کۆرۆنا مەترسی بۆ ملیۆنان کەس دروستکردووە
ئەمینداری گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە لەوەى “گیانى ملیۆنەها کەس لەمەترسی دایە، ئەگەر لەبەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، جیهان هاوپشتى یەکتر نەبن، بەتایبەت لەبەرامبەر وڵاتە زۆر هەژارەکان”.
هاوکات زەنگی داواشى کردووە پەنا بۆ “خۆپارێزی ببردرێت”.
ئەنتۆنیۆ گۆتیریش، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لەرێگەى ڤیدیۆ بڵاویکردەوە رایگەیاند ” سەلمێنراوە دەکرێت ڤایرۆسەکە سنووردار بکرێت، پێویستیشە سنووردار بکرێت، چونکە ئەگەر وازمان لێنها بڵاوبێتەوە، ئەوا وەک ئاگر نێو کا تەشەنە دەکات بەتایبەت لەناوچە زۆر لاوازەکانى جیهان، ئەمەش دەبێتە هۆى گیان لەدەستدانى ملیۆنەها کەس”.
جەختى لەوەشکردەوە ” هاوپشتى جیهانى تەنها ئەرکێکى ئەخلاقی نیە، بەڵکو لەبەرژەوەندی هەمووانە”.
گووتیشى ” دەبێت ئێمە دەستبەجێ بچینە قۆناغی ئەوەى هەر وڵاتێک ستراتیژییەتى تەندروستى خۆى جێبەجێ بکات و، بچینە قۆناغی شەفافیەت، وەڵامێکى جیهانى هەماهەنگمان هەبێت، لەنێویاندا یارمەتی ئەو وڵاتانەش بدرێت کە کەمتر ئامادەسازییان تێدایە بۆ بەڕەنگاربوونەوەى ئەو قەیرانە”.
ئەمیندارى گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داواشى لەحکومەتەکان کردووە ” بەبێ هیچ مەرجێک پاڵپشتى هەمە لایەنەى لایەنەکانى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە بدەن، کە لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانی بەرێوەدەچێت”.
گۆتیریش لەپەیامەکەیدا هیمای بەوە کرد ” کارەساتێکى تەندروستى دەریخستووە ئێمە بەو ئاستە بەهێز نین”.
لەبارەى ئابوورى و دارایی ئەو سەرکردە جیهانیە دووپاتیکردۆتەوە ” پێویستە تیشکی زیاتر بخەینە سەر ئەو کەسانەى لاوازو خاوەنى کرێیە نزمەکان و کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان”.
بەبۆچوونى خۆى ” ئەوە ماناى وایە پاڵپشتى کردنى کرێ و، دڵنیاکردن و بیمەى تەندروستى و خۆپاریزییە لەماپووچبوون و لەدەست دانى کارەکان”.
لەبەشێکى دیکەشدا باسى ” پابەندیی لەدابینکردنى ئاسانکارى دارایی گونجاو بۆ وڵاتە شڵەژاوەکان” کرد، کەلەلایەن سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى و بانکى نێودەوڵەتى رۆڵى سەرەکییان لەو پرسە دەبێت.
” هاوپشتى جیهانى تەنها ئەرکێکى ئەخلاقی نیە، بەڵکو لەبەرژەوەندی هەمووانە”.
گووتیشى ” دەبێت دەستبەردارى خۆپارێزی بین، ئێستا ساتی هەڵوەشاندنەوەى بەربەشتە بازرگانییەکان و، دروستکردنى تۆڕی دابینکارییەکانە”.
تاوەکو ئێستا بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناى نوێبوو، بەلایەنى کەمەوە لەدواى دەرکەوتنى لەکانوونى یەکەمى ٢٠١٩، بووەتە هۆى گیان لەدەستدانى سەرووى ٩٨٢٧ کەس.
ژمارەى تووشبووانیش لەسەرتاسەرى جیهان ئاستێکى پێوانەیی تۆمار کردووە، بە ٢٣٢ هەزارو ٦٨٠ کەس، کەتاوەکو ئێستا لە ١٥٨ وڵات ئاشکرا کراوە، ئەمەش مەترسییەکى گەورەى بۆ زۆربەى حکومەت و جیهان دروستکردووە.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکانیش رۆژانە سەرووى هەزار کەس لەجیهان بەهۆى کۆڤید – ١٩ کە ناوە زانستیەکەیەتى گیان لەدەست دەدەن و، ٢٣٧٠١ کەسى نوێش تووش دەبن.
لەماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوو زۆرترین ئەو وڵاتانەى ئاستى پێوانەیی تۆمار دەکەن لەگیان لەدەستدان ئیتاڵیا بە ٤٢ کەس، ئیسپانیا ١٦٩ کەس، ئێرانیش بە ١٤٩ کەس بووە.
