بۆ گڕووپێکی بچووک و هێزێکی بچووک. مەزهەب بەمانای ئەوەی هێز و باڵایی و پێگەی تاک لەسەر بنەمای مەزهەب دادەڕێژرێت و چوارچێوەکانی دیاریدەکرێت!
کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری ئەمڕۆ زیاتر لەهەموو چرکەساتێک گڕی گرتووە و دەسووتێت! جوتیاری گوندەکانی دەردەکرێن و رووبەرە کشتوکاڵییەکانیان لێ دەسوتێنرێت! سوتاندنی کەرکووک وەک خاک، وەک پانتاییەکی نەتەوەیی، وەک تێریتری، وەک مێژوو و سەرچاوەی یادەوەری بۆ ئێمە سوتاندنێکی تەواو ئۆنتۆلۆجیانەیە! ئۆنتۆڵۆجی بەو مانایەی هێزێک، دەسەڵاتێک، دەزگایەک دەیەوێت سیستمی پەیوەندیی و خەیاڵی نێوان تاک/گڕووپ بە خاک و سەرزەمینەکەیەوە بپچڕێنێت!
کۆپییەکی بەعسە بەڵام بەزمانی مەزهەبێکی تر و بەخەیاڵ و جوڵەی سەربازیی و ڤێرژنی مەزهەبێکی تر
لەڕاستیدا بەعس وەک ئایدۆلۆژیا و دەزگایەکی تۆتالیتار زۆر بە قوڵی بەدوای پچڕاندن و دابڕینی خاک/ناوچە دابڕێندراوەکان لەگەڵ ئەکتەرە رەسەنەکانی ناوی بوو! ئامێرێکی گەورەی ئایدۆلۆژیی و سەربازی خستبووەکار بۆ نامۆکردنی کورد لەو ناوچانە و غەریبکردنی کورد لەو رووبەرە کوردییەدا. لەسەردەمی بەعسدا لەمەخموور و کەرکووک و ناوچەکانی تر ئەوەی لەسەر ناسنامەکەی پەیوەندییە ئۆنتۆلۆژییەکەی خۆی لەگەڵ کوردبوون و کوردستانیبووندا بپچڕاندبایە و ماڵئاوایی لێکربا و خەیاڵی نەتەوەیی خۆی بۆ “عەرەب” بگٶریبا وەک هاوڵاتییەکی پلە یەک پێشوازی لێدەکرا، ماڵ و سامانی پێدەبەخشرا! ئەم دیدەی بەعس ستڕاتیژێک بوو بۆ گۆڕینی نیشتیمان و ماناکانی دەوڵەت بوون و تێریتری بۆ تیاترۆخانەیەکی ئایدۆلۆژی و ناسیۆنالیستی!
ئەو وێنەیەی کە ئەمڕۆ لە کەرکووک و مەخموور و ناوچەکانی دەرووبەری دەبینرێت زۆر نزیکە لە بەعس و بەعسیزم! دەکرێت بڵێین کۆپییەکی بەعسە بەڵام بەزمانی مەزهەبێکی تر و بەخەیاڵ و جوڵەی سەربازیی و ڤێرژنی مەزهەبێکی تر! سوتاندنی بازنەی کشتوکاڵ، سەرچاوەی داهات و ژیانکردنی کوردانی ئەو دەڤەرە سەرەتایەکی تازەیە بۆ پاڵدانی کوردانی ناوچەکە بەرەو سەنتەر/هەولێر و پارێزگاکانی تر! پێدەچێت ئەم مۆدێڵە تازەیە بەلایەنی کەمەوە مەبەستی ئەوە بێت کورد چیتر وەک خاك، وەک بەرهەم و داهاتی کشتوکاڵی، وەک ئابووری پشتبەخۆ بەستوو بیر لە کەرکووک نەکاتەوە و بەرەو زەمینێکی تر بڕوات و کۆچ بکات!
دیارە کەرکووک وەک خانەیەکی پڕ لە نەوت دەمێکە لە کۆیادەوەری کەرکووکییەکان سڕاوەتەوە بەڵام ئەوەی ئێستا روودەدات سڕینەوەی کەرکووکە وەک خانەیەکی کشتوکاڵی! کشتوکاڵ وەک دۆخێک بۆ مانەوە! کشتوکاڵ وەک پڕۆسەیەک بۆ توندوتۆڵکردنی ئەندامانی نەتەوە بە خاک و نیشتیمان. کشتوکاڵ زمانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی تایبەتە و پڕۆسەی ئینتگڕەیشتن دەباتە ئاستی باڵاوە. ئەم دۆخەی ئەمڕۆ دەیەوێت ئەوانەی کە لەم رووبەرەدا دەژین[ناوچە دابرێندراوەکان] پەرش و بڵاو و پارچە پارچەیان بکات و بیانگوازێتەوە بۆ شارەکان و بیانکات بە کرێکار تاوەکوو بیر لە نەتەوەبوون و نیشتیمان نەکەنەوە. لەڕاستیدا ئەم دۆخە بەتەواوی پچڕاندانی خەیاڵگەی نەتەوەیی و Disintegration دیسئینتیگڕەیشنە لە عیراقدا`