ئێران – تورکیا کار لەسەر خنکاندنى عێراق دەکەن

پ

لەرێگەى دروستکردنى چەندین بەنداوی جۆراجۆر، هەریەک لەئێران و تورکیا قەیرانێکى مەترسیداریان بۆ عێراق دروستکردووەو، مەترسیی لەسەر ووشکبوونەوەى هەردوو رووبارى دیجلەو فورات دەکرێت.

لەهەمان کاتدا حکومەتى بەغدا سەرقاڵى دانووستاندنە لەگەڵ هەردوو دراوسێی باکوورو رۆژهەڵاتى بۆ ئەوەى ئاستى بەردانەوەى ئاو بۆ نێوخۆی وڵاتەکەى زیاتر بکات.

یەکێک لەجووتیارانى شارى بەسڕا، پاش ئەوەى پانتاییەکى گەورەى زەوییە کشتوکاڵییەکەى بەهۆى بەرزبوونەوەى رێژەى سوێری “شەتولعەرەب”، لەپارێزگاکەیان ئاماژەى بەوەداوە ” لەم چەند ساڵەى رابردوو رێژەى سوێری بەرزبوونەوەیەکى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە”.

ئەبو شاکر (لەتەمەنى حەفتایەکاندایە)، ڕایگەیاندووە ” ئەو پرۆسەیەش بەهۆى نزمی رێژەى ئاوەو، ئاوی دەریاش لەکەنداوەوە رووی لەزەوییەکانی کردووە”.

رووباری دیجلە و فورات، کەیەکەمیان ڕاستەوخۆ لەتورکیاوە بەنێو شاری موسڵ لەباکوورى رۆژهەڵاتى عێراقەوە بەتایبەت لەگووندی فیشخابوور دێتە نێو ئەو وڵاتەو، درێژییەکەشى لەسنوورى ١٧١٨ کیلۆمەترە، کە ١٤٠٠ کیلۆمەترى لەنێو خاکی عێراقدایە.

رووبەرووى کشتوکاڵى لەعێراق لە ١٥ ملیۆن دۆنمەوە بۆ سنوورى سێ ملیۆن دۆنم دابەزیوە

هاوکات رووبارى فورات، لەهەمان سەرچاوەى رووبارى یەکەمەوە بەرەو سووریا، پاشان بەرەو ناو خاکی عێراق دێت، کەئەویش درێژییە گشتیەکەشى ٢٩٤٠ کیلۆمەترە، کەزۆربەى لەنێو خاکی تورکیایەو، پشکى عێراقیش لەو رووبەرە تەنها ١١٦٠ کلیۆمەترە.

هەردوو رووبارەکەش لەناوچەى گرمە بەیەک دەگرنەوەو، دەریاچەى شەتولعەرەبی پارێزگاى بەسڕا لەباشوور دروست دەکەن.

ئەبو شاکر لەو بارەیەوە دەشڵێت ” من و خێزانەکەم و برازاکانم ناچاربووین زەوی و ماڵمان جێبهێڵین، زەوییەکانمان هەمووی بوونە ووشکانی و، دارە خورمانەکانى کە باشترین جۆر بوون لەناوچوون”.

ئەنکەرا وەک فشارێکى سیاسی چەندین ساڵە، چەکی ئاوی دژى عێراق و، بەمدواییانەش دژى کوردەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریا (رۆژئاوا) بەکارهێناوە، بۆ ئەوەى ملکەچی سیاسەتەکانى خۆیانى بکات.

لەلایەن خۆیەوە مەهدی حەمدانى، وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانى حکومەتى بەغدا هیماى بەوە کردووە ” رێژەى بەردانەوەى ئاو لەهەردوو وڵات بەسەدا پەنجا کەمی کردووە”، هۆکارەکانیشى بۆ دروستبوونى چەندین بەنداو و، پرۆژەیە لەسەر رێڕەوی رووبارى دیجلەو فورات.

حەمدانى لەچاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى فرانس پرێس جەختى لەوە کردەوە ” وەزارەتەکەیان کارى لەسەر دانانى ستراتیژییەتێک بۆ هەڵسەنگاندنى ڕەوشى عێراق لەکەیسى ئاو”، بەگووتەى خۆیشی ستراتیژییەتەکە تا ساڵى ٢٠٣٥ بووە، کە هەموو سیناریۆیە خراپەکانى خستۆتەروو.

ئەو وەزیرە سووریش بووە لەسەر ئەوەى “پێویستە ئاو بەلایەنى کەمەوە بەتەواوی دابین بکرێت”.

سوێربوونى رووبارەکە زیانى بەکشتوکاڵى گەیاندووە

یەکێک لەو چارەسەرانەى وەزارەتە عێراقییەکە خستوویەتى روو ” کەمکردنەوەى رێژەى سوێری ئاوی بەسڕایەو، هەروەها دابین کردنى بۆری نوێ و، دروستکردنى بەنداوی نوێ لەپارێزگاکانى سەڵاحەددین و کەرکوک”.

تورکیا لەساڵى ١٩٥٤ بیروکەى دروستکردنى بەنداوی ئەلیسۆی زەبەلاح داڕشت، کەئەوکات و ساڵانى دواتریش بووە جێی نیگەرانى بەغداو دیمەشق، بەڵام لەساڵى ١٩٩٧ خرایە نێو پلانی نیشتیمانى ئەو وڵاتە.