یەکەم حاڵەتى گیان لەدەست لەرۆما لەکۆتاییەکانى شوبات بووەو، کۆى گشتی قوربانییەکانیشى لەکۆى ٤١ هەزارو ٣٥ کەسی تووشبوو ٣٤٠٥ کەس بووە، لەبەرامبەریشدا ٤٤٤٠ کەس چاکبوونەتەوە.
هاوکات چین، کە ناوەندی سەرهەڵدانى ڤایرۆسەکەیە، بەبێ (هۆنگ کۆنگ و ماکاوھ ٨٠ هەزارو ٩٢٨ کەسى تووشبووى هەیە ( لەنێوان چوارشەممەو پێنجشەممەش تەنها ٣٤ کەسى نوێ چووەتە نێو تۆمارە نوێیەکانى)، بەڵام ژمارەى گیان لەدەست دراوەکانیشى ٣٢٤٥ کەس بووە (لەماوەى یەک رۆژدا تەنها ٨ کەس نوێ مردوون)، بەڵام ٧٠ هەزارو ٤٢٠ کەس چاکبوونەتەوە.
لەدوای چین و ئیتاڵیا گەورەترین زیان لێکەوتووى ئەو ڤایرۆسە ئێرانە کە لەکۆى ١٨ هەزارو ٤٠٧ کەسى تووشبوو ١٢٨٤ کەس گیانى لەدەستداوە، دواى ئەویش ئیسپانیا لە ١٢١٤٧ کەس، ٧٦٧ کەسى گیانى لەدەستداوە، فەرەنساش پاش ئەوان دێت بە ١٠٩٩٥ حاڵەت و ٣٧٢ مردن، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بە ١٠٧٠٠ تووشبوو، تەنها ١٥٤ کەسى مردووە.
لەدوو رۆژى رابردوو هەریەک لەپاکستان، کۆستاریکا، مەکسیک و تونس، یەکەم حاڵەتى گیان لەدەستدانیان بەو پەتایە ڕاگەیاند، هەروەها دوورگەى مۆریشیۆس، پرپیدۆس و زامبیا، دوورگەى فیجی، بەهاماس، سلفادۆر، نیکاراگوا، یەکەم حاڵەتى تووشبوونیان لەسەر خاکەکەیان ئاشکرا کرد.
لەسەر ئاستى کیشوەرەکانیش ئەورۆپا ١٠٣ هەزارو ٢٨٧ حاڵەتى تووشبوونى هەبووە کە ٤٩٠١ حاڵەتى مردن بووە، لەئاسیا ٩٤٢٥٣ حاڵەتى تووشبوون هەبووە، مردووەکانیش ٣٤١٧ کەس بووە، رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ٢٠٥٩٨ کەسی تووشبوو هەزارو ٣٠١ حاڵەتى مردن بووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان و کەنەدا ١١٣٢١ حاڵەت تۆمار کراوە ١٦٣ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەریکاى لاتین و کاریبی ١٧١١ کەسى تووشبوو ١٨ گیان لەدەستدراوی هەبووە، ئەفریقا ٧٧٨ حاڵەت بەرامبەر بە ٢١ مردن، ئەوقیانووسیش ٧٣٨ حاڵەت بەرامبەر ٦ مردن تۆمار کراون.
لەلایەن خۆیشیەوە بەرپرسێکى رێکخراوی تەندروستى جیهانى هۆشداری ئەوەى داوە ” ئەگەرى ئەوە هەیە لەگەڵ هاتنى وەرزی زستان، وڵاتە ئەفریقییەکان زۆرترین زیانیان لەڤایرۆسی کۆرۆنا بەربکەوێت”.
ماتشیدیسۆ مویتى، بەرێوەبەرى هەرێمایەتى ئەو رێکخراوە لەئەفریقا گووتى ” هەڵامەتى وەرزی، بەشێوەیەکى سروشتى لەباشوورو رۆژهەڵاتى ئەفریقا دەدات کاتێک پلەکانى گەرما نزم دەبن، ئەمەش مانای بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆڤید-١٩ دەبێت”.
سروشتى ئەو کیشوەرە وایە لەمانگەکانى تەمموزو ئاب، کەشوهەوا لەو ناوچانە زیاتر ساردتر دەبن.
بەڵام مویتى هیماشى بەوە کردووە ” ئەوەی تاوەکو ئێستا تێینەگەیشتوون نەخۆشى کۆڤید – ١٩ لەئامێرى هەناسەدان دەدات”.
دواى بڵابوونەوەى ڤایرۆسەکە بەسەر زەویدا، کیشوەرى ئەفریقا دوور بووە لەو مەترسییە، بەڵام لەچەند رۆژى رابردوو سەرووى ٦٠٠ حاڵەت لەنێو ٣٥ وڵات دەرکەوتن.
مەترسییەکى گەورەش هەیە لەوەى سیستەمى تەندروستى نیشتیمانى ئەفریقا ئەوەندە لاوازە، ڤایرۆسەکە زۆر بەئاسانى تێدا تەشەنە بکات.