لەسەردەمى دەسەڵاتدارێتى سەددام حوسێن (١٩٧٩ – ٢٠٠٣)، بەروونى دژایەتى بۆ دروستکردنى ئەو بەنداوە دەکراو، ناکۆکییەکانی هەردوو پایتەخت لەپێکدادان نزیکبوویەوە، بۆیە ئەنکەرا بەشێوەیەکى کاتی دروستکردنى بەنداوەکەى، تا لە ٥ ئابی ٢٠٠٦ بەردی بناغەى ئەو بەنداوە دانراو، تا ٢٠١٨ بەشێوەی فەرمیی تەواوبوون.

وەزیرەکەى عێراق ئاشکراشی کردووە ” ئەو دوو بەنداوەى بەنیازن دروستى بکەن، گەورەترین بەنداون لەدواى ٢٠٠٣”.

ئەمەش لەکاتێکدایە عێراق خاوەنى ١٧ بەنداوی ئاوییە، کەشەشیان لەسەر رووبارى فوراتەو، ئەوانى دیکەش لەسەر رووبارى دیجلەن، گەورەترینیان بەنداوی موسڵە، کەتواناى عەمبار کردنى ١١,١١ ملیار سێجای ئاوی هەیە.

عێراق لەدواى ٣٠٠٣ـەوە، بەهۆى خراپی بۆڕییەکانى گواستنەوەى ئاو و، بەنداوەکان و، وێستگەکانى کارەباوە دەناڵێنێت.

ساڵانى ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٣٠ ئەگەرى ئەوە هەیە ئاوی خواردنەوەیان دەست نەکەوێت

بەڵام لەدواى ٢٠١٤ ـەوە، حکومەتى بەغدا سەرقاڵى بەڕەنگاربوونەوەى گرووپی داعشی تیرۆریست بووەو، ڕاستەوخۆش کاریگەرى لەسەر پرۆژەکانى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان کردووە، کەدواتر داڕمانى نرخەکانى نەوت لەبازاڕەکانی جیهان، کەتاکە سەرچاوەى داهاتی نەختینەى ئەو وڵاتەیە پرۆسەکەى ئاڵۆزتر کرد.

پاش ٢٠١٨ بەهۆى ژەهراوی بوونى سەرووى ٢٤ هەزار کەسى دانیشتووانى بەسڕا، دیسان پرسی ژەهراوی بوونى ئاوەکان لەو وڵاتە سەریهەڵدایەوە بەبێ ئەوەى چارەسەرێکى ریشەییش بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە.

لەبارەى رێکەوتنەکانى عێراق و ئێران لەپرسی ئاودا، حەمدانى دەڵێت ” عێراق و ئێران رێکەوتننامەى جەزائیری ساڵى ١٩٧٥ یان هەیەو، کۆمەڵێک پرۆتۆکۆلی تایبەت بەئاوی تێدایە”، بەبۆچوونى خۆیشی کار لەسەر کارا کردنەوەى ئەو رێکەوتننامەیە دەکەن.

لەماوەى رابردوو وەزارەتەکەى بەغدا ئامارێکى لەبارەى دابەزینى رێژەى ئاوی بەنداوی دەربەندیخان و دوکانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردۆتەوە، کە “لە ٤٥ سێجا بۆ حەوت مەتر سێجا لەچرکەیەکدا دابەزیوەو، لەهەندێک شوێنیش بووە دوو مەتر سێجا لەچرکەیەدا”.

بەڵام سەرۆکى یەکێتى هەرەوزەى جووتیارانى دیوانیە بۆچوونێکى جیاوازتری لەو پرسە هەیەو، دووپاتیدەکاتەوە ” تورکیا لەهەر چرکەیەک بێت، جەنگی ئاو بەبێ گەڕانەوە عێراق ڕادەگەیەنێت”.

مەحمەد جەلیحاوی، باس لەوە دەکات ” لەماوەى دوو ساڵدا رووبەرووى کشتوکاڵى لەعێراق لە ١٥ ملیۆن دۆنمەوە بۆ سنوورى سێ ملیۆن دۆنم دابەزیوە”.

پێشبینى ئەوەشى کردووە ” لەساڵانى ٢٠٢٥ بۆ ٢٠٣٠ ئەگەرى ئەوە هەیە ئاوی خواردنەوەیان دەست نەکەوێت، چونکە ئەنکەرا هیچ بژاردەیەکى لەبەردەم حکومەت جگە دانووستاندنى ئابوورى نەهێشتۆتەوە”.

هەندێک هاوشێوەى بیروکەکەى سەرۆکى پێشووتری عێراق نەوت بەرامبەر ئاوی پێشنیار کردووە، بەهەمان شێوەى بەرنامەى نەوت بەرامبەر خۆراک و دەرمانى ساڵانى نەوتەکان، کاتێک بەغدا لەژێر ئابلووقەى ئابووری دابوون.

بەڵام بەغدا کاتێکى زۆرى لەبەردەم نەماوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان دانیشتووانى عێراق کەژمارەیان نزیکەى ٤٠ ملیۆن کەسە، ٧١ ملیار مەتر سێجا ئاو بەکار دەهێنن، بەڵام لەساڵى ٢٠٣٥ ئەگەرى ئەوە هەیە ژمارەى دانیشتوان بگاتە ٥٠ ملیۆن کەس، بەڵام ئاوى بەردەستیان بۆ خوار ٥١ ملیار مەتر سێجا لەسالێکدا بەردەست دەکەوێت.